داوای قەدەغەكردنی خەتەنەی پیاوان دەكرێت

:: AM:11:28:08/12/2016 ‌

كۆمەڵەی پزیشكی دانیماركی هەستاوە بە ئامادەكردنی پڕۆژە یاسایەكی تایبەت، بە مەبەستی قەدەغەكردنی خەتەنەكردنی پیاوان.

بەگوێرەی پڕۆژە یاساكە، پێویستە خەتەنەكردنی كوڕان بەر لە تەمەنی 18 ساڵی، قەدەغە بكرێت، چونكە ئەو دیاردەیە لەگەڵ بنەما ئەخلاقییەكان و ئازادییەكانی تاك ناكۆكە.

هاوكات كۆمەڵەی پزیشكیی دانیماركی رای گەیاندووە، خەتەنەكردنی پیاوان لە تەمەنی منداڵی، نەپاراستنی مافی خاوەنداریی تاكە لە جەستەی خۆی و رێگەنەدانە بەو كەسە لەوەی كە گەورە بوو، پێڕەوی چ كولتوور و ئاینێك بكات.

كۆمەڵەی ناوبراو، دووپاتی لەسەر ئەوە كردووەتەوە، پێویستە ئەو دیاردەیە قەدەغە بكرێت، چونكە سەربار زیانی تەندروستیشی بۆ منداڵ هەیە و دایك و باوكان مافی ئەوەیان نییە لە بری منداڵەكانیان بڕیار بدەن و خەتەنەیان بكەن.

بەگوێرەی زانیارییەكانی پزیشكانی دانیمارك، لەو وڵاتەدا ساڵانە هەزار تا دوو هەزار منداڵی خوار تەمەنی 18 ساڵی خەتەنە دەكرێن و زۆربەشیان منداڵی خێزانە ئیسلام و جوولەكەكانن.

خەتەنەكردن، بریتییە لە بڕینی بەشێك لە ئەندامی سێكسیی مرۆڤ، كە لەلای هەندێك لە گەلانی دێرینی ئاسیا و ئەفریقا باو بووە، ئاینەكانی ئیسلام و جوولەكەش بە ئەركێكی ئاینی هەژماری دەكەن، لە هەرێمی كوردستانیش لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو، لەژێر فشاری ژمارەیەك هەڵمەت و چالاكیی مەدەنی، خەتەنەكردنی كچان بە یاسا قەدەغە كرا، بەڵام خەتەنەكردنی كوڕان تا ئێستەش بەردەوامە و رێكخراوی ئیسلامیی تایبەت هەن، كە ساڵانە هەڵمەتی فرەوانی خەتەنەكردنی منداڵانی كوڕ بەڕێوە دەبەن، ئەمە سەرباری ئەوەی خەتەنەكردنی كچانیش بە یەكجاری بنبڕ نەبووە.

سەرچاوە: سپوتنیك


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی