رووسنەفتی رووسیا 20%ی پشكەكانی فرۆشت

:: PM:01:59:08/12/2016 ‌

كۆمپانیای رووسنەفتی رووسیا ٢٠%ی پشكەكانی خۆی بە كڕیارانی نێودەوڵەتی فرۆشت. نرخی ئەو پشكانە دەگاتە ١٠ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن یۆرۆ و هاوتایە لەگەڵ بەرهەمهێنانی رۆژانە ٢٢٠ هەزار بەرمیل نەوتی كۆمپانیاكە.

پرۆسەی فرۆشتنەكە لە ژێر چاودێری كۆشكی كرێملین بەڕێوە چووە و ئەو بڕە پارەیەش دەبێت پێش كۆتاهاتنی ساڵی زاینی و بەر لەوەی حكوومەتی رووسیا پڕۆژەی بودجە رادەستی پەرلەمان بكات، بدرێت.

لەو كاتەوە وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابوورییان بەسەر رووسیادا سەپاندووە، ئەو وڵاتە تووشی كورتهێنانی بودجە بووە و رووسیا بە فرۆشتنی بەشێك لە پشكەكانی روسنەفت، دەیەوێت قەرەبووی هەندێك لەو كورتهێنانە بكاتەوە.

كۆمپانیای رووسنەفت كە لە دوای بە دەسەڵات گەیشتنی ڤلادمێر پوتین توانی ببێتە یەكێك لە گرنگترین كۆمپانیاكانی دنیا لە بواری نەوت، لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا كۆمەڵێك سزای بەسەردا سەپێنراوە.

جێگەی باسە پێشتر نزیكەی ٧٠%ی پشكەكانی كۆمپانیای رووسنەفت هی حكوومەتی رووسیا و ٢٠%ی تریش هی كۆمپانیای بریتیش پێترۆلیۆم بوو. كۆمپانیاكە لە ساڵی ١٩٩٣ لە لایەن حكوومەتی رووسیا دامەزرێنرا و لە بواری دۆزینەوەی نەوت و گاز، دەرهێنان و پاڵاوتن، چالاكی هەیە.

سەرچاوە/فارسنیوز-ویكیپیدیا


وشە - سلێمان تاشان