وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ساڵی ڕابردوو پسوڵەی ژمارە 24 و 25ی بەسەر هاوڵاتیان دابەشكرد بەڵام تەنها نەوت بە پسوڵەی ژمارە 24ی بەسەر هاوڵاتیان دابەش كرا و نەوت بە ژمارە 25 دابەش نەكرا، لە كاتێكدا پارە لە هاوڵاتیان وەرگیراوە.
محەمەد حەسیب، بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكان لە شاری سلێمانی لەو بارەوە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، كاتێك ئەو پسوڵە بەسەر هاوڵاتیان دابەش كراوە، ئەو لەو پۆستە نەبووە، بەڵام لەگەڵ پارێزگاری سلێمانی، سەردار قادر قسە لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتە كە پارە لە هاوڵاتیان وەرگیراوە و نەوت دابەش نەكراوە.
گوتیشی: "لە ڕێگەی پارێزگارەوە داوا لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەكەین كە دەبێت هەرچۆنێك بێت بڕێك نەوت دابین بكات بۆ ئەوەی بدرێتە ئەو هاوڵاتیانە، چونكە كەسی وا هەیە بڕێكی زۆر لەو پسوڵانەی كڕیووە بە پارەیەكی زۆر، ئێستە نەوتەكەی دابەش نەكراوە".
بۆ هەر پسوڵەیەك بڕی 2 هەزار و 500 دینار لە هاولاتیان وەرگیراوە لە سنوری پارێزگەکە نزیکەی 500 هەزار خێزان هەیە كۆی گشتی ئەو پارەیە كە لە هاوڵاتیان وەرگیراوە 1 ملیار و 250 ملیۆن دینار دەکات.
لای خۆیەوە بەختیار عەبدوڕەحمان، قائیمقامی مەركەزی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو پارەیەی كە لە هاوڵاتیان وەرگیرا بۆ پسوڵە، بۆ ئەو نەوتە بوو كە حكومەت دابەشی دەكرد بەسەر هاوڵاتیان، بەڵام حكومەت لە مانگی پێنجی ئەمساڵ بە فەرمی داوای كرد كە چیتر ناتوانێت نەوت دابەش بكات بەسەر هاوڵاتیان.
گوتیشی: "ئێستە ئەو نەوتەی كە دابەش دەكرێت بەسەرهاوڵاتیان، نەوتی حكومەت نییە، بەڵكو نەوتی كەرتی تایبەتە و بە كارتی زیرەك دابەش دەكرێت".
سنوری پارێزگەی سلێمانی پێویستی بە زیاتر لە 100 ملیۆن لیتر نەوت هەیە بۆ دابەشكردنی یەك بەرمیل نەوت بەسەر هاوڵاتیان، پارێزگەكەش نزیکەی 500 هەزار خێزان لە خۆدەگرێت.
وشە/ سلێمانی. هۆشیار عەلی
پێداچوونەوە/ ر.م