مەسروور بارزانی: ده‌مانه‌وێ له‌گه‌ڵ عێراق ببینه‌ دراوسێ

:: PM:09:43:08/12/2016 ‌

ڕاوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕای دەگەیەنێ زۆر رێگامان لەگەڵ بەغدا تاقی کردەوە، بەڵام هیچیان سەرکەوتوو نەبوون، ئێسته‌ش پێویستە بیر لە ئەڵتەرنەتیڤی دیکە بکەینەوە و دەکرێ لەداهاتوودا وەکو دوو دراوسێ پێکەوە بژین.


ئەمڕۆ پێنجشەم،  شانده‌كه‌ی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمه‌ریکا بە سەرۆکایەتی مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمیتەی پێوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمه‌ریکا کۆبوونەوە و تێیدا به‌ ئاماده‌بوونی بۆب کۆرکەری سەرۆکی کۆمیتەکە و بێن کاردنی جێگری کۆمیتە و ماڕکۆ رۆبیۆی ئەندامی باڵا لە کۆمیتەکە و کاندیدی پێشووی کۆمارییەکان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی ئەمه‌ریکا به‌ڕێوه‌چوو، بۆب کۆرکەر کە یەکێکە لە کاندیدانی پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمه‌ریکا رایگەیاند، پێویستە هاوکاریی دارایی کوردستان بکرێت بۆ ئەو مەبەستەش ئەو کۆمیتەیە قسە لەگەڵ ئیدارەی ئەمه‌ریکا دەکات و گوتیشی گەلی ئەمه‌ریکا رێزێکی تایبەتی بۆ قوربانییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە.
 
لەبارەی پشتیوانی سیاسی ئەمه‌ریکا بۆ کوردستان، بێن کاردین، جێگری سەرۆکی کۆمیتەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمه‌ریکا رایگەیاند: لەنێو کۆنگرێسدا، کورد پشتیوانییەکی زۆری هەیە، ئەمەش بەهۆی لێهاتوویی سەرکردایەتی کورد، بەڵێنی ئه‌وه‌شی دا کە ئەمه‌ریکا پابەندی هاوپەیمانێتییەکەی لەگەڵ کورد ده‌بێت.
 
له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا مەسروور بارزانی گوتی: کوردستان پابەندە بە هاوکاریکردنی ئەمه‌ریکا لەشەڕی داعش و ئاشکراشی كرد، پێویستە بۆ قۆناخی دوای داعش رێککەوتنێکی سیاسی له‌ مووسڵ هەبێت. 
ڕاشی گه‌یاند: پێویسته‌ بەدوای دۆزینەوەی هۆکارەکانی دروستبوونی داعشدا بگەڕێین، تاوەکو له‌ ئاینده‌دا گروپی هاوشێوەی داعش سەرهەڵنەدەنەوە.
 
لەبارەی رۆڵی کورد لە هاوکاریکردنی ئاوارەکان، مەسروور بارزانی بە بەرپرسانی باڵای کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمه‌ریکای راگەیاند، هەرێمی کوردستان هاوکاریی زۆری ئاوارەکانی کردووە. 

سه‌باره‌ت به‌ داهاتووی عێراق، راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان رای گەیاند: ئەو سنوورانەی ئێستاکە هەن، لەسەر ویستی خەڵکی کوردستان نەبووە و ئاماژەی بەوەش کرد کە زۆر رێگامان لەگەڵ بەغدا تاقی کردەوە، بەڵام هیچیان سەرکەوتوو نەبوون، ئێسته‌ش پێویستە بیر لە ئەڵتەرنەتیڤی دیکە بکەینەوە و دەکرێ لەداهاتوودا وەکو دوو دراوسێ پێکەوەبژین.
 
لە ڕۆژی سێی كانوونی یەكەم/ دیسێمبەر، مەسروور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەگەڵ شاندێكی یاوەری چوونە ئەمەریكا تا لەوێ خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە، لەتەك خەباتی دیپلۆماتییانەی گونجاودا، جارێكی تر پرسی داهاتووی هەرێمی كوردستان لە ناوچەكە تاوتوێ بكات.

لە یەكەم وێستگەشیدا لە ناوەندی گەشەپێدانی ئەمەریكا، مەسروور بارزانی بیروبۆچوونەكانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەم ناوەندە، لەبارەی وتوێژەكانی نێوان هەولێر و بەغدا تاوتوێ كرد، بە ئامانجی دەستەبەركردنی مافەكانی كورد لە ناوچەكەدا.

هەر لەو سەردانەدا، بڕیارە سبەی پێنجشەم لە سەنتەری "وۆدرو ویلسۆن"ی نێودەوڵەتی لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریكا، ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بابەتێك بە ناونیشانی "دەسەڵات و ئاسایش لە قۆناغی دوای داعش لە عێراقدا" لە میانی پرۆگرامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شی بكاتەوە.


وشە - كوردۆ شابان