رۆژنامەیەكی ئیسپانی ئاشكرای كرد كە یانەی ریال مەدرید باشترین چارەسەری بۆ رۆیشتنی ئەستێرەكەی پێشووی كریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی بۆ یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی لە یارییەكانی وەرزی نوێدا دۆزیوەتەوە.
رۆناڵدۆ دوای 9 ساڵ یاریكردن لە ریزی یانەی ریال مەدرید، ماوەیەك پێش ئێستا بە گرێبەستێكی 4 ساڵە و بەبەهای 112 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە یانەی یۆڤێنتۆسەوە كرد.
یانەی ریال مەدرید لەم هاوینەدا هەوڵێكی زۆری دا بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ یاریزانێكی سوپەر تا شوێنی رۆناڵدۆ لە یارییەكانی وەرزی داهاتوو پڕ بكاتەوە، بەڵام لەسەرجەم هەوڵەكانیدا بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ نیمار دا سیلڤای بەڕازیلی، ئیدین هازاردی بەلجیكی، كیلیان مباپێی فڕەنسی و هاری كینی ئینگلیزی شكستی خواردبوو.
رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: بەرپرسانی یانەی ریال مەدرید پێیانوایە هیچ یاریزانێك لەمانە جگە لە نیمار، شایستەی ئەوە نین زیاتر لە 100 ملیۆن یۆرۆیان پێ بدەن كە سەرجەمیان لەلایەن یانەكانیانەوە بە زیاتر لە 200 ملیۆن یۆرۆ داواكراون.
یانەی ریال مەدرید لەسەر فەرمانی جولین لۆپیتیگی راهێنەری نوێ بڕیاریداوە واز لە هەموو بژاردەكان بێنێ و رۆڵی رۆناڵدۆ لە یارییەكانی وەرزی داهاتوودا بە ئەستێرەیەكی لاوی تیپەكەی ببەخشێ.
ئەم ئەستێرە لاوەش ماركۆ ئەسینسیۆیە كە راهێنەرە نوێیەكە پلانی داڕشتووە بیكات بە یەكێك لە ئەستێرە هەرە گەورەكانی تیپەكەی و جیهان.
سەرچاوەكە هەروەها جەختیشی كردەوە كە فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید فەرمانی كردووە واز لە هەموو هەوڵەكانیان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەستێرەكان بێنن و لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی وەرزی داهاتووشدا هەموو توانای خۆیان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ نیمار بەكاربێنن.