لبنان لەبارەی دەستدرێژی سێكسییەوە بڕیار دەدات

:: PM:07:06:08/12/2016 ‌

لیژنەی بەڕێوەبردن و دادوەری لە پەرلەمانی لبنان رای گەیاند كە بەرەو هەڵوەشاندنەوەی مادەی 522ی یاسای سزاكانی لبنانی دەچن كە باسی وەستاندنی راوەدوونانی ئەنجامدەری تاوانی دەستدرێژی سێكسی دەكات ئەگەر قوربانی تاوانەكەی بخوازێت و بیكاتە هاوسەری.

لیژنەكە پێشنیازی فراكسیۆنی هێزەكانی لبنان تاوتوێ دەكات بە هەڵوەشاندنەوەی ئەو مادە بەتەواوەتی وەك رێخۆشكردنێك بۆ خستنی بۆ دەنگدان لەبەردەم كۆمەڵەی گشتی ئەنجوومەنی نوێنەران.

ئیلی كیرۆز ئەندامی لیژنەكە لەو بارەوە رای گەیاند كە زیاتر لە بۆچوونێك لەو بارەوە هەیە، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایە كێشەی خێزانی و كۆمەڵایەتی دروست دەكات، بۆیە كۆبوونەوەكان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی ئەو بەندە چڕ بوونەتەوە كە باسی لێبوردن بۆ ئەو تاوانكاری دەستدرێژی دەكات و بڕگەكانی تری سزا هەر دەمێنێت.

دانیال حوێك پارێزەر و چالاكوانی مەدەنی لەو بارەوە دەڵێت كە مادەی 522 هانی ئەنجامدانی تاوانی سێكسی دەدات بەهۆی بوونی رێگەیەك بۆ دەربازبوون لە سزا و بەو شێوەیە شەرعیەت بە تاوانی دەستدرێژی سێكسی دەدرێت.

بەشی یەكەمی یاسای سزاكان لە لبنان باسی تاوانەكانی دەستدرێژی سێكسی و بەزۆر سێكس پێكردن و رفاندن و پەلكێشكردن بۆ مەبەستی سێكس و پێشێلكردنی شوێنە تایبەتەكانی ئافرەتان دەكات و بۆهەریەكەیان سزای خۆی هەیە، بەڵام مادەی 522 ئەو كەسە لە سزا دەبوورێت ئەگەر قوربانی بكاتە هاوسەری خۆی.

لەبەرامبەر ئەو سزایەدا ژمارەیەك ئافرەت بە جلی بووكێنی كۆ بووبوونەوە و دروشمی "سپیپۆشی دەستدرێژی سێكسی پەردەپۆش ناكات" یان بەرز كردبووەوە وەك ناڕەزاییەك لەبەرامبەر سزاكە و داواكردنی هەڵوەشاندنەوەی.

سەرچاوە: سكای نیوز
 


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل