نووسینگەی مەسروور بارزانی: لاهور و میدیاكانی چەواشەكار و تەزویرچین

:: AM:10:52:31/07/2018 ‌
نووسینگەی مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیەنراوێكدا وەڵامی ڕاپۆرتێكی چەواشەكارانەی چەند میدیایەكی سەر بە لاهور جەنگی دەداتەوە و دووپات لەوە دەكاتەوە ئەو زانیاریانە زادەی خەیاڵ و بیركردنەوەی خۆیانن.

هەفتەنامەی "ژیان و سایتی میللەت"ی لاهور جەنگی، لە ڕاپۆرتێكی چەواشەكارانەدا بڵاویان كردووەتەوە كە "پاڵاوگەكانی دهۆك داناخرێن، چونكە سەر بە مەسروور بارزانی"ن.

لە بەرانبەردا ڕاگەیەنراوەكەی نووسینگەی مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، رای دەگەیەنێت، "خەڵكی دهۆكی خۆڕاگر و ڕای گشتی كوردستان دەزانن، ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دوور و نزیك پێوەندی بە هیچ پاڵاوگەیەكەوە نییە، نە لە دهۆك و نە لە هیچ ناوچە و شوێنێكی تر، ئەم ڕاپۆرتەیش تەنیا زادەی بیركردنەوە و خەیاڵەكانی لاهور جەنگییە كە خۆی بە ناوبانگە بۆ درۆ و ساختەكاری و تەزویر".

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بەوەیش دراوە، هەمووان ئاگادارن ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان فاكتەرێكی بەهێزی چەسپاندن و سەروەری یاسایە و لەو پێناوەیشدا هەوڵەكانی بەردەوامە بۆ ڕێگرتن لە كارە نایاسایییەكانی ساختەكاران.



وشە - باز ئه‌حمه‌د