لە كۆتاییدا جەنگەكەی لە ریال مەدرید بردەوە

:: PM:01:58:07/08/2018 ‌

ماتیۆ كۆڤاسیچی ئەستێرەی كڕواتی لە كۆتاییدا جەنگەكەی لەگەڵ یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بردەوە كە داوای رۆیشتنی لەم هاوینەدا كردبوو.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: كۆڤاسیچ تەنیا یەك هەنگاوی ماوە بە فەرمی ئیمزا لەسەر گرێبەست لەگەڵ یانەی چێڵسی ئینگلیزی بكات.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە لەچەند سەعاتی داهاتوودا یانەی چێڵسی بەفەرمی گرێبەست لەگەڵ ئەستێرەكەی كڕواتیا رادەگەیەنێ.

كۆڤاسیچ دوێنێ دووشەم رەتی كردبووەوە مەشق و راهێنان لەگەڵ یاریزانانی یانەی ریال مەدرید بكات، بەڵام ئەمڕۆ مەشق و راهێنانی كردووە و بە هاوڕێكانیشی راگەیاندووە ئیتر ماڵئاوایی لە یانەی شاهانە كردووە.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كردووە كە كۆڤاسیچ ئەمڕۆ سێشەم دەچێتە شاری لەندەن و پشكنینی پزیشكی لە یانەی چێڵسی ئەنجام دەدات و بەفەرمیش ئیمزا لەسەر گرێبەست لەگەڵ ئەو یانەیە دەكات.

پێشبینیش دەكرێ بەهای گرێبەستەكی ئەو یاریزانە لەسەر یانەی چێڵسی بڕی 60 ملیۆن یۆرۆ بكەوێ.
 





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م