بەر لە جەژن مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەش دەكرێت

:: AM:10:21:04/08/2018 ‌
بە داهاتی فرۆشتنی نەوت و بڕی پارەی هاتووی عێراق، وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان تا 21 ئاب دابەش دەكات.

ئەمڕۆ شەموو چواری ئاب، سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەزارەتی دارایی و ئابوری خەریكی ئامادەكارییە بۆ دابەشكردنی مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان.

ئەو سەرچاوەیە گوتی، بەر لە جەژن مووچەی سەرجەم وەزارەتەكان دابەش دەكرێت، ئەمەش بەو بڕە پارەیەی لە نەوتی هەرێمی كوردستان بەدەست دێت و ئەو بڕە پارەیەی لە حكوومەتی عێراق ڕەوانە دەكرێت.

ئاماژەی دا، دابەشكردنی مووچە لە سبەی یەكشەم پێنجی ئاب دەست پێ‌ دەكات.

پێتشر شیلان شێخ جەعفەر سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاندبوو، بەپێی خشتەی نوێ‌ بڕیارە وەزارەتی پێشمەرگە یەكەمین وەزارەت بێت بۆ وەرگرتنی مووچە لەو مانگە.

سەرۆكی لیژنەی پێشمەرگە گوتی، پێشتر مووچەی پێشمەرگە یەكەمین مووچە بوو، بەڵام بەهۆی ڕێكخستنەوەی لیواكان دوا دەخرا، بەڵام لەلایەن وەزارەتی دارایییەوە پێمان ڕاگەیەنراوە لەو مانگەوە لەخشتە مووچەی پێشمەرگە پێش خراوە.

ماوەی چەند مانگێكە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەوڵەكانی چڕ كردووەتەوە بۆ ئەوەی 30 ڕۆژ جارێك مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان دابەش بكات و مووچەكەیش بەپێی كەمكردنەوەی ڕێژەی پاشەكەوت دەبێت كە حكوومەت بڕیاری لەسەر داوە.

هاوكات نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە دوایین كۆنگرەی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، گرنگە بۆ حكوومەت بتوانێ‌ 30 ڕۆژ جارێك مووچە دابەش بكات و دووپاتیشی كردەوە كە ئاسۆ ڕوونە و ڕۆژە سەختەكان تێدەپەڕێنین.



وشە - رامیار جەواد