دوای تۆماركردنی ناوی كاندیدانی بەر لە دەست پێكردنی هەڵبژاردنەكان بە دوو مانگ، لیستەكەی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كێشە و دەست لەكاركێشانەوەی تێكەوت.
ئەمڕۆ چوارشەم یەكی ئاب/ ئۆگستس، ڕەنج قەرەداغی كاندیدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ هەڵبژاردنەكانی 30 ئەیلوول كشانەوەی لە هەڵبژاردنەكان ڕاگەیاند.
ئەو كاندیدەی یەكێتی لە پۆستێكی لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی نووسیویەتی، جەماوەری یەكێتی سوپاسم بۆ لیژنەی هەڵسەنگاندنی سی ڤی و مەڵبەندی سلێمانی و ئەنجوومەنی ناوەند و مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، داوای لێبوردن لە هەموو ئەو كەس و لایەنە رێزدارانە، رای دەگەیەنم كە بەخواستی خۆم و بەراوێژ لەگەڵ دەسەڵاتدارانی باڵای حزبەكەم بڕیارم دا لەكاندیدبوونم بكشێمەوە.
ئەو كاندیدەی یەكێتی ئاشكرای كردووە كە ئەو بڕیارەی لە تێڕوانینی خۆی و لە بەرژەوەندی خۆی و یەكێتیشدایە.
كشانەوەی ئەو كاندیدەی یەكێتی دەبێت بە یەكەمین كاندیدی پەرلەمان كە كشابێتەوە كە ئێستە 700 كاندید لە ماوەیەكی مانگی داهاتوو كێبەركێ دەكەن بۆ بەدەستهێنانی 111 كورسیی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمان.
هەرچەندە ئەو كاندیدە هیچ ئاماژەیەكی نەداوە بەهۆكاری كشانەوەی، ڕەنگە بەهۆی ململانێی ناو حزبەكەی بێت كە لە ڕابردوو ئێستەش بەردەوامە.
دەست لەكار كێشانەوەی ئەو كاندیدەی یەكێتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە كاتێكدایە ئەو حزبە بەهۆی باڵباڵین و فرە مینبەری بە دەست زۆر كێشەوە دەناڵێنێت.
ڕۆژی هەشتی ئایار/مایۆ، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە مەرسوومێك ڕۆژی 30 ئەیلوول/سێپتێمبەری بۆ ئەنجامدانی خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دیاری كرد و كۆمیسیۆنیش دەستی بە ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە كردووە، پەرلەمانی كوردستان لە 111 كورسی پێك دێ، 11 كورسی بۆ پێكهاتە نەتەوەیییەكانی كوردستان دیاری كراوە و لە 19ی ئایار/مایۆی 1992 هەڵبژاردنی خولی یەكەم ئەنجام درا، لە 2005 و 2009 و 2013 خولی دووەم و سێیەم و چوارەمی پەرلەمان هاتنە هەڵبژاردن.