دەقی فەرمانەکەی ترەمپ بۆ دەست پێکردنەوەی سزاکانی ئێران

:: PM:10:59:06/08/2018 ‌
ئەمڕۆ دووشەم شەشی ئاب/ئۆگستس، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی گەرانەوەی سزاکانی پێوەست بە دۆسیەی ناوکی کۆماری ئیسلامی ئێرانی لەلایەن واشنتنەوە واژوو کرد، لە رێوڕەسمی واژوو کردنی فەرمانەکەدا سەرۆکی ئەمەریکا رای گەیاند، بە واژوو کردنی ئەو فەرمانە مەبەستمانە پاڵەپەستۆ ئابوورییەکانمان بۆسەر تاران، بگەیەنینە ئەوپەڕی خۆی.

دەقی تەواوی فەرمانەکەی دۆناڵد ترەمپ:

ئەمڕۆ وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بۆ سەرلەنوێ دەست پێ کردنەوەی سزا ناوکییەکانی ئێران کە بەپێی بەرنامەی پتەوی هەوڵی هاوبەش، پەسندکراوی 14ی تەموزی ساڵی 2015 هەڵگیرابوون، سەرلەنوێ دەست پێ دەکاتەوە.

ئەو هەوڵانە بریتین لە دووبارە دەست پێ کردنەوەی گەمارۆکانی پێوەست بە پیشەسازی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی ئێران، بازرگانی زێڕ و کانزا گرانبەهاکان و هەروەها سزاکانی پێوەست بە ریاڵی ئێران، ئەو سزایانە رۆژی حەوتی ئابی ساڵی 2018 دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەرجەم گەمارۆکانی ئەمەریکا کە پێوەستن بە دۆسیەی ناوکی ئێران، لە رۆژی پێنجی نۆڤەمبەری ساڵی 2018 دەچنەوە بواری جێبەجێکردن. سزاکان بریتین لە گەمارۆی بەشی وزەی ئێران، لەوانە سزاکانی پێوەست بە نەوت و مامەڵەکردنی دامەزراوە داراییەکانی جیهان لەگەڵ بانکی ناوەندی ئێران.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پابەندی جێبەجێکردنی سەرجەم سزاکانە و ئێمە لە نزیکەوە هاوکاری ئەو وڵاتانە دەکەین کە لەگەڵ ئێران پێوەندی ئابوورییان هەیە بۆ ئەوەی پابەندبوونی تەواوەتی ئەو وڵاتانە بە گەمارۆکانی سەر ئێران گەرەنتی بکەین، ئەو کەس و دامەزراوانەی هاوکارییەکانیان لەگەڵ ئێران کەم نەکەنەوە، خۆیان رووبەڕووی ریسکێکی گەورە دەکەنەوە و لەگەڵ لێکەوتەیەکی رژد رووبەڕوو دەبنەوە.

من دڵخۆشم کە زۆربەی کۆمپانیا جیهانییەکان بەر لە واژۆکردنی ئەو بڕیارە، بڕیاری کشانەوەیان لە بازاڕەکانی ئێران داوە و چەندان وڵاتیش رایان گەیاندووە کە رێژەی هاوردەکردنی نەوتیان لە ئێرانەوە کەم کردووەتەوە یان بە تەواوەتی رایان گرتووە. ئێمە داوا لە سەرجەم وڵاتانی جیهان دەکەین بە هەوڵێکی هاوبەشی لەو شێوەیە، بە روونی پیشانی بدەن کە رژێمی ئێران رووبەڕووی بژاردەیەک بووەتەوە: یان رەفتارە هەڕەشەئامێز و ئاژاوەگێڕییەکەی بگۆڕێت و دووبارە نوقمی بازاڕی جیهانی ببێتەوە، یان لە گۆشەگیری ئابووریدا بمێنێتەوە.

هەوڵەکانی ئەمڕۆم لەوانە واژوو کردنی فەرمانێکی جێبەجێکردنە بە ناونیشانی، "گەراندنەوەی هەندێک لە سزاکان بۆسەر ئێران" کە درێژەی یاداشتی شوورای ئاسایشی نەتەوەییە لە رێکەوتی 11ی ئایاری 2017، بەپێی ئەو یاداشتە ئەمەریکا کشانەوەی لە رێکەتنی ناوکی راگەیاند.

رێکەوتنی ناوکی نێوان ئێران و وڵاتانی 5+1 وەک رێکەوتنێکی مەترسیدار و یەک لایەنە، نەیتوانی ئامانجی سەرەکی خۆی، واتا داخستنی سەرجەم ئەو رێگایانە کە لێیەوە ئێران دەستی بە بۆمبی ناوکی رابگات، بپێکێت و سەرچاوەیەکی دارایی گرنگی خستە خزمەت دیکتاتۆرێکی مرۆڤ کوژ بۆ ئەوەی پەرە بە خوێنڕشتن، توندوتیژی و بشێوی بدات.

لەدوای واژووکردنی رێکەوتنە ناوکییەکە، کردارە پەلاماردەرەکانی ئێران رووی لە هەڵکشان کردووە، رژێم سەرچاوە داراییە نوێیەکانی کە لە رێکەوتنەکەوە بۆی دەستەبەر کرابوو، بۆ درووستکردنی ئەو موشەکانە بەکاری هێنا کە توانای هەڵگرتنی کڵاوی ئەتۆمیان هەیە، هاوکات بۆ پشتیوانی دارایی تیرۆریزم و گەشاندنەوەی ئاگری شەڕ و تەنگژە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بابەتی لەو شێوەیە بەکاری هێناوە.

ئێران هەتا ئەمڕۆ هەڕەشە لە ئەمەریکا و هاوپەیمانانی ئێمە دەکات، سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی لاواز دەکات و پشتیوانی لە گروپە توندئاژۆ و تیرۆریستەکان لە سەرانسەری جیهاندا دەکات.

وڵاتە یەکگرتووەکان بە چوونەدەر لە رێکەوتنی ناوکی و لە رێگەی سەپاندنی سزاکان دژی ئێران، پارێزگاری لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی دەکات. تا ئەمڕۆ دەوڵەتی من 17 کۆمەڵە سزای دژی ئێران جێبەجێ کردووە کە 145 کەس و دامەزراوە لەخۆی دەگرێت، لەکاتی راگەیاندنی کشانەوەی ئەمەریکا لە رێکەوتنی ناوکی، حکومەتی من لە شەش هەوڵی جیاوازدا 38 ئامانجی پێوەست بە ئێرانی گەمارۆ داوە، دەستپێکردنەوەی سزاکانی پێوەست بە دۆسیەی ناوکی ئێران لەمڕۆوە پاڵەپەستۆکانی سەر تاران بۆ گۆڕینی رەفتارەکانی زیاتر دەکات.

هاوکات بە بەردەوامبوون لەسەر پاڵەپەستۆی زیاتری ئابووری بۆسەر ئەو رژێمە، من ئێستەیش ئامادەم بۆ رێکەوتنێکی تەواوەتی کە کۆتایی بە سەرجەم چالاکییە زیانبارەکانی ئەو رژێمە بهێنێت، لەوانە پرۆگرامی موشەکی دورهاوێژ و پاڵپشتیکردن لە تیرۆریزم. وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێشوازی لە هاوکاری سەرجەم ئەو وڵاتانە دەکات کە هاوڕای ئەو هەوڵانەی ئێمەن.

وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە بەردەوامی لەگەڵ هاوڵاتیانی ئێران دەمێنێتەوە کە میراتگرانی راستەقینەی ئەو میراتە دەوڵەمەندەی ئێران و قوربانی راستەقینەی سیاسەتەکانی رژێمن. ئێمە ئاوات بۆ رۆژێک دەخوازین کە خەڵکی ئێران و سەرجەم خەڵکی ناوچەکە لە تەناهی و ئاشتیدا لەپاڵ یەکتر بە کامەرانی بژین.

سەرچاوەکان: فەردادەنگی ئەمەریکا


وشە - هیدایه‌ت جان