یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بڕیارێكی نوێی خستۆتە بەردەستی كایلۆر ناڤاسی گۆڵپارێزی كۆستاریكی.
ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی ریال مەدرید ماوەیەكە بەدوای گۆڵپارێزێكی نوێی گەورەدا دەگەڕێ بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو شوێنی ناڤاس بگرێتەوە و بۆ ئەمەش تاڕادەیەكی زۆر لە تیبۆ كۆرتوای گۆڵپارێزی یانەی چێڵسی ئینگلیزی نزیك بووەتەوە.
رۆژنامەی (La Nacion)ی كۆستاریكی ئاشكرای كرد: سەرۆكایەتی یانەی ریال مەدرید بە ناڤاس راگەیاندووە پلانیان هەیە بۆ وەرزی داهاتووش هەر لە ریزی یانەكەیان بیهێڵنەوە و تەنانەت دەستەوارەیەكی نوێشی پێشكەش بكەن.
سەرەڕای ئەوەی ناڤاس لەلایەن چەند یانەیەكی گەورەی ئەوروپاوە دەستەوارەی پێ گەیشتووە، بەڵام ئەو خۆی ئارەزووی مانەوە لە ریزی یانەی ریال مەدرید دەكات تەنانەت ئەگەر بە گۆڵپارێزی یەدەگیش قبووڵی بكەن.
ناڤاس بڕیاریداوە بۆ وەرزی داهاتوو ركابەری لەگەڵ كۆرتوا بكات بۆ وەرگرتنی رۆلی گۆڵپارێزی سەرەكی لە یانەی شاهانەدا دوای ئەوەی لە ماوەی رابردوودا باشترین ئاستی لەگەڵ یانەكەدا پێشكەش كردبوو و توانیبووی رۆلی سەرەكی ببینێ لە بردنەوەی هەرسێ ناسناوی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا لە ماوەی 3 ساڵی رابردوودا.
گرێبەستەكەی ئێستای ناڤاس لە ساڵی 2020 كۆتایی دێت، بەگوێرەی سەرچاوەكەش یانەی ریال مەدرید داوای كردووە دەستەوارەكی تری تا ساڵی 2022 لەگەڵ ئیمزا بكەن.