جه‌وده‌ت هۆشیار یه‌كێكه له نووسه‌رانى كورد كه زیاتر له 40 ساڵه كار له بوارى رۆشنبیرى و مێژوو ده‌كات، ئه‌و له دایكبووى 1942ى شارى هه‌ولێره، ئه‌ندازیارێكى به‌ناوبانگه، زۆربه‌ى نووسینه‌كانى به زمانى عه‌ره‌بى بڵاو ده‌كاته‌وه، ده‌یان كتێب و سه‌دان لێكۆڵینه‌وه و وتارى بڵاو كردووه‌ته‌وه.
جه‌وده‌ت له‌م دیمانه تایبه‌ته‌ى "وشه"دا كه به زمانى عه‌ره‌بى كراوه، باس له چه‌ند وێستگه‌یه‌كى ژیان و نووسینه‌كانى خۆى ده‌كات.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ قسه له‌سه‌ر نووسینه‌كانت بكه‌ین، یه‌كه‌م تێبینیمان ئه‌وه ده‌بێت به زمانى عه‌ره‌بى ده‌نووسێ، وێڕاى ئه‌وه‌ى چه‌ندان زمانى تر ده‌زانی وه‌ك كوردى و توركی و ئینگلیزى و رووسى، بۆ ته‌نیا به عه‌ره‌بى ده‌نووسی؟
هه‌ر نووسه‌رێك به‌و زمانه ده‌نووسێ كه ته‌واو لێى شاره‌زایه و له بنج و بنه‌وانى ده‌زانێ. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى گه‌لێك زمان ده‌زانم، به‌ڵام زمانى عه‌ره‌بى به ده‌وڵه‌مه‌ندی ده‌زانم و له‌و رێیه‌وه ده‌توانم به‌قووڵى گوزارشت له بیركردنه‌وه و هه‌ست و سۆزم بكه‌م. زمانیش ئامرازێكه بۆ ده‌ربڕینى خۆت.
وه‌ك فرانس كافكا هاووڵاتییه‌كى جووى چیك بوو، كه‌چى نه به چیكى نووسى و نه به عیبرى، به‌ڵكو هه‌موو به‌رهه‌مه‌كانى به زمانى ئه‌ڵمانى نووسراوه. سه‌ره‌ڕاى ئه‌مه‌ش زمانى عه‌ره‌بى له ته‌واوى ئه‌و قۆناغانه‌ى كه من تێیدا قوتابى بووم زمانى فه‌رمى بوو، له هه‌ولێر هیچ قوتابخانه‌یه‌كى خوێندنى كوردى نه‌بوو، ئه‌و زمانه‌ش كه له‌سه‌ر كورسییه‌كانى وانه خوێندن فێرى نابیت و ته‌نیا له ژیانه‌وه ده‌یزانی ته‌نیا به‌س نییه بۆ گوزارشتى ئه‌ده‌بى.
ئایا هیچ بیرت له‌وه نه‌كردووه‌ته‌وه به كوردى بنووسیت، هه‌ست ناكه‌یت هه‌ندێك له خوێنه‌رانى كورد دوور كه‌وتوویته‌ته‌وه، به تایبه‌تى له نه‌وه‌ى نوێ چونكه ئه‌م نه‌وه‌یه عه‌ره‌بى نازانێ؟
زۆربه‌ى نووسینه‌كانم ناوه‌ڕۆكێكى كوردانه‌ی بێگه‌ردیان هه‌یه، بۆ نموونه كتێبێكم هه‌یه به ناونیشانى "گه‌نجینه‌كانى كه‌له‌پوورى كوردى له خه‌زێنه‌كانى پترسبۆرگدا" له ساڵى 2011 بڵاو كراوه‌ته‌وه، ئه‌م كتێبه ده‌نگدانه‌وه‌ى له وڵاتانى عه‌ره‌بى هه‌بوو، خوێنه‌رانى كورد بۆ یه‌كه‌مجار شاره‌زایى له ده‌ستنووسه‌كانى كولتوورى كلاسیكى كوردى په‌یدا ده‌كرد، دكتۆره شوكریه ره‌سووڵ له ساڵى 2015 وه‌ریگێڕایه سه‌ر كوردى، كتێبێكى تریشم هه‌یه به‌ناوى"لاپه‌ڕه كوردییه‌كان".
ڕاسته نه‌وه‌ى نوێ كوردى نازانێ، یان به باشى عه‌ره‌بى و زمانه‌كانى تر‌ى بیانى وه‌ك ئینگلیزى و فڕه‌نسایى و ئیتاڵى و رووسى نازانێت. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا پێویسته ئێمه فێرى زمانى ئه‌و وڵاتانه بین كه كوردستانى به‌سه‌ردا دابه‌ش كراوه بۆ ئه‌وه‌ى دۆزه‌كه‌ى خۆمان به گه‌لانى ئه‌و وڵاتانه بگه‌یه‌نین، بۆیه به بڕواى من نووسین به زمانى عه‌ره‌بى گرنگییه‌كه‌ى له نووسینى كوردى كه‌متر نییه.
پرسیارێكى تر‌ى گشتیمان هه‌یه له‌باره‌ى نووسینه‌كانت، خۆت ده‌رچووى كۆلیژى ئه‌ندازیارى و پسپۆڕییه‌كه‌ت وزه‌یه، به‌ڵام له نووسینه‌كانت ده‌رده‌كه‌وێت زۆر شه‌یداى ئه‌ده‌بى، بۆچى؟
كاتى خۆى به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینى رۆژنامه‌یه‌كى مه‌غریبى هه‌مان پرسیارى كرد و گوتى چۆن ده‌كرێت ئه‌ندازیارێك له باره‌ى ئه‌ده‌ب بنووسێ؟ من وه‌ڵامێكى به پێزم دایه‌وه و ئێسته‌یش دووباره‌ى ده‌كه‌مه‌وه. من ده‌ڵێم به‌خته‌وه‌ر بووم، خۆم زوو دركم به‌وه كرد كه نابێت نووسه‌ر له ژیان دابڕاو بێت، ده‌بێت له پاڵ كارى نووسینى ئه‌ده‌بى به پیشه‌یه‌كى تره‌وه خه‌ریك بێت، بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر و قووڵتر له ژیان بگات. من پێم وایه كاركردن له پیشه‌یه‌كى تر زیاتر ئاسۆى بیركردنه‌وه‌ى نووسه‌ر فراوان ده‌كات و له چه‌ند ڕه‌هه‌ندێكه‌وه له ژیان ده‌ڕوانێ.
زۆرینه‌ى نووسه‌رانى دنیا، به‌ر له‌وه‌ى ته‌نیا خۆیان بۆ كارى نووسین و داهێنان ته‌رخان بكه‌ن، به كاری تره‌وه خه‌ریك بوون، چیخۆف بۆلگاكۆف و یوسف ئیدریس و چه‌ندانى تر پزیشك بوون، ده‌یانى تر وه‌ك دۆستۆیڤسكى و لاتۆنۆڤ ئه‌ندازیار بوون. ڤیكتۆر شكلۆڤسكى كه رابه‌رى قوتابخانه‌ى فۆرمالیزم بوو، له كتێبى "ته‌كنیكه‌كانى كارامه‌یى ئه‌ده‌بى" ده‌ڵێ، "ده‌بێت نووسه‌ر كارێكى تر بكات، بۆ ئه‌وه‌ى ژیان بناسێ". به‌ڕاستى ئه‌و نووسه‌ره‌ى ته‌نیا به‌وه‌نده واز ده‌هێنێ له‌گه‌ڵ ئه‌دیبان كۆ ببێته‌وه و باسى ئه‌ده‌بیان له‌گه‌ڵ بكات، به‌رهه‌مێكى ئه‌ده‌بى راسته‌قینه‌ى نابێت. كارى تر وا ده‌كات تێڕوانینى نووسه‌ر فراوان بێت و له چه‌ند ره‌هه‌ندێكه‌وه سه‌یرى ژیان بكات.
من كاتێك بڕیارم دا ئه‌ندازیارى بخوێنم، هیچ شتێكى شكلۆڤیسكیم نه‌خوێندبووه‌وه، سه‌یرى ژیانى ئه‌دیبانى دنیام نه‌كردبوو، به‌ڵام ده‌مزانى نووسه‌ر و شاعیرانى خۆمان چۆن به‌ده‌ست نه‌دارییه‌وه ده‌ناڵێنن، ئه‌وان به بازنه‌ى داخراوى مه‌یخانه و چایخانه‌كان ده‌خولانه‌وه، به‌ڵام ژیان له مه‌یخانه‌كان فروانتر و جوانتره، له زۆر گوتن له‌باره‌ى ئه‌ده‌به‌وه قووڵتره.
چیخۆف ده‌یگوت "پزیشكى هاوسه‌رمه و ئه‌ده‌ب یاره‌كه‌مه". منیش ده‌ڵێم "ئه‌ندازیاریی هاوسه‌رمه و ئه‌ده‌ب یارمه".
ماوه‌یه‌كى زۆر له رووسیا خوێندووته، زۆر له رۆشنبیرانى كورد له یه‌كێتى سۆڤیه‌تى جاران خوێندوویانه و رۆشنبیرى گه‌وره‌شیان لێ هه‌ڵكه‌وت، رۆڵى یه‌كێتى سۆڤیه‌ت له په‌ره‌پێدانى رۆشنبیرانى كورد چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنی؟.
رێنسانسى رۆشنبیرى كورد له دواى شۆڕشى ئۆكتۆبه‌ره‌وه ده‌ستى پێ كردووه، چونكه به‌لشه‌فییه‌كان بایه‌خێكى زۆریان به رۆشنبیرى كوردى ده‌دا، ئه‌مه‌ش له بایه‌خدان به یه‌كه‌م ئه‌لفابێى كوردى به پیتى لاتینى ده‌رده‌كه‌وێت، له‌گه‌ڵ چاپكردنى كتێبى كوردى له قوتابخانه و كتێبه ئه‌ده‌بییه‌كان به‌م جۆره پیته، من له توێژینه‌وه‌كه‌م به‌ناوى "یه‌كه‌م ئه‌لفابێى كوردى ته‌واو به پیتى لاتینى" باسم كردووه. هه‌روه‌ها سۆڤیه‌ت له ناوچه كوردییه‌كانى ئه‌رمینیا و جۆرجیا خوێندنى كوردى كرده‌وه و دواتر په‌یمانگه‌ى پێگه‌یاندنى مامۆستایانى دامه‌زراند، یه‌كه‌م رۆژنامه‌ى كوردى به‌ناوى "رێیا تازه" ده‌رچوو، له‌گه‌ڵ چه‌ندان كارى تر، هه‌مووم ئه‌مانه له كاتێك ئه‌نجام ده‌دران، گه‌لى كورد له ژێر چه‌پۆكى سته‌م و داگیركردندا بوو له نیشتمانێكى دابه‌شكراودا.
كاتێكیش بارزانى نه‌مر له‌گه‌ڵ هاوڕێ پێشمه‌رگه‌كانى له رووبار‌ى ئاراس به‌ره‌و یه‌كێتى سۆڤیه‌ت په‌ڕینه‌وه، ژماره‌یه‌كى زۆر له‌وان چوونه په‌یمانگه و زانكۆكانى سۆڤیه‌ت. له سه‌رده‌مى خرۆشۆڤ بایه‌خى سۆڤیه‌ت به كورد زیاتر بوو، به‌تایبه‌تى دواى شۆڕشى 14ى ته‌مووز له عێراق، كه به‌ده‌یان قوتابی كورد روویان له یه‌كێتى سۆڤیه‌ت كرد، له سه‌رجه‌م بواره‌كان، ژماره‌یه‌كى زۆریش بۆ خوێندنى باڵا رۆیشتن، له په‌یمانگه‌ى رۆژهه‌ڵاتناسى و دواتریش گه‌ڕانه‌وه نیشتمان، ئه‌وان دڵسۆز بوون بۆ خزمه‌تى مێژوو و ئه‌ده‌بى كوردى.
باس له‌وه ده‌كرێت ئێسته په‌یمانگه‌ى لێكۆڵینه‌وه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له مۆسكۆ فه‌رامۆش كراوه، ساڵانێك له‌مه‌وبه‌ر پێشنیارى ئه‌وه هه‌بوو، حكوومه‌تى هه‌رێم هاوكارى په‌یمانگه‌كه بكات بۆ وه‌رگرتنى قوتابییانى كورد، تۆ بۆچوونت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته چییه؟
په‌یمانگه‌ى رۆژهه‌ڵاتناسى له رووسیا چه‌ند جارێك شوێنى له نێوان لینینگراد و مۆسكۆ گۆڕاوه و چه‌ندان جاریش ناوه‌كه‌ى گۆڕاوه. من لێره‌دا پێم باشه ناوه‌كه‌ى به "په‌یمانگه‌ى رۆژهه‌ڵاتناسى" بهێنم. له‌م په‌یمانگه‌یه‌دا چه‌ندان ده‌ستنووسى كوردى دۆزراونه‌ته‌وه و لێكۆڵینه‌وه و وه‌رگێڕانیان بۆ كراوه و دواتریش بڵاو كراونه‌ته‌وه.
چاكه‌ى یه‌كه‌مى ئه‌و په‌یمانگه، بۆ كوردناسى مه‌زن خاتوو مارگرێت رۆدینكۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه كه عاشقى ئه‌ده‌بى كلاسیكى كوردى بوو، زۆرترین لێكۆڵینه‌وه به‌هاداره‌كانى له چوار دیوارى ئه‌م په‌یمانگه‌یه ئه‌نجام داوه. به‌ر له رۆدینكۆ له‌لاى رۆژهه‌ڵاتناسانى رووس و بیانییه‌كانى تر بڕواى باو ئه‌وه‌بوو كولتوورى كورد بریتییه له به‌رهه‌مه فۆلكلۆرییه‌كان، گوایه كورد ئه‌ده‌بى كلاسیكى نووسراوى نییه، به‌ڵام رۆدینكۆ هات، ئه‌م وه‌هم و باوه‌ڕه‌ى پووچه‌ڵ كرده‌وه، كاتێك لێكۆڵینه‌وه‌ى له باره‌ى شاكارى مه‌م و زینى ئه‌حمه‌دى خانى ئه‌نجام دا كه به‌شێك بوو له پێویستى به‌ده‌ستهێنانى پله‌ى دكتۆرا له ئه‌ده‌بى كوردى. هه‌روه‌ها هه‌شت ده‌ستنووسى تر‌ى ساغ كرده‌وه، له‌وانه ئه‌و مه‌لا مه‌حموودى بایه‌یدى دۆزییه‌وه، من چاره‌گه سه‌ده‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر لێكۆڵینه‌وه‌یه‌كم به‌ناوى "مارگریت رۆدینكۆ و ژنه عاشقى ئه‌ده‌بى كوردى" ئه‌نجام دا و بڵاوم كرده‌وه.
جیا له‌م كوردناسه، چه‌ندان كوردناسى تر وه‌ك قه‌ناتى كوردویف و ئۆردخانى جه‌لیل و جه‌لیلى جه‌لیل وتسوكرمان له‌و په‌یمانگه‌یه كاریان كردووه. من به‌وردى له كتێبه‌كه‌م به ناوى "گه‌نجینه‌كانى كه‌له‌پوورى كوردى له خه‌زێنه‌كانى پترسبۆرگدا" باسى ئه‌و كێشانه‌م كردووه كه دواى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى یه‌كێتى سۆڤیه‌ت ئه‌م په‌یمانگه‌یه به‌ده‌ستیه‌وه ده‌ناڵێنێ، كاتێك كۆمه‌كى حكوومه‌تى له‌سه‌ر پچڕا. په‌یمانگه‌كه له حاڵه‌تێكدایه كه‌س دڵخۆش ناكات، ده‌یان ده‌ستنووسى كوردى له پترسبۆرگ له ژێر هه‌ڕه‌شه‌ى له‌ناوچوونن به‌هۆى كه‌شوهه‌واوه، تۆزى زه‌مانه و كه‌مته‌رخه‌مى دایپۆشیون. بۆیه به بڕواى من رزگاركردنى ئه‌م ده‌ستنووسانه ئه‌ركێكى نیشتمانییه به‌ره‌و كارێكى زانستى و رۆشنبیرى بێت.
من داوام له وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى كوردستان كردووه كه‌سێك بنێرێت وێنه‌ى ئه‌م ده‌ستنووسانه بگرێته‌وه كه ژماره‌یان 84 ده‌ستنووسه، نموونه‌یان له كوردستان و هیچ پایته‌ختێكى رۆژئاوادا نییه. هیوام وایه قوتابییانى خوێندنى باڵا ره‌وانه‌ى په‌یمانگه‌كه بكرێن بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م ئه‌ركانه ته‌واو بكه‌ن كه رۆدینۆكى كۆچكردوو و هاوڕێیانى له توێژه‌رانى كورد و رووس له یه‌كێتى سۆڤیه‌تى جاران ده‌ستیان پێ كردبوو.
وه‌ك ده‌زانین تۆ براى مامۆستاى مێژوونووس زوبێر بیلالى، ئایا چه‌ند كارت له‌سه‌ر ئه‌و كردووه، من وتارێكم بینى، به‌ڵام ئه‌و نووسینانه‌ت كۆ كردووه‌ته‌وه كه له‌باره‌ى ئه‌و نووسراوه خۆت هیچت نه‌نووسیوه؟
له ساڵى 1971 كاتێك كتێبى "هه‌ولێر له رۆڵه مێژووییه‌كانیدا" ده‌رچوو كه له‌لایه‌ن مێژوونووسى ناسراو و كۆچكردوو زوبێر بیلالى برام ده‌رچوو، یه‌كێك له قوتابیانى ماسته‌ر له كۆلیژى ئادابى زانكۆى به‌غدا له رۆژنامه‌ى "ته‌ئاخى" وتارێكى له‌سه‌ر نووسیبوو. ئه‌و قوتابییه گوتبووى به‌شى یه‌كه‌مى كتێبه‌كه بۆ جیۆگرافیاى هه‌ولێر و كوردستان ته‌رخان كراوه، جا پرسى بووى جیۆگرافیا و مێژوو چ پێوه‌ندییه‌كى به‌یه‌كه‌وه هه‌یه؟ منیش وه‌ڵامێكى درێژ و به‌هێزم دایه‌وه، له هه‌مان رۆژنامه بڵاو كرایه‌وه و باسم له پێوه‌ندى راسته‌وخۆى جیۆگرافیا و مێژووم كردبوو. له وتاره‌كه باسم له‌وه كردبوو "نه‌فره‌تى جیۆگرافیا" وایكردووه كوردستان له سه‌ربه‌خۆیى بێبه‌ش بێت. به‌ڵام كاتێ وه‌ڵامه‌كه‌م بڵاو بووه‌وه، هه‌ندێك له براده‌رانم له هه‌ولێر گله‌یییان لێ كردم و گوتیان "ناكرێت تۆ له‌سه‌ر به‌رهه‌مى براكه‌ت بنووسى" چونكه ئه‌مه به‌رگرییه یان هه‌ندێك به‌لایه‌نگریى ده‌زانن. له‌و رۆژه‌وه زۆر هه‌وڵ ده‌ده‌ن له‌سه‌ر كتێبه‌كانى زوبێر بیلالى برام نه‌نووسم، وام پێ باشتر بوو راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ خۆى له‌سه‌ر هه‌ر كتێبێكى نوێى بدوێم. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من بایه‌خێكى زۆر به كولتووره‌كه‌ى ئه‌و ده‌ده‌م، دواجاریش كتێبخانه‌ى ته‌فسیر له هه‌ولێر سه‌رجه‌م كتێبه‌كانى ئه‌و چاپ ده‌كاته‌وه، منیش سه‌رقاڵى ئاماده‌كردنى ئه‌و كاره مه‌زنه‌م كه ئه‌ركى پێداچوونه‌وه‌یان له ئه‌ستۆى منه.
ئایا كاریگه‌ریی مامۆستا زوبێرت له‌سه‌ر نه‌بووه، ده‌بینین زۆر كه‌متر بایه‌خ به مێژوو ده‌ده‌یت، زیاتر نووسینه‌كانت له‌سه‌ر ئه‌ده‌ب و رۆشنبیرییه؟
زوبێر بیلال به‌ر له‌وه‌ى برام بێت هاوڕێى فیكرم بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا من بایه‌خى سه‌ره‌كیم بۆ ئه‌ده‌به، به ئێسته‌شه‌وه، من زۆریش بایه‌خ به مێژووى كورد و كوردستان ده‌ده‌م، یه‌كه‌م كه‌س كتێبه‌كه‌ى لازاریفى وه‌رگێڕِا، به‌ناوى "دۆزى كورد له نێوان 1881- 1017" من بووم. ئه‌و كتێبه به عه‌ره‌بى له‌گه‌ڵ گۆڤارى "شمس كردستان" له حه‌فتاكان بڵاو كرایه‌وه، دواتر به‌ر له 2003 له گوڵانى عه‌ره‌بى بڵاو كرایه‌وه. چه‌ندان كارى تری مێژووییم كردووه.
له‌گه‌ڵ دنیاى نوێى ته‌كنه‌لۆجیا پێوه‌ندیت چۆنه، ئایا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌وانى ئه‌لیكترۆنى ته‌بای؟
هه‌ر شتێك نوێ و گرنگ بێت له دنیاى زانست و ته‌كنه‌لۆجیا من بایه‌خى پێ ده‌ده‌م، كۆمه‌ڵێك توێژینه‌وه‌م له‌باره‌ى شۆڕشى ته‌كنه‌لۆجیا له گۆڤارى سه‌قافه‌ى عێراق بڵاو كردووه‌ته‌وه كه له حه‌فتاكان و هه‌شتاكان ده‌رده‌چوو. هه‌روه‌ها ماوه‌یه‌ك سه‌رنووسه‌رى گۆڤارى "موهه‌ندیس" بووم كه له به‌غدا ده‌رده‌چوو، من ناتوانم ده‌ستبه‌ردارى ته‌كنه‌لۆجیای زانیارى و ئینته‌رنێت بم، تا ئێسته زیاتر له 300 توێژینه‌وه‌م له سایته‌كان بڵاو كردووه‌ته‌وه، جیا له‌وه‌ش چه‌ندان وتارى ترم له گۆڤار و رۆژنامه عه‌ره‌بییه‌كان بڵاو بوونه‌ته‌وه، له‌وانه فه‌یسه‌ڵى سعوودى و حه‌یاتى له‌نده‌نى.
ئێسته گۆڤاره رووسییه‌كان توێژینه‌وه‌كان له‌باره‌ى ئه‌ده‌بى رووسى كه به عه‌ره‌بیم نووسیوه، ده‌به‌ن و به رووسى بڵاوى ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام خۆم حه‌ز ده‌كه‌م نووسینه‌كانم له‌باره‌ى ئه‌ده‌بى رووسى به زمانى رووسى بڵاو بكه‌مه‌وه و به‌منزیكانه‌ش بڵاو ده‌بێته‌وه.
ئه‌وه‌ى سه‌یرى ئه‌رشیفى تۆ بكات له سایت و رۆژنامه‌كان، ده‌زانێت ته‌مه‌نێكى زۆره له چه‌ندان بوارى جیاواز كارت كردووه، ئایا به‌نیاز نیت بیروه‌رییه‌كانت بنووسیته‌وه؟
كاتى خۆى لێكۆڵینه‌وه‌كه‌م به‌ناوى "یاداشتى كه‌سى، سۆزێك بۆ رابردوو یان ئاره‌زوویه‌ك بۆ نه‌مریى" بڵاو كردووه‌ته‌وه. تێیدا باسى ئه‌وه‌م كردووه كه یاداشتنامه كۆمه‌ڵێك جۆرى هه‌یه، له‌وانه یه‌كێك له‌باره‌ى خۆى ده‌نووسێته‌وه، مه‌به‌ستى بڵاوكردنه‌وه نییه، یان كه‌سێك ئاره‌زوو ده‌كات، دواى كۆچكردنى كاریگه‌رییه‌كى دوورتر دابنێ، به‌ڵام هیچ نووسه‌رێك ناتوانێ زۆر راشكاو بێت له گێڕانه‌وه‌ی یاداشته‌كانى. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌ندێك یادگاریى هه‌ن له یادوه‌ریم ناسڕێنه‌وه، بۆیه په‌نام بردووه‌ته به‌ر شێوازێكى تر. وابزانم له شێوه‌ى یاداشتى رۆژانه‌یه كه به‌شێوه‌ى چیرۆك ده‌یگێڕمه‌وه، له‌وانه به‌شێكم له رۆژنامه‌ى "رأی الیوم"ى له‌نده‌نى بڵاو كردووه‌ته‌وه به‌ناونیشانى "توانه‌وه‌ى به‌فر له ژوورى جگه‌ره‌كێشان".
دواین كتێبت له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵاتى پێنجه‌م بوو، كاردانه‌وه‌ى ئه‌م كتێبه له‌سه‌ر خوێنه‌ر چى بوو، ئایا بیرت له‌وه نه‌كردووه‌ته‌وه به كوردى بڵاوى بكه‌یته‌وه؟
چاپى یه‌كه‌مى كتێبى ده‌سه‌ڵاتى پێنجه‌م له ساڵى 2014 له ده‌زگه‌ى موكریان به زمانى عه‌ره‌بى بڵاو كرایه‌وه و له‌لایه‌ن خوێنه‌رانه‌وه پێشوازییه‌كى گه‌رمى لێ كرا، كه زۆربه‌یان راگه‌یاندنكار و مامۆستا و قوتابییانى به‌شى راگه‌یاندنى زانكۆكانى كوردستان بوون. ناوه‌ڕۆكى كتێبه‌كه زۆر نووسییه، باس له به‌شێك رێباز و قوتابخانه‌ى نوێى راگه‌یاندن ده‌كات له دنیادا له‌گه‌ڵ رۆڵى ئینته‌رنێت و چه‌ندان ته‌وه‌رى گرنگ. ئه‌مساڵ له دیمه‌شق له‌لایه‌ن خانه‌ى "الزمان" دووباره به عه‌ره‌بى چاپ كرایه‌وه.
من حه‌ز ده‌كه‌م بخرێته سه‌ر زمانى كوردى و ئه‌گه‌ر كاتم هه‌بوو بڵاوى بكه‌مه‌وه، به‌ڵام من مه‌ینه‌تییه‌كى زۆرم له‌گه‌ڵ دابه‌شكردنى كتێبه‌كانم هه‌یه له كوردستان، چونكه نووسینگه‌ى تایبه‌ت به دابه‌شكردنى كتێب له هه‌رێم نییه، ئه‌مه‌ش ته‌نیا كێشه‌ى من نییه، به‌ڵكو كێشه‌ى هه‌موو نووسه‌ر و شاعیرانى هه‌رێمه، هیوام وایه به‌مزووانه چاره‌سه‌ر بكرێت و وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى ئاوڕێك له‌م كێشه‌یه بداته‌وه.