بانكی ناوەندیی ئێران نرخی فەرمی تمەنی بەرانبەر دۆلار بەرز كردەوە


بانكی ناوەندیی ئێران لەگەڵ دەستپێكردنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر وڵاتەكەی، نرخی فەرمیی دراوی تمەنی بەرانبەر بە دۆلار بەرز كردوەوە و بەگوێرەی ئەو گۆڕانكارییەش، نرخی هەر دۆلارێك لە چوار هەزار و 400 تمەنەوە دابەزێنراوە بۆ چوار هەزار و 200 تمەن.

خۆی هەموو هەفتەیەك نابێت بانكی ناوەندیی ئێران نرخی دۆلاری لە چوار هەزار و 200 تمەنەوە بەرز كردبووەوە بۆ چوار هەزار و 400 تمەن. "ئیرنا" بڵاوی كردەوە بانكی ناوەندیی نرخی تمەنی بەرز كردووەتەوە و ئێستە بە چوار هەزار و 200 تمەن دەستنیشان كراوە.

بانكی ناوەندیی ئێران بەو كارەی دەیەوێت وا نیشان بدات كە سزاكانی ئەمەریكا نەك هیچ كاریگەرییان نییە، ئەوا توانییان بەهای تمەنیش بەرز بكەنەوە.

ئێران دوای كشانەوەی ترەمپ لە رێككەوتنی ناوكی، نرخی دۆلاری بە چوار هەزار  و200 تمەن دیاری كرد لە كاتێكدا نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازاد گەیشتە دوو هێندە و لە چەند رۆژێكدا نرخی دۆلار 11 هەزار تمەنیشی تێپەڕاند.

دوای ئەو پاكێجەی ئێران خستیەڕوو، لە دوو رۆژی رابردوودا نرخی تمەن بەرانبەر بە دۆلار لە بازاڕی ئازادیش بەرز بووەتەوە و دوێنێ دووشەم لە تاران هەر دۆلاریك بە نۆ هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ كرا و لە چەند سەعاتێكدا بە كەمتر لەو نرخە ئاڵوگۆڕ كرا.

ئەو نرخەی بانكی ناوەندیی دیاری كردووە، بۆ كڕینی شتومەك و دەرمان و پێداویستییە بنەڕەتییەكانی ئێرانە و ئەو نرخە تەنیا لای حكوومەتە و بە هەمان نرخ دەدرێ بەو كۆمپانیا و لایەنانە كە لەگەڵ وەزارەتە پێوەندیدارەكان كار دەكەن و پێداویستی سەرەكی هاوردە دەكەن.

ئێستە بۆ ماوەیەكی كاتی نرخی تمەن بەرز بووەتەوە، بەڵام پێ ناچێت لە درێژخایەندا تمەن بتوانێت لەم ئاستەیدا بمێنێتەوە و پێشبینی زیاتر دابەزینی نرخی تمەن دەكرێت.





وشە - سلێمان تاشان


AM:09:48:07/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 4878 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌