هەرەشەکەی ترەمپ کاریگەری هەبوو.. رووحانی کۆنفرانسە میدیاییەکەی هەڵوەشاندەوە

:: PM:07:04:24/07/2018 ‌
بڕیار بوو ئەمشەو حەسەن رووحانی سەرۆک کۆماری ئێران لە کەناڵی سەرانسەری ئێراندا روو بە هاووڵاتییان قسە بکات، بەڵام ئێوارەی ئەمڕۆ نووسینگەی سەرۆک کۆماری رای گەیاند، چاوپێکەوتنەکەی رووحانی بۆ کاتێکی تر دوا دەخرێت.

زیاد لە هەفتەیەک بوو لە میدیاکانی ئێران بانگەشە بۆ ئەوە دەکرا ئەمشەو حەسەن رووحانی سەرۆک کۆماری ئێران لەبارەی ئەو تەنگژە ئابوورییەی بەرۆکی هاووڵاتییانی ئێرانی گرتووە بۆ رای گشتی وڵاتەکەی قسە بکات و هەندێک لە تووڕەیی و بێزاری خەڵک بەرانبەر باری گوزەرانیان بڕەوێنێتەوە، بەڵام لە سەروبەندی دەستپێکی بەرنامەکە نووسینگەی رووحانی رای گەیاندووە، ئەو ئاخاوتنەی سەرۆک کۆمار بە نیازی بوو لە کەناڵی سەرانسەری ئێراندا بیکات دوا دەخرێت بۆ کاتێکی تر.

دواخستنی ئاخاوتنەکەی رووحانی بەبێ پاڵنەری سیاسیی و تەناهی نەبووە و زیاتر لە هەفتەیەکە بەرپرسانی ئەو وڵاتە زمانی هەڕەشە بەرانبەر وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەکار دەهێنن، لە بەرانبەردا سەرۆکی ئەمەریکا و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە هۆشداری ئەوەیان بە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی و لە سەرووی هەموانەوە رووحانی دا، ئەگەر بەو زمانە زبرە بەرانبەر ئەمەریکا قسە بکات داهاتوویەکی خراپی دەبێت.

حەسەن رووحانی رۆژی یەکشەم 22ی تەمووز/یۆلیۆ لە کۆبوونەوە لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتەکەی لە دنیا رای گەیاند، ئەمەریکا نابێ یاری بە ئاگر بکات و وا باشە ئەوە بزانێت کە ئاشتی لەگەڵ ئێران دایکی هەموو ئاشتییەکانە و شەڕ لەگەڵ ئێرانیش دایکی هەموو شەڕەکانە.

رۆژێک دوای ئەو هەڕەشانەی رووحانی، دۆناڵد ترەمپ لە توویتێکدا نووسی، بۆ سەرۆک کۆماری ئێران: جارێکیتر هەرگیز، هەرگیز نەکەی هەرەشە لە ئەمەریکا بکەیت، چونکە داهاتوویەک چاوەڕوانت دەکات کە لە مێژوودا کەم وێنە بێت، ئێمە ئیتر ئەو وڵاتە نین لێدوانە شێتانەکانی ئێوە لەبارەی توندوتیژی و خوێنڕشتنەوە قبوڵ بکەین، بۆیە ئاگاداربن.

دوای ئەوەی رووحانی هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمزی لە وڵاتانی کەنداو کرد بۆ راگرتنی هەناردەی نەوتی ئۆپێک و هۆشداری رووبەڕوو بوونەوەی سەربازی بە ئەمەریکا دا، بەرپرسانی سوپای پاسداران و هێزی قودسی سەر بەو سوپایە، لەپێش هەمووانەوە قاسم سولەیمانی پاڵپشتی خۆیان بۆ قسەکانی دەربڕی و ئەمەیش هێندەیتر گرژییەکانی نێوان دوو وڵاتی ئاڵۆزتر کرد.

ئەمەریکا مەبەستی خۆی لە گرتنەبەری ئەو سیاسەتە بەرانبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران کورتکردنەوەی دەستی دەتارانە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سەرووی هەمووانەوە سووریا و عێراق و یەمەن، دۆناڵد ترەمپ راستەوخۆ رای گەیاند وڵاتەکەی نیازی هەیە کۆماری ئیسلامی لە رووی ئابوورییەوە هەرەس پێ بهێنێت بۆ ئەوەی چیتر توانای ناردنی لۆجەستیک و چەکی نەبێت بۆ گرووپە تیرۆریستییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئێران چاوەڕوانی دەکرد رووسیای هاوپەیمانی کە زیاد لە سێ ساڵە چالاکی سەربازی هاوبەشی لە سووریادا لەگەڵ دەکات، لەو رووداوانەدا پشتیوانی لێ بکات، بەڵام کۆبوونەوەی هەفتەی رابردووی هێلسنکی نێوان ترەمپ و پوتین دەریخست کە لەو یارییەدا تاران بەتەنیا ماوەتەوە و رووسیا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی سەربازی ئەمەریکا لە سووریا بۆ کۆتاییهێنان بە گرووپە توندڕەوەکان و گەراندنەوەی ئارامی بۆ ئەو وڵاتە.

هەرچەند پاش وەڵامەکەی ترەمپ بۆ لێدوانە پڕ لە هەڕەشەکانی رووحانی عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران پاڵپشتی لە هەڕەشەکانی سەرۆک کۆماری ئێران کرد و بە سیاسەتی راستەقینەی رژێمەکەی وەسف کرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا بابەتی دانوستانی لەگەڵ ئەمەریکا هێنایە بەرباس و بە رستەیەک ئاماژەی بەوە دا، گفتوگۆ کردن لەگەڵ واشنتن هیچ ئامانجێکی لێ ناکەوێتەوە، ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر خامنەیی بە هەموو چەشنێک دانوستانی لەگەڵ وڵاتە یەکگرتووەکان رەت دەکردەوە.

هەرچی چاودێرانی سیاسیی ئێرانن پێیان وایە خامنەیی هەوڵە ژێربەژێرەکانی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی واشنتن رازی بکات لەگەڵ تاران دانوستان بکات و دۆینێ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا رای گەیاند، حکوومەتی ئەڵمانیا داوا دەکات هەردوو وڵات دەستبەرداری هەڕەشەکردن بن و بێنە سەر مێزی دانوستاندن بۆ چارەسەری کێشەکانی نێوانیان.

بڕیاربوو ئەمشەو سەرۆک کۆماری ئێران لەبارەی ئەو تەنگژانەی رووبەڕووی وڵاتەکەی بوونەتەوە قسە بکات و دڵنیایی باشبوونەوەی دۆخەکە بە خەڵک بدات، ماڵپەڕەکانی سەر بە باڵی ریفۆرمی ئێران زانیاریی ئەوەیان درکاندبوو کە رووحانی لە ئاخاوتنەکەیدا وەڵامی هەڕەشەکانی ترەمپ و مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دەداتەوە.

پێدەچێت بەهۆی هەوڵەکانی نووسینگەی خامنەیی بۆ دانووستاندن لەگەڵ واشنتن، رێگە لە ئاخاوتنەکەی رووحانی گیرابێت بۆ ئەوەی واشنتن رازی بکرێت لەسەر مێزی گفتوگۆ کێشەکانی لەگەڵ رژێمی ئێران چارەسەر بکات، بەڵام تا ئێستە ئەمەریکا هیچ مەرج یان داواکارییەکی بەرانبەر ئێران نەبووە بۆ ئەوەی ئەو سزا ئابوورییانەی خستوویەتە سەری هەڵیبگرێتەوە، تەنیا لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا نەبێت سەرۆکی ئەمەریکا لە وەڵامی پێشکەشکارەکەدا بۆ دانووستاندن لەگەڵ ئێران رای گەیاند، رۆژێک دێت لە تارانەوە پێوەندیم پێوە دەکرێت و داوای ئەوەم لێ دەکرێت دانوستانیان لەگەڵ بکەم.

سەرچاوەکان/دویچەوێلە بی بی سیدەنگی ئەمەریکا خەبەرئۆنلاین



وشە - هیدایه‌ت جان