بەرشەلۆنە دیارییەكی بۆ كریسمس هەیە

:: AM:09:55:08/12/2016 ‌

سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە دیارییەكی بەنرخیان بۆ هەوادارانی یانەكەیان لەسەرتاسەری جیهان هەیە بەبۆنەی سەری ساڵ و یادەكانی كریسمسەوە.

جۆسیپ ماریا بارتومیۆی سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە لە چاوپێكەوتنێكدا باسی لەو دیارییە تایبەتییەی كریسمس بۆ هاندەران كرد و رایگەیاند كە دیارییەكە برێتییە لە درێژكردنەوەی گرێبەستەكەی لویس سوارێزی هێرشبەری ئۆرگوایی.

سوارێز لە هاوینی 2014 لە یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزییەوە پەیوەندی بە یانەی بەرشەلۆنەوە كرد، ئەو هێرشبەرە لەگەڵ دوو ئەستێرەكەی تر لیۆنێل میسیی ئەرجەنتینی و نیمار دا سیلڤای بەڕازیلی ئاستێكی ناوازەیان پێشكەش كردووە و ئێستا بە مەترسیدارترین هێڵی هێرشبەر لەسەرتاسەری جیهان دادەنرێن.

بارتومیۆ گوتی: سوارێز گرێبەستەكەی لەگەڵمان نوێ دەكاتەوە و تەنیا چەند خاڵێكی بچووك ماوە بۆ ئیمزاكردنی گرێبەستێكی نوێ تا ساڵی 2022.

زیاتر گوتی: لەم چەند رۆژەی داهاتوودا بەفەرمی نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی سوارێز رادەگەیەنین و دەبێتە دیارییەكی بەنرخیش بۆ هەوادارانی یانەی بەرشەلۆنە بۆ یادەكانی كریسمس و سەری ساڵ.

سوارێز لەیەكەم وەرزی یاریكردنیدا لەگەڵ یانەی بەرشەلۆنە هەرسێ ناسناوە گەورەكەی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا، خولی ئیسپانیا و جامی جیهانی یانەكانی بردەوە، وەرزی رابردووش هەردوو ناسناوی خولی ئیسپانیا و جامی شای ئیسپانیای بەدەستهێنا، هەروەها وەرزی رابردووش بە باشترین گۆڵكاری خولە گەورەكانی ئەوروپا دەستنیشان كرا و خەڵاتی پێڵاوی زێڕینی پێدرا.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م