شكاری پاكێتفرۆش ڕەتی كردەوە لەگەڵ شاسوار كار بكات

:: PM:05:20:06/08/2018 ‌
دوای ئەوەی گەنجێك لە شاشەی كەناڵەكانەوە دەركەوت و ڕای گەیاند كە دەرچوونی كۆلیژی زانستە سیاسییەكانە و كاری پاكێتفرۆشتن لە شەقامەكانی سلێمانی دەكات، لە ڕوونكردنەوەیەكدا ڕای گەیاند، شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ بانگێشتی كردووە، بەڵام ئەو رەتی كردووەتەوە كاری لەگەڵدا بكات.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوو گەنجێك لە شاری سلێمانی چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنی لەبارەی دەرفەتی كاركردن لەگەڵدا كرا ئەو ڕای گەیاند، خۆی دەرفەتی كاری خۆی دۆزیوەتەوە و كاری پاكێتفرۆشی دەكات، لەكاتێكدا دەرچوونی كۆلیژی زانستە سیاسییەكانە. ئەو گەنجە لە بەشێكی تری قسەكانیدا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد پێشتر لە فەرمانگەیەكی حكوومەت بە گرێبەست دامەزراوە، بەڵام بەهۆی گەندەڵی و واسیتەوە لە كارەكەی دەركراوە.

دوابەدوای ئەو دەركەوتنە شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ‌ كە ماوەی چەند مانگێكە دامەزراوە، لە ئەكاونتی خۆی لە فەیسبووك وێنەیەكی لەگەڵ ئەو گەنجە بڵاو كردەوە و ڕای گەیاند، دەرفەتی كاردنمان داوەتە شكار یوسف كە زانستە سیاسییەكانی تەواو كردووە و ئێستە كاری پاكێتفرۆشی دەكات.

چەند سەعاتێك دوای بڵاوكردنەوەی ئەو وێنەیەی شاسوار عەبدولواحید، شكار یوسف لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك وێنەیەكی لەكاتی فرۆشتنی پاكێتدا بڵاو كردووەتەوە و ڕای گەیاندووە كە ڕەتی كردووەتەوە كار لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید بكات. دووپاتیش لەوە دەكاتەوە كە لە ئێستە و لە داهاتوویش تەنیا پاكێتفرۆشی كاری ئەو دەبێت.

بڵاوكردنەوەی وێنەی پێشوازی شاسوار لە شكار یوسف كاردانەوەی زۆری لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا لێ‌ كەوتەوە، بەشێك لە چاودێران ئەو كارەی شاسواریان وەك موزایەدە بینی و ڕایان گەیاند، لە ئەنجامی سیستەمی سەرمایەداری لە كوردستان، ئەو گەنجە ڕووبەڕووی ئەو دۆخە بووەتەوە، كەچی سەرمایەدارێك لە پێناو زیادكردنی دەنگەكانی موزایەدەی پێوە دەكات.






وشە - سه‌رخێڵ هاشم