چاندنی حەشیشە ئابووری لبنان لە داڕووخان رزگار دەكات؟

:: PM:07:42:22/07/2018 ‌

بەیاساییكردنی چاندنی رووەكی حەشیشە یان (قنەبی هیندستان)ی كە یەكێكە لە پێشنیازەكانی كۆمپانیای ماكینزی ئەمەریكایی بۆ پەرەپێدانی ئابووری لبنان، لەلایەن بەیرووتەوە بە ئەرێنی وەڵامی درایەوە و لیژنەیەكی شارەزایان بۆ ئامادەكردنی پڕۆژەیاسایەك پێوەست بەو بابەتە و بە یاساییكردنی چاندنی ئەو رووەكە هاتە راسپاردن، بەڵام لەسایەی ئەو دۆخە سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییە تەنگژاوییەی لبنان، یاساكە چۆن جێبەجێ دەكرێت؟. 

مەبەستی دەركردنی یاسایەك لەو بارەوە لەلایەن پەرلەمانی لبنان بۆ بەكارهێنانی ئەو رووەكەیە بۆ مەبەستی پزیشكی، ئەوەیش لە چوارچێوەی هەوڵە فەرمییەكان بۆ برەودان بە ئابووری خراپی لبنان كە كۆمپانیایەكی راوێژكاری جیهانی راسپێردراو بۆ دانانی پلانێك بۆ پەرەپێدانی ئابووری لبنان پێشنیازی بەیاساییكردنی چاندنی حەشیشەی كرد بۆ بەكارهێنانی پزیشكی كە پێش چەند دەیەیەك چەندان ملیۆن دۆلاری داهات هەبوو بەر لەوەی دەسەڵاتی لبنان بەتاوانی حسێب بكات، بەڵام بێ ئەوەی تەواو بنەبڕی بكات.

نەبی بەری, سەرۆكی پەرلەمانی لبنان دوای دیدارێكی لەگەڵ ئەلیزابێس ریچارد، باڵوێزی ئەمەریكا لەو وڵاتە پێی راگەیاند كە خەریكی ئامادەكردن و دەركردنی یاسای پێویستن بۆ بەیاساییكردنی چاندنی حەشیشە و بەرهەمهێنانی بۆ مەبەستی پزیشكی بە هاوشێوەی چەندان دەوڵەتی ئەوروپایی و ژمارەیەك ویلایەتی ئەمەریكا.  

حەشیشەی لبنانی كە بەجۆرە باشەكەی ناسراوە، لە جەنگی ناوخۆیی 1975-1990 پیشەسازییەكی فرەوان بوو و چەندان ملیۆن دۆلار داهاتی هەبوو، دوای جەنگەكەیش دەوڵەتی لبنان دەستی كرد بە هەڵمەتی لەناوبردنی ئەو كشتوكاڵە و شوێنگرەوەی بۆ دیاریكردن، بەڵام جێبەجێ نەبوو.

یاسای لبنان سزای زیندانی بۆ هەر كەسێك دەردەكات كە بازرگانی بە حەشیشەوە بكات، لەو كاتەی چەندان بازرگانانی حەشیشە خۆیان لە چەند ناوچەیەكی بیقاع حەشار داوە و بە بەردەوام لەلایەن دەزگاكانی پێوەندیداری حكوومەتی لبنان راوەدوو دەنرێن و فرمانی گرتنیان بۆ دەردەچێت.  

رووەكی حەشیشە لە وەرزی بەهاردا دەچێنرێت و لە مانگی سێپتێمبەر/ ئەیلوول بەرهەمەكەی لێ دەكرێتەوە و لەژێر تیشكی خۆر بۆ ماوەی سێ رۆژ وشك دەكرێتەوە، بەر لەوەی سارد ببێتەوە ئینجا دەكوترێت یان دێتە هاڕین.  

دۆخی ئابووری لبنان لە 2011ەوە بەرەو داڕووخانێكی بەهەنگاو دەچێت بەهۆی چەقبەستیی سیاسی و دابەشبوون لەبارەی چەندان دۆسیەی ناوخۆییەوە، هەروەها ململانێكانی سووریا تەنگژەی ئابووری لبنانی قوڵتر كردەوە بەهۆی لێشاوی ئاوارەكانی سووریایی بۆ لبنان كە ئێستەیش ملیۆنێكیان لەناو لبنان دەژین، لەو كاتەی لبنان لە پلەی سێیەم دێت لە وڵاتانی زیاترین قەرزداری جیهان و لە ماوەی حەوت ساڵی رابردوویش كورتهێنانی دارایی ئەو وڵاتە هەڵكشاوە و چاوەڕوان دەكرێت لە 2.3 ملیار دۆلارەوە لە 2011 بۆ 4.8 ملیار دۆلار لە 2018 بەرز ببێتەوە.

حەشیشە بەتایبەتی لە ناوچەی بەعلەبەگی هرمەل لە دەشتی پارێزگای بیقاع لە باكوری لبنان دێتە چاندن كە ئەو ناوچەیە مێژووی هەیە لە چاندنی حەشیشە هەر لە 1975ەوە تا ئێستەیش كە ناوچەكە ساڵانە سەتان تۆن حەشیشەی (كیف) بەرهەم دێنێت و بۆ زۆرینەی وڵاتانی دنیای رەوانە دەكات لەوانە ئەوروپا و هەردوو ئەمەریكا، ئەوەیش بەهۆی باشی بەرهەمەكەیەوە. 

هەر دۆنمێك زەوی چێنراو بە حەشیشە بە نرخی 10-15 هەزار دۆلاری ئەمەریكایی دەفرۆشرێت، بەڵام ئەو كاتانەی دەزگا تەناهییەكان دەست بە قەڵاچۆكردنی چێنراوەكە دەكەن و بەرهەمەكە لە بازاڕەكان كەم دەبێتەوە و نرخەكەی بۆ 30 هەزار دۆلار بەرز دەبێتەوە.

بەپێی ئابووریناسەكان چاندنی حەشیشە ئەگەر بەیاسایش رێك بخرێت بەرێژەی 0.5% لە كۆی بەرهەمی ناوخۆیی كاریگەری دەبێت، لەو بارەوە ئیلی فرزەلی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی لبنان دەڵێت، كارەكان بۆ بەیاساییكردنی چاندنی حەشیشە لە ناوچەی بەعلەبەگ هرمەل ئاماژەیەكە بەوەی ئاراستەیەكی ناودەوڵەتی هەیە بەوەی چاندنی حەشیشە كارێكی رێگە پێدراوە و ئەگەر چاندنەكە بۆ مەبەستی پزیشكی و تەندروستی و دەرمانەوە بێت، سوودی ئەرێنی هەیە.  

زیاتر دەڵێت، ناوچەی بەعلەبەگ-هرمەل لە رووی ئابوورییەوە دەناڵێنێت و پێویستی بەو جۆرە چاندنە هەیە بۆ دابینكردنی داهات بۆ دانیشتوانی بۆ ئەوەی بتوانن بژین و كار لە خاكەكەیان بكەن، هەروەها كۆچكردنی گەنجان بۆ شار كێشەی گەورەی دروست كردووە، بۆیە ئەگەر چاندنی حەشیشە لە ناودەوڵەتی و ناوخۆییشەوە رێگەپێدراو بێت، كاریگەرییەكی ئەرێنی بۆ سەر ئابووری لبنان دەبێت، بۆیە بۆ دەركردنی یاساكە پەرلەمان چاوەڕوانی پێكهاتنی حكوومەت دەكات و دواخستنیشی كارێكی باش نییە.

دكتۆر وەلید ئەبو سلێمان، شارەزای ئابووری لەو بارەوە دەڵێت، بەیاساییكردنی چاندنی حەشیشە بە پلەی یەك كەرتی كشتوكاڵ بەهێز دەكات و هەلی كار دابین دەكات و داهاتی جووتیاران و دەوڵەت زیاد دەكات، تەنانەت ئەوەندەیش بەس نییە بەڵكو پێویستە پلانێكیش هەبێت بۆ رێگرتن لە گەندەڵی، بەتایبەتی دوای ئەوەی قەبارەی قەرزی گشتیی لبنان گەیشتووەتە 82 ملیار دۆلار. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل