شەڕ یا راپەڕین... واشنتن لە چ رێگەیەکەوە ئێران دەڕووخێنێت

:: PM:07:00:06/08/2018 ‌
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا نیگەرانییەکانی واشنتنی بەرانبەر توندوتیژی و گرتنی خۆپێشاندەرانی مەدەنی لە شارە جیاوازەکانی ئێراندا پیشاندا و پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ خواستی خۆپیشاندەران راگەیاند.

ئەمڕۆ دووشەم شەشی ئاب/ئۆگستس، مایک پۆمپئۆ، وەزیری دەرەوەی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رای گەیاند، ئەمەریکا بە تەواوەتی نیگەران بووە بەرانبەر ئەو توندوتیژی و گرتنانەی رژێمی ئێران لە دژی خۆپێشاندەرانی سڤیل گرتویەتە بەر.

زیاتر روونی دەکاتەوە، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پشتیوانی لە مافی هاووڵاتییانی ئێران دەکات کە لە دژی گەندەڵی و سەرکوتی رژێم، بەبێ هیچ ترس و دودڵییەک بەرانبەر سزادانیان گرتویانەتە بەر، ئێمە داوا لە رژێمی ئێران دەکەین رێز لە مافی هاووڵاتییانی بگرێت و مافەکانی مرۆڤ پێشێل نەکات.

گوتەکانی پۆمپئۆ لە کاتێکدایە کە پێنج رۆژە خۆپێشاندان لە زۆربەی گەورە شارەکانی ئێراندا دژی گەندەڵی و داڕمانی ئابووری وڵات دەستی پێ کردووە و پۆلیس و هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە توندوتیژی و تەقەکردن و گرتن وەڵامی داواکارییەکانیان داونەتەوە.

بەپێی هەواڵی ماڵپەڕە فەرمییەکانی سوپای پاسداران هاووڵاتییەک لە لایەن چەکدارانی رژێمەوە کوژراوە و لە شاری کەرەجی نزیک پایتەختی ئێران هاتوچۆکردن لە شەوی رابردووەوە قەدەغە کراوە.

پێشتر پێگەی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر کە بۆ بەردەنگە ئێرانییەکان داندراوە، بە زمانی فارسی نووسیبووی، ئەمەریکا سەرباری پشتیوانیکردن لە دەنگی پەڕاوێزخراوی هاووڵاتییانی ئێران، هیوای ئازادی بۆ خەڵکی ئێران دەخوازێت.

حکوومەتی ئەمەریکا بۆچوونەکانی لەبارەی دۆخی هاووڵاتییانی ئێران ناشارێتەوە و رۆژی هەینی سێی ئاب، رای گەیاند، ئێمە بە وردی چاودێری خۆپێشاندانەکانی ئەو دواییەی ئیسفەهان، کەرەج، شیراز، تاران و زۆربەی گەورەشارەکانی تری ئێران دەکەین.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە تویتەکەیدا ئاماژەی داوە، ئەوە کۆمێدیایەکی خەمناک بۆ دۆخی ئابووری ئێران، رژێم خەریکی پڕکردنی گیرفانەکانی خۆیەتی و خەڵکی بۆ هەلی کار و ژیانێکی ئاسایی لەسەر شەقامەکان هاوار دەکەن.

خۆپیشاندانەکانی ئێران لە رۆژی دووشەمی هەفتەی رابردووەوە لە زۆربەی گەورە شارەکانی ئێران دەستی پێ کرد و تا رۆژی هەینی بەردەوام بوو، هەرچەند تا ئێستەیش لە هەندێک لە شارەکان خۆپیشاندان بەردەوامە، بەڵام چەکدارانی سوپای پاسداران بە زەبری چەک و توندوتیژی هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی بارودۆخەکەیان داوە و لە زۆربەی شارەکانی ئێران شەوانە هاتوچۆکردن قەدەغە کراوە.

سەرەتا خۆپیشاندانەکان لە بازاڕەوە دەستی پێ کرد و زۆربەی کاسبکار و دوکاندارەکانی تاران و ئیسفەهان و مەشهەد و شیراز و چەنبدان گەورەشاری تری ئێران، لەگەڵیاندا کرماشان و بانە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، وەک ناڕەزاییەک دوکانەکانیان بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە داخست و داوای باشبوونی دۆخی ئابووری و ئاسایی کردنەوەی بازاڕەکانیان کرد کە لە لایەن کۆمپانیاکانی سەر بە سوپای پاسداران قۆرخ کراوە.

لەو خۆپیشاندانانەی دواییدا خەڵک بە هەستێکی زیاترەوە بەشداریان کرد و زیاتر لە 12 گەورە شاری ئێرانی گرتەوە کە تیایدا دروشم لە دژی رێبەری کۆماری ئیسلامی و سوپای پاسداران دەدرا و داوای ئەوەیان دەکرد بەرپرسانی رژێم دەستبەرداری موڵکی گشتی و پارەی خەڵک بن بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بتوانن بژێوی رۆژانەیان بەدەست بهێنن.

دوای هاتنەدەری ئەمەریکا لە رێكکەوتنی ناوکی ئێران و وڵاتانی 5+1 ئەمەریکا سزاکانی پێوەست بە دۆسیەی ناوکی ئێرانی خستەوە بواری جێبەجێکردن و ئەمڕۆ یەکەم رۆژی دەستپێکی سەپاندنەوەی ئەو سزایانە بوو کە بەهۆی رێکكەوتنە ناوکییەکە لەسەر کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵگیرابوو.

هەر لەگەڵ هاتنەدەری ئەمەریکا لە رێکەوتنەکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رای گەیاند، واشنتن مەبەستییەتی تاران لەڕووی ئابوورییەوە ئیفلیج بکات و مەبەست لێی کورت کردنەوەی دەستی رژێمە لە وڵاتانی عێراق، سووریا، یەمەن و هەندێک وڵاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

سەرۆکی ئەمەریکا بە ئاشکرا رای گەیاند، رژێمی ئێران چەک و لۆجەستیک بۆ گرووپە تیرۆریستییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەنێرێت و لە رێگەی هێزی قودسی سوپای پاسدارانەوە پاڵپشتی و هاوکاری تەواوەتی تیرۆریستان دەکات بۆ ئەوەی شەڕ و ئاڵۆزی لەو وڵاتانە نەبڕێتەوە، هاوکات کۆشکی سپی بە بڕیارێکی فەرمی سوپای پاسدارانی خستە ناو لیستی ڕەشەوە.

لەگەڵ واژوو کردنی فەرمانی کشانەوە لە رێکكەوتە ناوکییەکە لە لایەن ترەمپەوە، بەهای تمەن بەرانبەر دۆلاری ئەمریکی بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزی و لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بەهای یەک دۆلار لە سێ هەزار تمەنەوە گەیشتە 13 هەزار تمەن و نرخی کەلوپەل لە ناوخۆی ئێراندا چەند بەرانبەر زیادی کرد.

کۆماری ئیسلامی ئێران هەوڵیدا بە گەڵاڵەیەکی نوێ رێگە لە داڕمانی دراوەکەی بگرێت و بە شێوەیەک خۆی لەو تەنگژە ئابوورییەی ئەمەریکا بۆی درووست کردووە رزگار بکات، بەڵام لەگەڵ دەرچوونی گەڵاڵەی نوێی ئابووری کە تیایدا هاوردەکردن و بازرگانیکردنی دراو ئازاد کرا و لە کۆنتڕۆڵی بانکی ناوەندی هاتەدەر، زۆربەی ئابووریناسانی جیهان ئەو سیاسەتە ئابوورییەیان بە هەڵە وەسف کرد و پێیان وایە ئابووری ئێران لە رێگەی ئەو پلانە نوێیەوە دەکەوێتە گێژاوێکی قوڵترەوە.

خۆپێشاندانەکانی ئێران دژی دۆخی ئابووری و سیاسەتە هەڵەکانی ئەو وڵاتە دەستی پێ کردووە و وەک لە ڤیدیۆکاندا دەردەکەوێت، ئەو هاوڵاتیانەی رژاونەتە سەر شەقامەکان، زۆربەیان توانای دابینکردنی خۆراک و بژێوی رۆژانەیان نەماوە و وەزیری خۆشگوزەرانی ئێرانیش بە فەرمی رای گەیاند، زیاتر لە یەک ملیۆن و 600 هەزار خێزان توانای دابین کردنی خواردنی رۆژانەیان نەماوە.

ئەمەریکا نیازی خۆی لە سەپاندنی سزا ئابوورییەکان روون کردووەتەوە و دەڵێ، ئامانجمان رژێمی ئێرانە، نەک هاوڵاتیان، بۆیە بە فەرمی و لە پێگەی سەرۆک و وەزارەتەکانییەوە پشتیوانی خۆی بۆ خواستی هاووڵاتییانی ناڕازی لە ئێران دەردەبڕێت.

هەرچەند چاودێرانی سیاسیی پێیان وایە ئەمەریکا نیازی هەیە بە داڕماندنی ئابووری ئێران، کۆماری ئیسلامی لە ناوخۆیەوە و لە رێگەی هاووڵاتییانەوە بڕووخێنێت، مەبەستی لە لاوازکردنی ئابووری ئەو وڵاتە و بلۆک کردنی پارەکانی لە بانکە نێودەوڵەتییەکانیش هەر بەو نیازە وەسف کراوە.

رۆژی یەکشەم 22ی ئەیلوول ، محەمەد حوسێن باقری سەرۆکی دەستەی گشتی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کۆبوونەوەی گشتی ئەو دەستەیەدا رای گەیاند، لەناو ئەمەریکادا هێزێکی زۆر هەیە پاڵەپەستۆ دەخاتە سەر سوپای ئەو وڵاتە بۆ ئەوەی راستەوخۆ هێرش بکەنە سەر ئێران، بۆیە ئەگەر زۆرە لە هەر کات و ناکاتێکدا ئەو هێرشە ئەنجام بدرێت.

بەڵام چەندان جار بەرپرسانی واشنتن ئەوەیان دووپات کردووەتەوە، ئەمەریکا هیچ بژاردەیەکی سەربازی بەرانبەر ئێران نەخستووەتە سەر مێزی کارکردنی و تەنیا مەبەستییەتی لە رێگەی ئابوورییەوە کۆماری ئیسلامی ئێران تووشی داڕمان بکات.

سەرچاوەکان/ دەنگی ئەمەریکا - دویچەوێلە ئیسنا فارسنیوز



وشە - هیدایه‌ت جان