عەلی عەلاق: عەبادی كاندیدی حزبی دەعوەیە و مالیكیش رۆڵی دەبێت

:: PM:09:04:22/07/2018 ‌

لەبەرانبەر دوورخستنەوەی موقتەدا سەدر لە پێكهێنانی حكوومەتی نوێ، نووری مالیكی سازش لە پۆستی سەرۆك وەزیران بۆ حەیدەر عەبادی دەكات. سەركردەیەكی هاوپەیمانی نەسڕیش پلانەكە پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێ، هەوڵەكان بۆ رازیكردنی پارتی و یەكێتی بەردەوامە، بەڵام عەلی سیستانیش رۆڵی گەورەی دەبێت لە دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیران.

سەركردەیەكی هاوپەیمانی نەسڕ بە سەرۆكایەتیی حەیدەر عەبادی ئاشكرای دەكات كە نووری مالیكی، سەركردەی حزبی دەعوە و هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، رەزامەندی پێشانداوە بۆ ئەوەی سازش لە ململانێی وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی بۆ حەیدەر عەبادی ئەندامی سەركردایەتی حزبەكەی بكات بەو مەرجەی عەبادی هاوپەیمانیەتی لەگەڵ هاوپەیمانی سائروون گرێ نەدات.

عەلی عەلاق، سەركردە لە هاوپەیمانی نەسڕ هێمای بۆ ئەوەیش كرد كە مالیكی و عەبادی زۆر لەیەك نزیك بوونەتەوە و گەیشتوونەتە جۆرێك لە لێكگەیشتن كە عەبادی بكرێتەوە بە سەرۆك وەزیران، بە بەستنی هاوپەیمانیەتی لەنێوان هاوپەیمانی نەسڕ و دەوڵەتی یاسا و فەتح وەك سێ لایەنی شیعە، بۆ پێكهێنانی لیستی گەورەی پەرلەمانیش كە دواتر حكوومەت پێك بێنێت، ئەوا لەگەڵ پارتی و یەكێتی وەك دوو هێزی سەرەكیی كوردی و هەندێك لایەنی تری سوننە رێككەوتن بكەن.

لەبارەی دووبارەبوونەوەی سیناریۆی دوورخستنەوەی ئەیاد عەلاوی، سەركردەی هاوپەیمانی نیشتمانی لە هەڵبژاردنی 2010 كاتێك براوەی هەڵبژاردن بوو، بەڵام شڕۆڤەكارانی دەستووری دەقێكی دەستووریان وەها لێك دایەوە كە لیستی گەورە دەبێت لەناو پەرلەمان بێت نەك براوەی هەڵبژاردن، بەمەیش نووری مالیكی بە پشتگیری لیستە شیعەكانی تر، لیستی گەورەی پەرلەمانیان پێك هێنا.

هەوڵەكانی مالیكی شكستی هێنا لەوەی حكوومەتی زۆرینەی سیاسی دروست بكات، بەڵام پێ دەچێت پشتگیری لە مانەوەی عەبادی بكات دژ بە موقتەدا سەدر، سەركردەی هاوپەیمانی سائروون كە براوەی هەڵبژاردنە، تەنانەت ئەگەری هەیە لە هاوكێشەی پێكهێنانی حكوومەت دوور بخرێتەوە.

لەمبارەیەوە، سەركردەكەی هاوپەیمانی نەسڕ کە دیمانەی لەگەڵ رۆژنامەی "قودس" كردووە، لە ماوەی نزیكی رابردوو گۆڕانكاری زۆر رویانداوە و لیستەكانیش بۆچوونەكانیان گۆڕدراوە.
عەلاق كە سەركردەیە لە حزبی دەعوە گوتی، "دەرگای هاوپەیمانی نەسڕ بۆ هەمووان كراوەیە، نامانەوێت هیچ لیستێك جێ بهێڵدرێت". ئاشكرای كرد، سەدر و عەبادی لەسەر هەشت خاڵ وەك بەرنامەی هاوبەش رێككەوتوون، ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە هەندێك لیستی تر پرسی رێككەوتن و بەستنی هاوپەیمانیەتییان بۆ دوای راگەیاندنی هەژماركردنەوەی دەنگەكان بەدەست جێهێشتووە.

"رێككەوتن هیچ پێوەندی بە هەژماركردنەوەی دەنگەكان نییە، ئەوە نییە ئەنجامەكان هەمووی وەك یەكە، بۆیە گرنگە هەوڵەكان بەردەوام بن بۆ پێكهێنانی لیستی گەورە و هێوركردنەوەی شەقام". عەلی وای گوت، ئەوەیشی خستەڕوو كە هاوپەیمانی نەسڕ دەرگای بۆ هەموو لیستەكانی تر كراوەیە بۆ پێكهێنانی لیستێكی نیشتمانی راستەقینە.

ئەو ئەندامەی حزبی دەعوە گوتی "هیچ پێ ناچێت حكوومەتی داهاتوو وەك ئەو حكوومەتەی ئێستە بێت، تەنانەت هاوپەیمانیەتییەكانیش لەسەر بنەمای تایفی نابن، بەڵام دوای ئەوەی سەركردە سوننەكان رایان گەیاند بەنیازن هاوپەیمانیەتییەكی سوننە پێك بێنن، لایەنەكانی تری ناچار كرد بەخۆیاندا بچنەوە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانی تایفی لەسەر بنەمای شیعی یان كوردی".

هەوڵەكانی گەڕانەوە بۆ پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی لەسەر بنەمای تایفەگەرایی لە كاتێكدایە ناكۆكی لەنێوان هێزەكانی ناو هەر سێ پێكهاتە هەن.

عەلاق لەبارەی ناكۆكییەكانی ناو ماڵی شیعە دەڵێ لەناو شیعەدا ناكۆكی كەمترە، چونكە بەشی زۆری ناكۆكییەكان لەسەر ئەوەیە كێ دەبێتە سەرۆك وەزیران، بەڵام لای سوننەكان زیاترە كاتێك ململانێ لەسەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەكەن.


روونی كردەوە، لەناو شیعەدا ئاراستەكان بۆ ئەوە دەچن عەبادی بكرێتەوە سەرۆك وەزیران، بەڵام لیستەكانی تریش مافی خۆیانە كاندیدیان هەبێت، هەروەك هاوپەیمانی عەبادی نەسەپاندووە كە دەبێت سەرۆك وەزیرانی داهاتوو بێت، بەڵكو كاندیدی كردووە، خۆیشی لە ئاستی ناوەخۆ و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیش قبووڵ كراوە، ئەمە جگە لە رای مەرجەعیەت كە عەلی سیستانی نوێنەرایەتی دەكات و پشتگیری لە عەبادی دەكات". زیاتر گوتی، "هەمووان دەزانن كە سیستانی رۆڵێكی بنەڕەتی هەیە لە دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیران، هەروەك لە خولەكانی رابردوویش رۆڵی هەبووە".

لە بارەی ناكۆكییەكانی نێوان مالیكی و عەبادی كە بە دوو لیستی جیاواز بەشداریان لە هەڵبژاردن كرد تا دواتر یەك بگرنەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی پڕۆژەی سیاسییان جیاواز بوو بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بوون بە نەیاری یەكتری.
ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی نەسڕ ئاشكرای دەكات كە بەردەوام مالیكی و عەبادی یەكتری دەبینین و دوا كۆبوونەوەشیان بە ئامادەبوونی هادی عامری بوو، گوتی "مالیكی خۆی گوتوویەتی كە خۆی بۆ پۆستی سەرۆك وەزیران كاندید ناكات، وەك هاوپەیمانی دەوڵەتی یاساش كاندیدیان نابێت، كەواتە ئێستە تەنیا عەبادی كاندیدی حزبی دەعوە و هاوپەیمانی نەسڕە"، زیاتر گوتی "مالیكی رۆڵی دەبێت لە دەستنیشانكردنی سەرۆك وەزیرانی داهاتوو، بەڵام هێشتا پرسی یەكگرتنەوەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و نەسڕ قسەی لەسەر نەكراوە ئەگەرچی گفتوگۆ لەنێوان هەردوولا هەن".




وشە - فه‌رمان سادق