حكوومهتی ههرێمی كوردستان و حكوومهتی بهریتانیا گهیشتنه رێككهوتنێك لهسهر پێدانی قهرز به بڕی 34.8 ملیۆن دۆلار به حكوومهتی ههرێمی كوردستان وهك قۆناخی یهكهمی پرۆژەی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و سلێمانی.
ماڵپهڕی فهرمی حكوومهتی ههرێمی كوردستان ئهمڕۆ پێنج شهمه 8/12/2016 راگهیهندراوێكی لهمبارهیهوه بڵاوكردۆتهوه و ئاماژهی به ناوهڕۆكی رێككهوتننامهكه كردوه كه ناردنی ئهو قهرزه وهك قۆناخی یهكهمه بۆ چاككردنی پڕۆژهی ئاو و ئاوهڕۆی ههولێر و سلێمانی.
دهقی راگهیهندراوهكهی حكوومهتی ههرێمی كوردستان:
حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئاژانسی قەرزبەخشی سەر بە حکومەتی بەریتانیا UKEF گەیشتنە رێکەوتنێك بۆ دابینکردنی تێچووی قۆناغی یەکەمی گرێبەستی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیای ئەندازیاریی ئاویی بەڕیتانی Biwater بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو و ئاوەڕۆ لەهەردوو شاری هەولێر و سلێمانی.
UKEF رەزامەندی پیشاندا بۆ پێدانی 34.8 ملیۆن دۆلاری ئەمریکی وەك قەرز به حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ قۆناغی یەکەمی پرۆژەی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر و سلێمانی دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم لە ساڵی 2015 گرێبەستێك لەگەڵ کۆمپانیای Biwater مۆرکرد بە بڕی 1.2 ملیار دۆلار. ئهوه یەکەم قەرزە حکومەتی هەرێم بە پێی یاسای ژمارە (7) ساڵی 2015 وەردهگرێت، کە تایبەتە بە راکێشانی مایە لە رێگەی قەرزکردن.
ئەم رێکەوتنە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییهی لەسەر ژێرخانی ئاوی هەیە و پشتبەستنی هەرێمی کوردستان بە ئاوی ژێرزەوی کەم دەکاتەوە و کاردانەوەی ئەرێنی لەسەر سامانی ئاویی و ژینگەی هەرێمی کوردستان دەبێت. لە چوارچێوەی ئەم رێککەوتنەدا، پڕۆژەی پێشکەوتوی "یەکەی چارەسەرکردنی ئاو" کە توانای لەخۆگرتنی600,000 مەتر سێجا ههیه لە هەولێر دروست دەکرێت و لەگەڵ نوێکردنەوەی پرۆژەی "یەکەی چارەسەرکردنی ئاو". ئەمە سەرەڕای دابینکردنی ئامێری هەرە پێشکەوتوو بۆ چارەسەرکردنی ئاوی پیس.
قۆناغی یەکەم ،گشت رووماڵ و هەڵسەنگاندنەکانی پرۆژەکە لەخۆ دەگرێت وەك هەلسەنگاندنی کاریگەری پرۆژەکە لە رووی کۆمەڵایەتی و ژینگەییەوە.
سێر ئەدریان وایت، سەرۆکی کۆمپانیایBiwater رایگهیاند "لەوەتهی دامەزراندنی Biwater له ساڵی 1968 چەندین پرۆژەی سەرەکی نێونەتەوەیی ئاو و ئاوەڕۆمان لە سەرانسەری جیهان ئەنجام داوە بە رۆژهەڵاتی ناوەراستیشەوە، مۆرکردنی ئەم گرێبەستە لە کوردستان وەرچەرخانێکی سەرەکییە لە دابینکردنی تەکنۆلۆژیای پێشکەوتوو بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەرێمدا."
بەبۆنەی واژووکردنی ئەو گرێبەستە و رێکەوتنی وەرگرتنی قەرز، سەرۆك وەزیران نێچیرڤان بارزانی رایگهیاند "هەنگاوێکی گرنگە بۆ بەرەو پێشبردنی ژیانی رۆژانەی دانیشتوانی هەولێر و سلێمانی. هەروەها بۆ جاری یەکەمە حکومەتی بەریتانیا بەشێوەیەکی راستەوخۆ قەرز دەداتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پێشخستنی ژێرخانهكهی. ئێمە هیوادارین پێدانی ئەم قەرزە ڕێگا خۆشکەر بێت بۆ دابینکردنی سەرمایەی پێویست بۆ قۆناغەکانی تری ئەم پرۆژە گرنگە و پێزانینی خۆمانیش ئاراستەی حکومەتی بەریتانیا دەکەین کە لە ئاستێکی باڵادا پشتگیری ئەم پرۆژەیان کردووە، ئەوەش کاردانەوەی پەیوەندی نزیك و بەرهەمداری نێوان بەریتانیا و هەرێمی کوردستان پیشان دهدات".
بەڕێز گرێگ هاندس وەزیری بەریتانیا بۆ کاروباری بازرگانی سەرمایەداری لهمبارهوه رایگهیاند "ئەوه هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ کۆمپانیایBiwater و هەناردەی بەریتانی و خۆشحاڵم کە UKEF تێچووی ئەم گرێبەستە گرنگە دابین دەکات. ئەوه پیشان دەدات دەتوانرێت چی بەدەست بهێنرێت کاتێك تەکنۆلۆژیای بەریتانی لەکاتی گونجاودا لە لایەن حکومەتی بەریتانی پشتگیری دەکرێت. ئەم پرۆژەیە سوودێکی مەزنی بۆ کوردستان دەبێت و دەرفەتێکی مەزنیش بۆ کۆمپانیاکانی بەریتانیا دەرەخسێنیت."