دژە تیرۆری سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان ناوی ئەو سێ تیرۆریستەی ئاشكرا كرد، ئەمڕۆ هێرشیان كردە سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر و شوێن و ناو و تەمەن و زانیاری وردیان لەسەر بڵاو دەكاتەوە.
پەڕەی فەرمی دژە تیرۆری سەر بە ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، ئەو سێ چەكدارەی هێرشیان كردە سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر، كوردن و دانیشتووی شاری هەولێرن.
ئاماژەی داوە، بەگوێرەی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان ئەو سێ تیرۆریستە خەڵكی هەرێمی كوردستان و دانیشتووی گەڕەكی قەڵاتی نوێی شاری هەولێرن، ناوەكانیشیان "ڕەهێل محەمەد ڕۆستەم مووسا لە دایكبووی 2002، بیلال سلێمان عەبدولڕەحمان ئەحمەد لە دایكبووی ساڵی 2000.
سێیەم تیرۆریستیش ناوی "عەبدولڕەحمان رەحیم قادر حوسێنە و لە ساڵی 2002 لە دایكبووە و هەرسێ تیرۆریستەكەیش قوتابی بوون و لە قۆناغی ئامادەیی خوێندوویانە.
بەیانی ئەمڕۆ دووشەم سێ تیرۆریست هێرشیان كردە سەر باڵەخانەی پارێزگای هەولێر و توانیان بچنە ناو باڵەخانەكە و ژمارەیەك كارمەند بە بارمتە بگرن، بەڵام هێزەكانی ئاسایش و پۆلیس و هێزە تەناهییەكانی شاری هەولێر هەر زوو توانیان لە هەموو لایەكەوە گەمارۆیان بدەن و دواتر هەرسێكیان كوژران.