پەرلەمانتارێكی گۆڕان پێچەوانەی فراكسیۆنەكەی: یاسای بودجەی عێراق زیانی زۆر بە كوردستان دەگەیەنێت

:: PM:03:44:08/12/2016 ‌

پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، پێچەوانەی ئەندامانی تری فراكسیۆنی گۆڕان كە تێپەڕاندنی یاسای بودجە بە كارێكی باش بۆ هەرێمی كوردستان ناو دەبەن، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێ، بەو شێوەیە نییە و یاسای بودجە زیانی زۆری بۆ كوردستان هەیە و منیش بە تێپەڕاندنی نیگەران بووم.

شیرین ڕەزا ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی گۆڕان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دەنگدانی پەرلەمانتارانی كورد بۆ پڕۆژە یاسای بودجەی گشتیی 2017ی عێراق هەڵەیە و من بەهۆی تێپەڕاندنی پڕۆژەیاساكە و دەنگپێدانی كورد نیگەران و زۆر خەمی پێوە دەخۆم.

هەروەها گوتی، لە یاسای بودجەی عێراق هاتووە دەبێ كورد جگەلە نەوت، سەرجەم داهات و پارەی گومرگەكان و داهاتە ناوخۆیییەكانیش ڕادەستی بەغدا بكات، ئەمەش مانای ئەوەیە هەرێمی كوردستان لە هەموو گەشەسەندنێك بوەستێنرێت.

هەروەها گوتی، بەغدا چاوی بە پێشكەوتنەكانی هەرێمی كوردستان هەڵنایەت، منیش هیوا دەخوازم هەرێمی كوردستان پابەندی یاسا و رێككەوتنەكە نەبێ، چونكە تەنانەت حیسابی مرۆییش بۆ هەرێمی كوردستان نەكراوە، جگەلەوەی هەندێك پارە دەنێرین بۆ مووچە، ئەی ئێمە بە چی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی پێشكەشی خەڵكی كوردستان بكەین؟

شیرین ڕەزا ئەوەشی گوت، ئەگەر پارەی داهاتی ناوخۆ ڕادەستی بەغدا نەكەین، ئەوا لە پارەی نەوت، داهاتی ناوخۆیی كوردستانی لێ دەبڕن و ئەوەی دەمێنێتەوە پێمان دەدەن، بەم شێوەیە هیچ شتێك بۆ كوردستان نامێنێتەوە.

لە كۆتای قسەكانیدا ئەو پەرلەمانتارەی بزووتنەوەی گۆڕان گوتی، هیوادارم هەرێمی كوردستان نەوتی خۆی بە سەربەخۆیی بفرۆشێت و سەرجەم حزبەكان بەشداربن و ئاگەداری فرۆشتنی نەوت بن، بۆ ئەوەی نەكەوینە ژێر بارێكی لەم شێوەیە.

دوێنێ چوارشەم لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاسای بودجەی 2017ی عێراق پەسەند كرا و لەو پڕۆژە یاسایە، نرخی بەرمیلێك نەوت بە 42 دۆلار و كۆی گشتی بودجە بە 79 تریلیۆن و 11 ملیار 421 ملیۆن دۆلار خەمڵێنراوە و بڕی كورتهێنانیش 21 تریلیۆن دۆلارە، لە یاساكە لەسەر پێشنیازی فراكسیۆنی گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو، چەند خاڵێك لەبارەی هەرێمی كوردستان دانراوە، كە سەرجەم نەوت و داهاتە ناوخۆیییەكان و گومرگەكانی كوردستان ڕادەستی بەغدا بكەن و لە بەرامبەریشدا بەغدا تەنیا پارەی مووچە دەنێردرێ و بەهیچ شێوەیەك پارە بۆ پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری و ئاوەدانی كوردستان نانێرێت.




وشە - رامیار جەواد