ئێران لەگەڵ دەستپێکردنەوەی سزا ئابوورییەکانی مانۆڕی سەربازی ئەنجام دەدات

:: PM:09:31:05/08/2018 ‌
سوپای پاسداران پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران دوور لە چاوی میدیا و بە بێدەنگی مانۆڕێکی سەربازی لە کەنداو دەست پێ کردووە، هەرچەند پێشتر ئەمەریکا رای گەیاندبوو ئەوان بە وردی چاودێری جوڵەکانیان دەکەن، بەڵام ئەمڕۆ بە فەرمی فەرماندەی ئەو سوپایە بەڕێوەچوونی مانۆڕەکەی پشتڕاست کردەوە.

بڕیارە سبەی یەکەم خولی گەڕاندنەوەی سزاکانی پێوەست بە دۆسیەی ناوه‌کی بۆ سەر تاران دەست پێ بکاتەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەم پێنجی ئاب، رۆژێک بەر لە دەستپێکی ئەو سزایانە، رەمەزان شەریف گوتەبێژ و بەرپرسی پێوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران، لە کۆنفرانسێکی میدیاییدا بەڕێوەچوونی مانۆڕی سەربازی لە کەنداو و گەرووی هورمز پشتڕاست کردەوە.

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە نامەیەکی فەرمی کشانەوەی وڵاتەکەی لە رێکەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی 5+1 راگەیاند، گرژی کەوتە نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵات، ترەمپ دوابەدوای هاتنەدەری وڵاتەکەی لە رێکەوتنەکە رای گەیاند، نیازیان هەیە لە رووی ئابوورییەوە کۆماری ئیسلامی ئێران داڕمێنن بۆ ئەوەی چیتر نەتوانێ چەک و لۆجەستیک بۆ گروپە تیرۆریستییەکان لە عێراق و سووریا و ئوردن بنێرێت.

حەسەن رووحانی، سەرۆک کۆماری ئێران رۆژی یەکشەم 22ی تەمووز/یۆلیۆ لە کۆبوونەوە لەگەڵ سەرجەم نوێنەرانی وڵاتەکەی لە دنیا بە زمانی هەڕەشە لەبارەی راگرتنی هەناردەی نەوتی وڵاتەکەی دوا و رای گەیاند، وا باشە ترەمپ یاری بە ئاگر نەکات و لە ئەگەری راگرتنی نەوتی ئێران، سوپای ئەو وڵاتەیش گەرووی هورمز لە کەنداو دەگرێت و رێگە نادات یەک بەرمیل نەوت هەناردەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت.

رۆژێک دوای ئەو هەڕەشانەی رووحانی، دۆناڵد ترەمپ لە توویتێکدا نووسی، بۆ سەرۆک کۆماری ئێران: جارێکیتر هەرگیز، هەرگیز نەکەی هەرەشە لە ئەمەریکا بکەیت، چونکە داهاتوویەک چاوەڕوانت دەکات کە لە مێژوودا کەم وێنە بێت، ئێمە ئیتر ئەو وڵاتە نین لێدوانە شێتانەکانی ئێوە لەبارەی توندوتیژی و خوێنڕشتنەوە قبوڵ بکەین، بۆیە ئاگاداربن.

رۆژی سێشەم 10ی تەمووز، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە سەردانێكی كورتیدا بۆ ئیمارات لەگەڵ محەمەد بن زاید، شازادەی جێنشینی ئەو وڵاتە تاوتوێی رەفتارە میلیشیاییەكانی كۆماری ئیسلامی ئێرانیان كرد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دواتر بە میدیاكانی راگەیاند، تاران بەم زووانە دەیبینێت چ باجێكی قورس لە پێناو رەفتارە نەشیاوەكانی لە كەنداو دەدات.

گەرووی هورمز یەکێک لە ستراتیجیترین گەرووە ئاوییەکانە کە لە رێگەیەوە وڵاتانی کەنداو نەوت هەناردەی جیهان دەکەن، هەرەشەی داخستنی ئەو گەروویە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران، ئەمەریکای دنەدا جارێکیتر بیر لە درووستکردنی ناتۆی عەرەبی بە سەرۆکایەتی عەرەبستانی سعوودی بکاتەوە و دڵنیایی ئەوەی بە هەناردەکارانی کەنداو دا کە هیچ گرفتێکیان بۆ درووست نابێت لە هەناردەی بەرهەمە نەوتییەکانیان.

ئاژانسی هەواڵی دویچەوێلەی ئەڵمانی رای گەیاندووە، بەرپرسانی ئەمەریکا مانۆڕە سەربازییەکەی سوپای پاسدارانیان بۆ مەشقکردن لەسەر چۆنیەتی داخستنی ئەو گەروویە رێک خستووە و هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا لە کەنداو بە وردی چاودێری جوڵە سەربازییەکانی ئێران دەکەن.

گوتەبێژی سوپای پاسداران لە زاری فەرماندەی گشتی ئەو هێزە میلیشیاییە رای گەیاند، مانۆڕە سەربازییەکە بۆ خۆئامادەکردنە لەسەر چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوە و کۆنتڕۆڵکردنی هەر ئەگەرێک لە کەنداو و بەتایبەتی گەرووی هورمز، هاوکات ئەنجامدانی ئەو مانۆڕە دەریاییەی بە سەرکەوتوو وەسف کردووە.

ئەوە لەکاتێکدایە دوێنی رۆژنامەی واڵ ستریت جۆرناڵ لە راپۆرتێکدا لە زاری فەرماندەیەکی هێزی دەریایی ئەمەریکا رای گەیاندبوو، مانۆڕەکە لە ئاستی جموجۆڵێکی درەیاییدا بەڕێوە دەچێت و سەت کەشتی و بەلەمی بچووک تیایدا بەشدارن، هاوکات رای گەیاندبوو هێزە دەریاییەکانی ئەمەریکا لە نزیکەوە و بە وردی چاودێری ئەو جموجۆڵە دەکەن.

کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێگەی وڵاتانی ئەوروپاوە زۆری هەوڵ بۆ ئەوەدا ئەمەریکا لە رێکەوتنە ناوکییەکە نەچێتە دەر و پابەندی هەڵگرتنی سزا ئابوورییەکانی تاران بێت، بەڵام لەگەڵ دەرچوونی ئەمەریکا لە رێکەوتنەکە، بەهای تمەنی ئێرانی لە ماوەی کەمتر لە دوو مانگدا بە رادەیەک دابەزی کە هیچ ئابووریناسێکی جیهان پێشبینی دابەزینی لەو شێوەیان نەکردبوو.

لە ناوخۆدا ئێران تووشی تەنگژەیەکی ئابووری قورس هات و لە ماوەی هەفتەیەکدا بەهای تمەن شەش هێندەی پێشوو لە بەرابەر دۆلاری ئەمریکیدا دابەزی و بەهای شتوومەک رۆژانە بەرەو بەرزبوونەوە رۆیشت، بە ئاستێک کە ئیتر خەڵکی توانای دابینکردنی خۆراکی رۆژانەیان نەماوە.

رۆژی چوارشەم 11ی تەمووز/یۆلیۆ ئەحمەد مەیدەمی، جێگری وەزیری خۆشگوزەرانی کۆماری ئیسلامی ئێران رای گەیاند، زیاد لە ملیۆنێک و 500 هەزار هاوڵاتی توانای کڕینی خواردنی رۆژانەیان نییە و زیاتر لە سەتا 33ی دانیشتوانی ئێران توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی وەک تەندروستی و دەرمان و پەروەردەیان نەماوە.

چوار رۆژ دوای دەرچوونی ئەو راپۆرتە، عەلی خامنەیی رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ حەسەن رووحانی سەرۆک کۆمار و وەزیرانی کابینەکەی کۆ بوویەوە و لەبارەی ئەو تەنگژە ئابوورییەی وڵاتەکەی تیایدا گیری کردووە بۆ رووبەڕوو داوای کرد حکوومەت بەپەلە نەخشەڕێگایەکی ئابووری ئامادە بکات.

لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەل و دابەزینی ئاستی داهات لە گەورەشارەکانی وەک تاران و ئیسفەهان و مەشهەد و کرماشان بازرگانان و دووکانداران خۆپیشاندانی گەورەیان رێکخست، هەرچەند بەرپرسانی ئەمەریکا چەندان جار رایان گەیاند، ئەو سزایانە بۆ راگرتنی سەرەڕۆییەکانی دەسەڵاتدارانی تارانە و ئامانجیان هاوڵاتییان نییە، بەڵام تەنگژەکە بەرۆکی هاوڵاتیانیشی گرتەوە.

بڕیارە سبەی خولی یەکەمی دانانەوەی سزا ئابوورییەکانی سەر تاران دەست پێ بکاتەوە و بەوەیش پێدەچێت هەناردەی نەوتی ئێران لە رێگەی ئۆپێک لە سەرووی سێ ملیۆن بەرمیل نەوتی رۆژانە دابەزێتە 700 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، ئەوە لەکاتێکدایە بەرپرسانی سەربازی تاران هەڕەشەی داخستنی گەرووی هورمز دەکەن و وەک ئاماژەیان پێ داوە، لە ئەگەری راگرتنی هەناردەی نەوتەکەیان، رێگە نادەن نەوتی هیچ وڵاتێکی دەورووبەری کەنداو هەناردەی بازاڕە جیهانییەکان بکرێت.

سەرچاوەکان/ دویچەوێلە ئیسنا بی بی سی- دەنگی ئەمەریکا



وشە - هیدایه‌ت جان