پزیشكێكی ئەمەریكی دوای 20 ساڵ لە نهێنی هێشتنەوە، دۆزینەوەی بوونەوەرێكی ئاسمانی لە چیاكانی واشنتن بە وێنە و ڤیدیۆ پشتڕاست دەكاتەوە و زاناكانیش دەستیان بە لێكۆڵینەوە لەسەر وێنە و ڤیدیۆی ئەو بوونەوەرە ئاسمانییە كردووە، كە ئەو پزیشكە دۆزیویەتییەوە و دڵنیا بوونەتەوە لە ڕاستی وێنە و ڤیدیۆكان.
د. جۆناسان رێد لە 15 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، لەگەڵ سەگەكەی بۆ دۆزینەوەی گژوگیای پزیشكی دەگمەن سەردانی چیاكانی كاسكیدی لە ویلایەتی واشنتنی ئەمەریكا كردووە. ئەو لەمیانەی گەڕانەكانی بوونەوەرێكی بینیوە كە كەوتووە و سەرەتا وایزانیوە سەگە، بەڵام كاتێك لێی ورد بووەتەوە، سەیری شێوە و ڕووخساری كردووە بە تەواوی بۆی دەركەوتووە كە ئەمە تەرمی بوونەوەرێكی ئاسمانییە و بەهیچ شێوەیەك لەسەر گۆی زەوی بوونەوەری لەم چەشنە نەبووە و نەبینراوە.
ئەو پزیشكە تەرمی بوونەوەرەكەی لە نێو شریتێكی ئەلەمنیۆمی پێچاوەتەوە و بۆ ماڵەكەی لە نزیك چیاكە گواستوویەتییەوە، دواتر بە ڤیدیۆ وێنەكەی تۆمار كردووە و وێنەی گرتووە، پاشان تەرمەكەی ناشتووە.
ئەو دەڵێ، دوای ئەوەی سیخوڕ و دەزگە نهێنییەكانی حكوومەت پێیان زانیوە، ویستوویانە سەركوتی بكەن تا هەرگیز ئەو نهێنییە نەدركێنێت، تەناهەت هەوڵی كوشتنیشیان داوە و یەكێك لە هاوڕێكانی كە راستی دۆزینەوەی ئەو بوونەوەرەی زانیوە، لەلایەن هەواڵگریی ئەمەریكاوە كوژراوە.
سەرچاوە/پێگەی دیسكلۆز ساینس.