داعش ناوچەیەكی عێراقی كۆنتڕۆڵ كرد

سەرچاوەیەكی تەناهی ئاشكرای كرد، تیرۆریستانی داعش تا ئێستەیش لە چەند شار و ناوچەی عێراق بوونیان هەیە و چالاكن و لە هەندێ شوێنیش بە تەواوی باڵادەستن.

ئەو سەرچاوە تەناهییانەی عێراق بە میدیاكانی ڕووسیایان ڕاگەیاندووە، ناوچەكانی حەوزی حەمرین كە دەكەوێتە سنووری پارێزگای دیالە، تا ئێستەیش ژمارەیەكی زۆری تیرۆریستانی لێ كۆبوونەتەوە و چەكداران بە ویستی خۆیان جموجۆڵ دەكەن و كردەی تیرۆریستی ئەنجام دەدەن.

ئاماژەی دا، سەرەڕای بەردەوامی ئۆپراسیۆنەكان لەو ناوچانە لەلایەن هێزەكانی عێراق، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزی و نالەباری ژینگە و جیۆگرافیای ناوچەكە تا ئێستە نەتوانراوە داعش لەو ناوچەیە ڕیشەكێش بكرێن.

سەرچاوەكان دووپاتیان لەوە كردووەتەوە، مانەوەی بەردەوامی داعش لەو ناوچانە هەڕەشەی گەورە لەسەر پارێزگای دیالە و سەرجەم پارێزگاكانی تری عێراق دروست دەكات، كۆنتڕۆڵكردن و گرتن و كوشتنی تیرۆریستانیش كارێكی مەحاڵە، چونكە ئەوان خۆیان لە ناو دارستان و بێستانەكانی ناوچەكە دەشارنەوە و هیچ هێزێكیش ناتوانێ بە ئاسانی كۆنتڕۆڵیان بكات.

ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش لە 2014 هاتە عێراق و دوای هەڵاتنی هێزەكانی پۆلیس و سوپای عێراق توانیان مووسڵ كۆنتڕۆڵ بكەن و تا نزیك بەغدا پێشڕەوییان كرد، پاشان لەسەر دەستی پێشمەرگە تێكشكێنران و عەبادیش لە نۆی كانوونی یەكەم/دیسێمبەری 2017 كۆتایی داعشی لە عێراق ڕاگەیاند، بەڵام تا ئێستەیش نزیكەی سێ هەزار چەكداری داعش لە عێراق ماون و بەردەوام كردەی تیرۆریستی و جموجۆڵ لە ناوچە جیاجیاكان ئەنجام دەدەن.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


AM:11:52:07/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 5473 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌