لە پۆڵۆنیا پێشانگەیەك لەبارەی پێشمەرگە دەكرێتەوە

:: PM:03:12:08/12/2016 ‌

لە ڤارشۆی پایتەختی پۆڵۆنیا پێشانگەیەكی فۆتۆگرافی بەناونیشانی "پێشمەرگە لە دوێنێ و ئەمڕۆدا" دەكرێتەوە. 

پێشانگەكە لە لایەن نووسینگەی نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵۆنیا بە هاوكاری كۆمەڵەی ڕۆژنامەنوسانی پۆڵۆنیا و یانەی فۆتۆگرافیی ڕۆژنامەوانی رێك خراوە.

ئەو پێشانگەیە لە چوارچێوەی هەڵمەتێكدا بەناوی "پۆڵۆنیا بۆ پێشمەرگە" ئەنجام دراوە، كە ماوەیەكە نوێنەرایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پۆڵۆنیا بەهاوكاری لەگەڵ دەزگە خێرخوازی و میدیاكانی پۆڵۆنیا ڕایان گەیاندووە لە پێناو بانگەوازیكردن بۆ هاوكاریكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ڕووی پێداویستی سەربازی و دەرمانەوە.

لە پێشانگەكەدا وێنەكانی جەنگی نۆ وێنەگری ڕۆژنامەوانیی پۆڵۆنی هەڵدەواسرێت كە لە ساڵانی 2014 – 2016 سەردانی هەرێمی كوردستان و بەرەكانی پێشەوەی جەنگی پێشمەرگەیان لە دژی داعش كردووە. 

وێنەكان دەوڵەمەند كراون بە قسە و گفتوگۆ لەگەڵ پێشمەرگەكان كە دیداریان لەگەڵ ئەنجام داون. بەشی دووەمی پێشانگەكە وێنەی ئەرشیڤی پێشمەرگەی لە دەیەی ٦٠ وە تادەگاتە دەیەی ٩٠ تێدایە، كە لە سەرچاوی وێنەیی Kurdistan Photolibrary  خانەوادەی كریس كۆچێڕا وەرگیراوە. 

هەر لە چوارچێوەی ئەو پێشانگەیە دوو كۆنسێرتی سیمفۆنیای "پێشمەرگە" و "شەنگال" بە ڤیدیۆ پیشان دەدرێت كە لە لایەن هونەرمەندی گەورە دڵشاد سەعید نووسراوە. 

بۆ كردنەوەی پیشانگەكە زیاتر لە ٥٠٠ كەس بانگهێشت كراون لە نوێنەرانی دەسەڵاتی پۆڵۆنیا، سیاسەتمەداران، ڕۆژنامەنووسان، گۆڕەپانی ئەكادیمی، دەستەی دیپلۆماسی و دەزگەكانی توێژینەوەی ستراتیژی و هەروەها ڕەوەندی كوردی. پێشانگەكە تا كۆتای مانگی داهاتوو كراوە دەبێت. 




وشە - سلێمان تاشان