قایمقامی هەولێر لەسەر هێرشكردنە سەر باڵەخانەی پارێزگا دەدوێت

:: AM:10:01:23/07/2018 ‌
بەیانی ئەمڕۆ دوو چەكدار هێرشیان كردە سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر و بەگوتەی قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، ڕەوشەكە ئارامە و پێویست بە ترس ناكات.

ئەمڕۆ دووشەم 23ـی تەمووز/ یۆلیۆ، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دڵنیایی بە هاووڵاتییانی شاری هەولێر دەدەین كە ئێستە دۆخەكە كۆنتڕۆڵ كراوە و هێزە تەناهییەكان لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی دۆخەكە بە تەواوەتی نزیك دەبنەوە.

قایمقامی هەولێر گوتی، ئەو هێرشە لە سەعات حەوت و 10 خولەك ڕووی داوە و زانیاری زیاتر دواتر هێزە تەناهییەكان بڵاوی دەكەنەوە.

هاوكات سەرچاوەیەكی تەناهی بۆ "وشە" گوتی، هێزە تەناهییەكان ئێستە چوونەتە ناو بینایی پارێزگای هەولێر و بەشێكی زۆریان كۆنتڕۆڵ كردووە.

پارێزگای هەولێر لە باشـووری كوردستان ژمارەی دانیشتووانی ئەم شارە بەپێی مەزەندەی ساڵی 2018ی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 10 هەزار و 750 هاووڵاتییە و پایتەختی هەرێمی كوردستانە.

ناوەندی شاری هەولێر بە ‌دووریی 350 كم دەكەوێتە ‌باكوری بە‌غدای پایتەختی عێراق  و ڕووبەری گشـتی سەنتەری شاری هەولێر (1034)كم2 كە دەكاتە ڕێژەی (8,8%) ڕووبەری پارێزگای هەولێر، بەپێی خشتەی ساڵی 2009 پارێزگاكان.

شاری هەولێر بە یەكێك لە كۆنترین شارەكانی دنیا دێتە ژمار كە مێژووی بنیاتنانی دەگەڕێتەوە بۆ نۆ هەزار ساڵ پێش زاین لە نووسراوەكانی پادشای سۆمەری، سۆلكی ناونراوە بە ئوربیلم، لە نووسراوەكانی بابلی و ئاشووری بە ئەربائیلۆ ناو دەبرا، كە بە مانای چوار خواوەند دەهات، لە سەردەمی بابلی شوێنی پەرستنی عەشتار بووە. 

بەشێوەیەكی فەرمی ساڵی 1858ز شارەوانی هەولێر دامەزرا و لە ساڵی 1913 یەكەم شەقام لە ناو شاری هەولێر قیرتاو كراوە و لە ساڵی 1928 یەكەم یانەی فەرمانبەران لە هەولێر كراوەتەوە، ساڵی 1932 بۆ یەكەمجار كارەبا گەیشتە شاری هەولێر.



وشە - رامیار جەواد