خۆپێشاندانەكانی باشوور نرخی خانوو لە كوردستان بەرز دەكاتەوە

كۆمپانیایەكی كڕین و فرۆشتنی زەوی ئاشكرای كرد، بەهۆی خۆپێشاندانەكانی باشووری عێراق و هاتنی ژمارەیەكی تری ئاوارە نرخی خانوو و زەوی زۆر بەرز بووەتەوە.
 
ئەمڕۆ شەموو 28ـی تەمووز/ یۆلیۆ، حاجی سەلام فەقێ‌ خاوەنی كۆمپانیانی حاجی سەلام لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئەو خۆپێشاندانە وایكردووە هاووڵاتییانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق ڕوو لە هەرێمی كوردستان بكەن و خواست و داواكاری بۆ خانووی كرێ‌ و كڕین زیادی كردووە.

خاوەنی ئەو كۆمپانیاكە ئاماژەی دا، هۆكارێكی تری بەرزبوونەوەی نرخی زەوی و خانوو بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاسانكاری كردووە، بۆ بە ناوكردنی موڵك بۆ ئاوارەكان.

ئاماژەی دا، نرخەكانی نیوەی یەكەمی سالی 2017 بەراورد بە نیوەی یەكەمی سالی 2018  زەوی بەرزبوونەوەی لە كۆی گشتی %14 بووە، ڕێژەی بەرزبوونەوەی نرخی خانوویش لە كۆی گشتی %4 بووە.

ئاشكرای كرد، هەرچی زەوی كشتوكاڵییە لە كۆی گشتی %7 دابەزیوە، زەویی بازرگانی دابەزیوە %4 بووە لە هەموو هەولێر هەرچی خانووی كرێیە لە دوو مانگی ڕابردوو زۆر بەرز بووە لە كۆی گشتی %20 بەرزبووەتەوە.

مانگی پێنج و مانگی شەش، زۆرترین ڕێژەی بەرزبوونەوە هەبووە، بۆ زەوی و خانوو لە شاری هەولێر. حاجی سەلام وای گوت.



وشە - رامیار جەواد


PM:12:08:28/07/2018




ئه‌م بابه‌ته 9195 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌