كه‌سایه‌تییه‌كی دیاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان په‌رده له‌سه‌ر كێشه ناوخۆیییه‌كانى بزووتنه‌وه‌كه‌ی لا ده‌دات و رای ده‌گه‌یه‌نێت كه گرووپێكی گه‌نج هه‌ن فشار ده‌خه‌نه سه‌ر كوڕه‌كانى نه‌وشیروان مسته‌فا و دژایه‌تى قادری حاجی عه‌لی و زۆر له سه‌ركرده‌كانى تر ده‌كه‌ن.
عومه‌ر عینایه‌ت په‌رله‌مانتاری بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له كوردستان له‌م دیمانه تایبه‌ته‌دا له‌گه‌ڵ "وشه" ئاشكرای ده‌كات كه به‌شێك له كێشه‌كانى گۆڕان هی سه‌رده‌می نه‌وشیروان مسته‌فا بوون، له‌وانه تاپۆی گرده‌كه و كۆمپانیاى وشه و پشكی گۆڕان له كارگه‌ى چیمه‌نتۆ كه به‌ناوی نه‌وشیروان مسته‌فاوه بوون، دواى گیان له‌ده‌ستدانى رێكخه‌ری گشتى، ئه‌و كێشانه جارێكی تر زه‌ق بوونه‌وه، ئێسته‌یش دۆخه‌كه به ئاستێك گه‌یشتووه كه ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كرێن، مه‌ترسی گه‌وره به‌سه‌ر گۆڕانه‌وه جێ ده‌هێڵێت.
به‌مدواییه باس له كێشه‌كانى ناوخۆی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌كرێت، وه‌ك په‌رله‌مانتارێك ئه‌وه‌نده‌ی ئاگادار بیت سروشتى كێشه‌كان چین؟
وه‌ك عومه‌ر عینایه‌ت ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر كێشه‌كانى ناو بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بكه‌م، ئه‌وا كێشه‌كان ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ سه‌رده‌می كاك نه‌وشیروان، كاتێك كاك نه‌وشیروان هێشتا له ژیاندا بوو ئه‌و كێشانه هه‌ر هه‌بوون. كاتێك كاك نه‌وشیروان جڤاتى گشتى دروست كرد و بڕیاری دروستكردنى خانه‌ى راپه‌ڕاندنى دا، ژماره‌یه‌ك له‌و به‌رپرسانه‌ى له‌ناو یه‌كێتییه‌وه هاتبوونه ناو گۆڕان، ناڕازی بوون وه‌ك كاك سالار عه‌زیز و كاك قادری حاجی عه‌لی و كاك عوسمانی حاجی مه‌حموود و مام رۆسته‌میش، دواى دوو ساڵ دووركه‌وتنه‌وه‌یان كاك نه‌وشیروان چه‌ند كه‌سێكی راسپارد سه‌ردانیان بكات، یه‌كێك له‌وانه من بووم، دواى گه‌ڕانه‌وه‌ی كاك قادری حاجی عه‌لی ورده ورده كێشه‌كان تا كۆنگره چاره‌سه‌ر كرا، جگه له كاك سالار عه‌زیز نه‌بێت.
دواى وه‌فاتی كاك نه‌وشیروان جارێكی تر ئه‌و كێشانه زه‌ق بوونه‌وه، به‌تایبه‌ت پرسی موڵكی گۆڕان كه خۆی له گرده‌كه و كۆمپانیاى وشه و سوپه‌ر ماركێتى میترۆ و پشكی گۆڕان له كارگه‌ى چیمه‌نتۆی گاسن، قسه‌یان له‌سه‌ر كرا كه دراون به كوڕه‌كانى كاك نه‌وشیروان، بێگومان كۆمپانیاى وشه به‌ناوی كاك نه‌وشیروان خۆی بوو، به‌مه‌ش راسته‌وخۆ ده‌بێته پشك و بۆ نه‌وه‌كانى جێ ده‌مێنێت.
ئه‌گه‌رچی كاك سالار كه پێوه‌ند به‌و باسه ده‌ڵێ پێشتر له‌گه‌ڵ كاك نه‌وشیروان قسه‌ى له‌سه‌ر موڵكی گۆڕان كردووه، وه‌ڵامی دروستم ده‌ست نه‌كه‌وتووه، ئه‌مه‌ش یه‌كێك بوو له هۆكاره‌كانى زویربوونى له كاتى خۆیدا، ئیتر كێشه‌كان دواى هه‌ڵبژاردنى 12ی ئایاری په‌رله‌مانى عێراق زیاتر ته‌شه‌نه‌ی كرد، به تایبه‌ت دوای دزینى ده‌نگه‌كان، جارێكی تر بابه‌ته‌كه‌ی هێنایه پێشه‌وه، له‌ملاشه‌وه هه‌ندێك له‌وانه‌ى ناویان له خۆیان ناوه گه‌نجه‌كان و خۆیان پێ رۆشنبیره كه به‌شێكیان بیركردنه‌وه‌یان هی چاخه‌كانى ناوه‌ڕاسته، هانى كوڕه‌كانى نه‌وشیروان مسته‌فایان داوه بۆ ئه‌وه‌ى كۆنتڕۆڵی سه‌رمایه و میدیای گۆڕان بكه‌ن، ئه‌مه‌ش كاك عوسمان و كاك قادری حاجی عه‌لی نیگه‌ران كرد كه سه‌رپه‌رشتى هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردنه‌كانیان ده‌كرد، له‌و كاته‌وه تا ئه‌مدواییه‌ش سه‌ردانى گرده‌كه‌یان نه‌كردووه، ئه‌گه‌رچی كاك عومه‌ر سه‌ید عه‌لی سه‌ردانی كردن، به‌ڵام ئه‌وا نه‌گه‌ڕانه‌وه.
خۆشت ده‌زانی هه‌ندێك له‌ژێر ناوی هیچم بۆ نه‌كراوه له‌ناو یه‌كێتى، هاتنه ریزی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان، به‌شێكیان زوو گۆڕانیان جێ هێشت و نه‌یانتوانی پابه‌ندی بنه‌ماكانى دروستبوونى بزووتنه‌وه‌كه بكه‌ن، له‌وانه به‌شێكیان له په‌رله‌مانى عێراق و به‌شێكیان له په‌رله‌مانى كوردستان په‌رله‌مانتار بوونه، به‌شێكیان به‌رپرسیارێتییان هه‌بووه، به‌ڵام ئێسته خۆیان به گۆڕان نازانن یان چوونه‌ته حزبی تر، ده‌بێت بزانین گۆڕان نه‌یزانیوه ده‌ستنیشانیان بكات یان ئه‌وانه بێوه‌فا بوون به‌رانبه‌ر به گۆڕان، بۆیه ده‌بینین ورده ورده بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان لێى هه‌ڵده‌وه‌رێت و ده‌بێ پێداچوونه‌وه‌ی بۆ بكرێت.
ئایا ئه‌وانه‌ى ناویان له خۆیان ناوه گه‌نجانی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌توانن به‌بێ ئه‌و كه‌سایه‌تییه سیاسییه قاڵبووانه‌ى وازیان له به‌رژه‌وه‌ندییه گه‌وره‌كانی خۆیان هێنا و له‌گه‌ڵ كاك نه‌وشیروان مسته‌فا بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیان دامه‌زراند، ئه‌و گه‌نجانه گورگانه‌خۆر ناكرێن بێ ئه‌وان؟ به بڕوای من گورگانه‌خۆر ده‌كرێن و ده‌بنه پاروویه‌كی ئاسان بۆ پارتى و یه‌كێتى، بۆیه بوونى ئه‌و سه‌ركردانه گرنگن بۆ بزووتنه‌وه‌كه، هه‌روه‌ك گه‌نجه‌كانیش، به‌ڵام نابێت ئه‌و گه‌نجانه خۆیان لاى كوڕه‌كانى كاك نه‌وشیروان ببه‌نه پێشه‌وه و هانیان بده‌ن بۆ دژایه‌تیكردنى سه‌ركرده سه‌ره‌كییه‌كانی بزووتنه‌وه‌كه، به گشتى لاوازبوونى بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان زیانى گه‌وره له پرۆسه‌ى سیاسی و دیموكراسی و ئۆپۆزسیۆن له كوردستان ده‌دات.
زۆر قسه له‌سه‌ر كێشه‌كانى گۆڕان ده‌كه‌ن، هه‌وڵه‌كانى جڤاتى نیشتمانى به‌چی گه‌یشت؟
جڤاتى نیشتمانى كۆبوونه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئه‌و پرسه كردووه كه نابێت بهێڵرێت ئه‌وانه له بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان داببڕێن و بزووتنه‌وه‌كه‌ش په‌رته‌وازه ببێت، بۆ ئه‌مه‌ش كاك عومه‌ری سه‌ید عه‌لی سه‌ردانى ئه‌وانی كردووه.
كه‌واته ده‌نگ هه‌بووه داواى دوورخستنه‌وه‌ى ئه‌وانى كردبێت؟
ئه‌وانه خۆیان خاوه‌نى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانن كێ داوای كردووه دوور بخرێنه‌وه، ئه‌گه‌ر هه‌وڵێكی وا هه‌بێت ئه‌مه زۆر مه‌ترسیداره و جڤاتى نیشتمانى دوا بڕیار ده‌دات له‌سه‌ر دوورخستنه‌وه‌ى هه‌ر كه‌سێك.
ببووره مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه ده‌نگ هه‌یه داوای دوورخستنه‌وه‌ى ئه‌وانى كردبێت؟
به‌ڵێ هه‌بووه، هه‌ر ئه‌وانه‌ن له ده‌وری كوڕه‌كانى كاك نه‌وشیروان كۆ بوونه‌ته‌وه كه به‌رژه‌وه‌ندییان له‌وه‌دایه ئه‌وانه نه‌مێنن.
كه‌واته كێشه له‌ناو بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌یه و گه‌یشتووه‌ته دژایه‌تى؟
بێگومان كێشه هه‌یه و ده‌بێت چاره‌سه‌ر بكرێن، نه‌مانى كه‌سایه‌تییه‌كی كاریزمیی وه‌ك كاك نه‌وشیروان كاریگه‌ری كردووه‌ته سه‌ر بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان. كاتى خۆیشی له كتێبێكدا به‌ناوی "بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ به‌ره‌و كوێ" له‌وێ باس كراوه كه ده‌بێت كاك نه‌وشیروان كه‌سێك له جێى خۆی دانه‌نێت، ئه‌وا ئه‌وه‌ى به‌سه‌ر یه‌كێتى هاتووه به به‌راورد به‌وه‌ى به‌سه‌ر گۆڕان دێت هه‌ڵامه‌تێكه و هیچی تر نییه، به‌ڵام كاك نه‌وشیروان تا له ژیاندا بوو كارێكی وه‌های نه‌كرد.
له‌گه‌ڵ رێزم بۆ كاك عومه‌ری سه‌ید عه‌لی كه‌سێكی شۆڕشگێر و ماندووه، یه‌كێكه له پاكترین شۆڕشگێڕه‌كانى كوردستان، به‌ڵام له‌لایه‌ن ئه‌وانه‌ى ناویان له خۆیان ناوه گه‌نجه‌كان، دژایه‌تى ده‌كرێت.
سروشتی هه‌بوونى كێشه یان چاره‌سه‌ر ده‌بێت یانیش خراپتری به‌دوادا دێت، كێشه‌كانى ناو گۆڕان به چ ئاراسته‌یه‌ك ده‌ڕوات؟
ئه‌گه‌ر كێشه‌كان چاره‌سه‌ر نه‌كرێن، ره‌نگه به‌شێكیان واز بێنن و بچنه‌وه ماڵه‌وه دانیشن، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر روو بدات، مه‌ترسیداره.
بێگومان كۆنگره یه‌كێكه له وێستگه‌كانى به‌خۆداچوونه‌وه‌ی هه‌ر حزبێك، بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان له 26ی ئۆكتۆبه‌ری 2013 یه‌كه‌مین كۆنگره‌ى به‌ست، به‌پێى پێڕه‌وى ناوخۆ ده‌بوو دوو ساڵ جارێك كۆنگره بكات، كه‌واته تا ئێسته دوو كۆنگره نه‌كراوه، بۆ؟ خه‌ریكه ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی له‌سه‌ر یه‌كێتیی نیشتمانى كوردستان هه‌یه له‌سه‌ر گۆڕانیش جێبه‌جێ ده‌بێت كه نه‌مانى مام جه‌لال وایكردووه یه‌كێتى نه‌توانێت كۆنگره ببه‌ستێ؟
یه‌كه‌م كۆنفڕانسه ناوخۆییه‌كانی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان دواكه‌وت، هه‌یه باژێڕوانه له پێش 2013 تا ئێسته، دواكه‌وتنى كۆنگره به‌هۆی دۆخی خراپی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان بوو، پاشان نه‌خۆشكه‌وتنى كاك نه‌وشیروان، دوای ئه‌و مردنى كاك نه‌وشیروان، دواتر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانى عێراق، ئیتر ئه‌مانه هه‌مووی هۆكار بوون. جگه له‌مانه، ده‌نگه ده‌نگی ناو بزووتنه‌وه‌ى گۆڕانیش یه‌كێكی تره له هۆكاره‌كانى نه‌به‌ستنى كۆنگره.
كه‌واته ترس هه‌یه كۆنگره نه‌به‌سترێت؟
ترس له كۆنگره، كۆنگره یان هه‌موویان ده‌كاته‌وه برا و ریزه‌كان یه‌ك ده‌خات یانیش ئه‌وانه‌ی ئێسته زویرن و ناچن بۆ گرده‌كه، به‌شداری له كۆنگره نه‌كه‌ن ئه‌وا كه‌سانى تریش هه‌یه به‌شدار نابن. كه‌واته كۆنگره یان یه‌كمان ده‌خات یانیش كێشه‌كان له كۆنگره ره‌نگ ده‌داته‌وه و قووڵتر ده‌بنه‌وه.
به‌و مانایه‌ی هه‌وڵ هه‌یه پێش كۆنگره ئه‌گه‌ر ببه‌سترێت، كێشه ناوخۆیییه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن؟
به‌ڵێ هه‌وڵ هه‌یه بۆ ئاشتكردنه‌وه‌ی زویره‌كان، ته‌نانه‌ت ده‌بێت پێش هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان كه‌سانى وه‌ك كاك عوسمان یان كاك قادر یان كاك شۆڕش ئاشت بكرێنه‌وه، چونكه زویربوونى ئه‌وان كاریگه‌ری راسته‌وخۆی له‌سه‌ر ده‌نگه‌كانمان ده‌بێت.
كاتێك ده‌ڵێین له هه‌ولێر ده‌نگمان كه‌می كردووه، راسته دزی له بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان كراوه، به‌ڵام به‌شی زۆری ده‌نگه‌كانیشمان رابوون مه‌عرووف بردی، بۆیه بڕوا مه‌كه كه‌سێكی وه‌ك ئه‌و سه‌ركردانه ئه‌گه‌ر زویر بن كاریگه‌ری دانه‌نێت به‌سه‌ر ده‌نگه‌كانه‌وه، ده‌بێت داخوازییه‌كانیان جێبه‌جێ بكرێن تا به‌شداری هه‌ڵمه‌تى هه‌ڵبژاردن ببن، ئه‌گه‌ر سه‌ركه‌وتوو نه‌بین، ئه‌وا كاریگه‌ری زۆر خراپی ده‌بێت به‌سه‌ر ده‌نگه‌كانى گۆڕانه‌وه.
به‌شی زۆری گه‌نجانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ناڕازین، ئایا ئه‌وان هه‌لپه‌رستى پۆستن یان خه‌مخۆرییه؟
بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان زۆر گه‌نجی تاقی كرده‌وه و زۆربه‌یان سه‌ركه‌وتوو نه‌بوون. چوار وه‌زیری گه‌نج و چه‌ندان په‌رله‌مانتاری گه‌نج بۆ په‌رله‌مانى كوردستان و عێراق، زۆریان شكستیان هێنا، ئه‌گه‌رچی خه‌ڵكی سه‌ركه‌وتووی زۆر باشیان تێدایه، بۆیه به‌هیچ جۆرێك ناكرێت ئه‌وانه‌ى مێژوویه‌كی دیاریان له خه‌بات و سیاسه‌تدا هه‌یه وه‌لا بنرێن، زۆر گرنگه توانا گه‌نجه تازه‌كان له‌گه‌ڵ ئه‌زموونى كۆنه‌كان تێكه‌ڵ بكرێن بۆ راگرتنى بزووتنه‌كه له‌سه‌ر پێى خۆی.
كه‌واته ئه‌و ره‌خنه‌یه‌ی له یه‌كێتیی نیشتمانى ده‌گیرێت كه فره‌باڵییه، له ناو گۆڕانیشدا هه‌یه؟
من به باڵی جیاوازی نابینم، به‌ڵام گرووپێكن ده‌یانه‌وێت راوبۆچوونى كوڕه‌كانی ره‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فا به‌شێوه‌یه‌ك ئاراسته بكه‌ن له به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان بێت، به بڕوای من كوڕه‌كانی كاك نه‌وشیروان ناچنه ژێر فشاری ئه‌و داخوازییانه و دواجار ئه‌و براده‌رانه ئاشت ده‌كرێنه‌وه.
له سیاسه‌تدا پیری و گه‌نجی نییه، گه‌نج هه‌یه بیركردنه‌وه‌ى هی سه‌ته‌كانى ناوه‌ڕاسته و پیریش هه‌یه زۆر گه‌نجانه و مۆدێرن سیاسه‌ت ده‌كات. جگه له‌مه‌ش، له ئه‌وروپا پیاو هه‌یه ته‌مه‌نی 80 ساڵه، 50 ساڵه ئه‌ندامی په‌رله‌مانه، كه‌چی له كوردستان نۆره گیراوه بۆ بوون به ئه‌ندامی په‌رله‌مان، بۆیه بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و حزبه‌كانى تریش سه‌ركه‌وتوو نابن ئه‌و سیاسه‌ته پێڕه‌و بكه‌ن، ده‌بێت بۆ هه‌ر خولێك هه‌ندێك ئه‌ندامی په‌رله‌مان هه‌یه سه‌ركه‌وتوو بوون و شاره‌زان، كاندید بكرێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ى یارمه‌تی و رێ نیشانده‌ری په‌رله‌مانتاره نوێیه‌كان بن.
نابێت ئه‌وانه‌ى خاوه‌ن ئه‌زموونن له هه‌ر كایه‌یه‌كدا وه‌لا بخرێن تا ئه‌وكاته‌ى كه‌سانی شیاو په‌روه‌رده ده‌كرێن بۆ جێیه‌كانیان.
دواى هه‌ڵبژاردنى 12ى ئایار، جارێكی تر ده‌نگێك له‌ناو گۆڕان سه‌ری هه‌ڵدا كه هێزی چه‌كدار دامه‌زرێنێت، به‌نیازن ئه‌وه بكه‌ن؟
ئه‌و جۆره ده‌نگه بۆیه له ده‌رئه‌نجامی هه‌بوونى دوو هێزی چه‌كداری حزبی پارتى و یه‌كێتى ده‌ركه‌وت كه له كاتى هه‌ڵبژاردن سوودیان لێ وه‌رده‌گرن و گوشاریان ده‌خه‌نه سه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى ده‌نگیان پێ بده‌ن، ئه‌وانیش بۆ مووچه و به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان ده‌نگ به‌و دوو حزبه ده‌ده‌ن، به‌ڵام جڤاتی نیشتمانی گۆڕان هیچ شتێكی نه‌گوتووه دژى ده‌ستووری بزووتنه‌وه‌كه بێت، ده‌ستووره‌كه‌ش دژى دروستكردنى هێزی چه‌كداره.