ئەمەریكا بەناوی "ئۆپراسیۆنی ئازادی ئێران" هێرش دەكاتە سەر تاران

:: AM:11:30:25/07/2018 ‌
دامەزراوەیەكی ئەمەریكی لە ڕاپۆرتێكی شیكاریدا ساڵی 2026 بە كاتی هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران دیاریی دەكات، دووپات لەوە دەكاتەوە كە هێرشەكەی ئەمەریكا بە ناوی "ئۆپراسیۆنی ئازادی ئێران" دەبێت و ژنانیش ڕۆڵی باڵا لە سوپای ئەمەریكا بۆ ئەو كاتە دەگێڕن و سەركردایەتی جەنگەكە دەكەن.

ڕاپۆرتەكە لەلایەن فیل والتەر و دیانی مای، ناسان فینی نووسراوە و پێگەی "The National Interest" بڵاوی كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هیچ كات كۆتایی نایەت، باس لە هێرشی ئەمەریكا بۆ سەر سەدام دەكات و لە زاری باوكی یەكێك لە نووسەرەكان هاتووەتە گێڕانەوە، كە 2006 گەورەترین هەڵمەتی توندوتیژی لە عێراق بەرپا بوو، بەڵام دوای ڕووخانی سەدام بۆشایی زۆر لە دەسەڵات دروست بوو.

هێما بۆ ئەوەیش كراوە، ململانێی زۆر لە دوای نەمانی سەدام لەلایەن سوننە و شیعە و كوردەوە لەسەر دەسەڵاتداری عێراق دروست بوو، هەرچەندە ئەو سێ لایەنە بە یەكەوە هیچ كات هەڵناكەم، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی سنوورەكان كارێكی ئەستەمە، چونكە ئەمەریكا و ڕۆژئاوا هیچ كات نایانەوێ ددان بەوە بنێن و باشووری عێراق كە ناوچەیەكی یەكجار دەوڵەمەندە بە وزە بۆ ئێران بەجێی بێڵن.

ئێران زۆرترین هەژموونی بەسەر عێراقەوە هەیە و پارە و چەك و یارمەتی پێشكەشی هێزێكی كوردی و شیعەكان لە عێراق دەكات، جیا لەوەیش پشتیوانی سەرەكی ڕژێمی عەلەوییە لە سووریا، بەمشێوەیە پەرە بە پاوانخوازییەكانی دەدات، هەموو پارەكانی وڵاتانی كەنداو ناتوانێ بیانوەستێنێت، ئەمەریكا دەتوانێ گەورەترین سوود لە سوننە ببینێ، چونكە ئەوان لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی نیشتمانی عێراقن، ئەمەیش لەلایەن ڕۆژئاواوە بە تەواوی قبووڵ كراوە.

پەیمانگەی ئاشتی ئەوروپا پێشنیازی بۆ واشنتن و ئەوروپا كردووە، كۆمپانیاكان بنێرنە ئەنبار تا لە دوای گازی سروشتی بگەڕێ و بە لوولە بیگوێزنەوە بۆ ئوردن و ئیسرائیل و بەندەری حەیفا تا لەوێوە بە كەشتی ڕەوانەی ئەوروپا بكرێت، دوای 2020 چیتر ئەوروپا ناتوانێ پشت بە گازی سروشتی ڕووسیا ببەستێت كە ئێستە 60%ی گازی سروشتی ئەوروپا دابین دەكات. 

لەلایەكی ترەوە ئێران لە 2015 ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئەمەریكا و وڵاتانی تر واژوو كرد، بەشێك لەو ڕێككەوتنە سەپاندنی هەڵمەتی پشكنینی كورە ناوكییەكانی ئێران بوو، هاوشێوەی ئەوەی بەر لە ڕووخانی بەسەر سەدام حوسێن سەپێنرا، ئێرانییەكان ڕێیان دا پشكنەرانی تایبەت بە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ناوەكی بچنە كوورە ئەتۆمییەكان لە ماوەی دوو ساڵی دوای ڕێككەوتنەكە، بەڵام كۆت و بەندیشی لەسەر پشكنەران دانابوو، نەتەوە یەكگرتووەكانیش دووپاتی لەوە دەكردەوە، كە دەبێ بێ هیچ ڕێوشوێنێك بچنە ناو دامەزراوە ناوكییەكان.

كۆماری ئیسلامیی ئێران بە تەواوی ئەمەی ڕەت كردەوە و دووپاتی كردەوە كە دەبێ 24 ڕۆژ پێش سەردانیان تاران ئاگادار بكەنەوە، بەمەیش ناوەڕۆكی ڕێككەوتنەكەی شكاند و بەڵگەی ئەوەیش كەوتە دەست پشكنەران كە ئێران لە ناوچەی نهێنی و شاراوە یۆرانیۆم دەپیتێنێت، ئەمەیش پێشێلكاری تەواوی ڕێككەوتنی ئەتۆمییە.

هۆكارێكی تری ناڕەحەتییەكانی ڕۆژئاوا بەرانبەر ئێران، زاڵبوونی كۆماری ئیسلامیی ئێرانە بەسەر كەنداو و دانانی جۆرەها مووشەك و هێزی دەریایی و سیستەمی بەرگری ئاسمانی و دەریایییە لە كەنداو، ئەمەیش گرفتی بۆ كەشتییەكانی ئەمەریكا و وڵاتانی ڕۆژئاوا دروست كردووە، بۆیە بەردەوام سەرئێشە بۆ ئەمەریكا دروست دەكات، ئەمەیش بە تەواوی واشنتن و یەكێتی ئەوروپای نیگەران كردووە.

ئەمەریكا لە 2003 هێرشی كردە سەر ڕژێمی سەدام و ڕووخاندی بەو ئامانجەی دەسەڵاتێكی تری عێراقی دروست بێتەوە كە لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی یەك بگرێتەوە، نەك بچێتە ژێر هەژموونی ئێران، بەڵام لەوكاتەوە شیعەكانی عێراق بوونەتە بووكەڵەیەكی دەستی كۆماری ئیسلامیی ئێران، بۆیە ئەمەریكا پلانی داناوە عێراقیش دووبارە كۆنتڕۆڵ بكاتەوە و باشووری عێراق لە 2021 بكاتە هەرێمی سۆمەر.

بەشێكی تری پلانی ئەمەریكا ڕێگری كردنی عێراقە لە كڕینی چەكی ڕووسی و چینی، ئێستە بەغدا بێ دوودڵی تانك و فڕۆكە لە ڕووسیا و چین دەكڕێ، ئەمەیش بە تەواوی لە دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكایە، بۆ شەڕكردن دژی ئێران سەرەتا واشنتن پێویستیەتی بگاتە سنوورەكانی ئێران لە عێراقەوە، بێ ئەوەی هیچ هێزێكی هاوپەیمانی ئێرانی هەبێ و لە پشتەوە خەنجەر لە هێزەكانی ئەمەریكا بدات، بۆ ئەو مەبەستەیش دەیەوێ هێزێكی تۆكمەی عێراق بەناوی هێزەكانی سۆمەرییەكان دروست بكات.

جیا لەوەیش حكوومەتی ئەمەریكا بەشێوەیەكی فرەوان دەستی كردووە، بە ناردنی ژنان بۆ قوتابخانە سەربازییەكان و تەنانەت فەرماندەیی و پلەی باڵای سوپایش لەمەودوا بە ژنان دەدات، ئەمەیش بەهۆی كەمبوونەوەی خزمەتی سەربازی لەلایەن گەنجانی ئەمەریكاوە، بۆ ئەمەیش دەیەوێ بە ژنان شوێنیان پڕ بكاتەوە و كەلێنەكان نەهێنێ و بۆ 2026 خۆی ئامادە بكات، بۆیە ژنان لە هەڵمەتی ئازادی ئێران ڕۆڵی یەكجار گەورە و كاریگەریان دەبێت، بۆیە ئێستە كاتی خۆ ئامادەكردنە و دواتر لەو ماوەیە چركەساتی دەرچوون بۆ گۆڕەپانی جەنگ دەست پێ دەكات. 



وشە - باز ئه‌حمه‌د