خانووە بێ تاپۆکانی پێنجوێن تاپۆ دەکرێن

:: PM:08:42:06/08/2018 ‌
دوای چاوەڕوانییەكی زۆری هاووڵاتییانی شارۆكەی پێنجوێن، بڕیاری تاپۆكردنی خانووە بێ تاپۆكان لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی پێنجوێن درا و بەرپرسێكی شارەوانی ناوچەكەیش دەڵێ "بڕیارەكەی حكوومەت دەرچووە و چاوەڕوانین لە لایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشەوە گشتاندنی بۆ بكرێت و راستەوخۆ دوای ئەوە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

ئەمیر سۆفی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی پێنجوێن بە "وشە"ی راگەیاند، دوای هەوڵێكی زۆری لایەنە پێوەندیدارەكانی وەك قایمقامیەت و شارەوانی پێنجوێن و بەڕێوەبەری فەرمانگەی یاسایی لە ئەنجوومەنی وەزیران و بریكاری وەزارەتی شارەوانی و تێبینەرایەتی تۆماركردنی خانوبەرەی پێنجوێن، توانرا بڕیاری تاپۆكردنی خانووە بێ تاپۆكانی سنووری شارۆكەی پێنجوێن دەربكرێت.

زیاتر گوتی، ئەو بڕیارە كاریگەری بەرچاوی دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان كە پێوەستن بەو بابەتەوە لەسنووری پێنجوێن.

"بــــڕیـــــارەكـــــــان بریتیین لەوەی خانووە بێ تاپۆكانی ناو نەخشەی بنەڕەتی سنووری شارەوانی پێنجوێن تاپـــــــــــۆ دەكرێن و ئەو زەوییانەش كە وەك قەرەبوو درابوون بە باشماخییەكان تاپۆ دەكرێن، هەروەها ئەو زەویانەی كە بەتاڵن لە سنووری شارەوانیدان لە نێوان خانوو و كەلاوەكاندان، بەپێی یاسای 32 ی ساڵی 1986 مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێت" ئەمیر سۆفی وای گوت.

بەڕێوەبەری راگەیاندنی سەرۆكایەتی شارەوانی پێنجوێن، دووپاتی كردەوە، بۆ بەرچاوڕوونی زیاتری هاووڵاتییانی شارۆكەی پێنجوێن، داهاتی ئەو بڕیارە كە وەردەگیرێت لە هاووڵاتییان، بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی سنووری شارەوانی پێنجوێن خەرج دەكرێت و هەر ئەمڕۆیش سەرۆك و بەرپرسی بەشە پێوەندیدارەكانی شارەوانی لەگەڵ قایمقامیەتی پێنجوێن و بەرپرسی تاپۆ و بەرپرسی دارایی پێنجوێن كۆبونەتەوە.

بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارە و وەک سۆفی ئاماژەی پێ دەکات، چاوەڕوانین لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریشەوە گشتاندن بۆ ئەو بڕیارە بكرێت، بۆ ئەوەی راستەوخۆ دوای ئەوە بخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە".

 شارۆكەی پێنجوێن 96 كیلۆمەتر لە شاری سلێمانییەوە دوورە و ژمارەی دانیشتوانی زیاتر لە45 هەزار كەسە و لەماوەی ساڵانی رابردووشدا ژمارەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان گرفتی تاپۆنەكردنی خانویان هەبووە و چەندان جاریش داوای چارەسەركردنی كیشەكانیان .

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی




وشە - هیدایه‌ت جان