لە مەرزی سەیرانبەند رێژەی هاوردەكردن 20% زیادی كردووە

:: PM:01:19:08/12/2016 ‌

ئەو كاڵا و كەلوپەلانەی لە مەرزی سەیرانبەندی بانەوە هاوردەی هەرێمی كوردستان دەكرێن، لەرووی كێشەوە ٢٠% و لەرووی بەهاوە ١٣% زیادی كردووە.

سەعید سەنجابی سەرپەرستی گومركی بانە ئەوەی خستە ڕوو كە لە هەشت مانگی رابردوودا، ٩٦ هەزار و ٢٤٠ تۆن شتومەك هەناردەی هەرێمی كوردستان كراوە كە لەڕووی كێشەوە ٢٠% و لەرووی بەهاوە ١٣% زیادی كردووە. 

چیمەنتۆ، مەوادی پلاستیكی، بەردی ئاسن. شووشە، ئیزوگام ئەو كاڵایانەن كە لەو سنوورەوە هاتوونەتە پارێزگای سلێمانی.

بە گوتەی ئەو بەرپرسەی ئێران، ئەوان دەیانەوێت دەروازەكە پەرە پێ بدەن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بتوانن كاڵای زیاتر بە خێرایییەكی زۆرتر هەناردەی هەرێمی كوردستان بكەن.

ئەو جموجۆڵەی لەو دەروازە سنوورییە هەیە، زیاتر هەناردەی كاڵایە لە ئێرانەوە بۆ هەرێمی كوردستان و ئەوەی لە هەرێمی كوردستانەوە هەناردەی ئێران دەكرێت، بڕەكەی ئەوەندە كەمە كە بە گوتەی بەرپرسانی ئێران بڕەكەی شایانی ئاماژە پێكردن نییە.

ئێران لە بەرنامەی دایە ئاستی كوالێتی بەرهەمەكانی بەرز بكاتەوە كە دەینێریتە هەرێمی كوردستان بۆ ئەوەی لەو بازاڕەدا بتوانێت ركابەری بەرهەمەكانی توركیا و وڵاتانی تر بكات.

سەرچاوە/ئیرنا


وشە - سلێمان تاشان