دوای وڵاتانی ئەوروپی، كەندایش پێداگری لە هەڵوێستەكانی دژ بە عەرەبستانی سعوودیە كرد لە بارەی پێشێلكردنی مافی ژنانەوە، ئەمەیش ریازی ناچار كرد كە باڵوێزی ئەو وڵاتە دەربكات كە لەكاتێكدا گرێبەستێكی 15 ملیار دۆلاری بۆ كڕینی چەك لە نێوانیاندا هەیە و مەترسی هەڵوەشانەوەی لێ دەكرێت.
عەرەبستانی سعوودیە بەرانبەر بە رەخنەكانی وەزارەتی دەرەوەی كەنەدا لە بارەی پێشێلكرنی مافی مرۆڤ و گرتنی دەیان چالاكی ژن لە وڵاتەكەیدا، وەك خوێكی هەمیشەیی بێدەنگی هەڵبژارد و رای گەیاند كە قبووڵی ناكات هیچ وڵاتێك دەست لە كاروباری ناوخۆی سعوودیە وەربدات، ئەمەیش وای كرد دەسەڵاتدارانی سعوودیە بانگهێشتی باڵوێزی كەنەدا لە ریاز بكەن و داوای لێ بكەن وڵاتەكەیان جێ بێڵێت، هاوكات باڵوێزی خۆیشیان لە كەنەدا كشاندەوە.
دەسەڵاتدارانی سعوودیە بەوەیش نەوەستان، بەڵكو بڕیاری سڕكردنی سەرجەم چالاكییە بازرگانییەكانیان لەگەڵ كەنەدا راگەیاند تا دەگات بە وەبەرهێنانی سعوودیە لەو وڵاتە، بەرنامەی راهێنان و هەلی خوێندن بۆ قوتابیانی سعوودیە كە لە كەنەدا دەخوێنن، بڕیارە بەرپرسانی سعوودی سەرجەم قوتابییە سعوودییەكانی كەنەدا بۆ وڵاتێكی تر بگوازنەوە كە ژمارەیان بە پێنج هەزار مەزندە دەكرێت.
وەزارەتی دەرەوەی سعوودیە لەسەر پێگەی فەرمی خۆی لە تویتەر، رای گەیاند كە سعوودیە قبووڵی ناكات هیچ وڵاتێك دەستوەردان لە كاروباری ناوخۆی وڵاتەكەی بكات، جا لەلایەن هەر وڵاتێكەوە بێت، ئەوەیشی خستەڕوو سەمەر مافەكانی بە پێی یاسا بەركارەكانی سعوودیە پارێزراوە.
جێی باسە قەبارەی بازرگانی نێوان سعوودیە و كەنەدا بە پێی ئامارەكانی ساڵی 2016، دەگاتە سێ ملیار دۆلار، بەم دواییەیش گرێبەستێكی كڕینی ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕی بە بەهای 14 ملیار دۆلار لەگەڵ ئەو وڵاتە واژوو كردووە.
سەمەر كێیە كە بووەتە سەرچاوەی تەنگژەی نێوان سعوودیە و كەنەدا؟
تویتێكی وەزارەتی دەرەوەی كەنەدا لەبارەی گرتنی (سەمەر بەدەوی) چالاكی ژنی سعوودیایی، بووە هۆی نانەوەی تەنگژە لەنێوان ئەو دوو وڵاتە.
سەمەر بەدەوی /33 ساڵان/، هەڵگری رەگەزنامەی ئەمەریكییە و بە رەچەڵەك سعوودییە، چالاكی مافی ژنانە و خوشكێكیشی بە ناوی (رائف بەدەوی) كە چالاكە و ئەدمینی تۆڕی لیبڕاڵیەتی ئازادە، دەسەڵاتدارانی سعوودیە بە تۆمەتی سووكایەتیكردن بە ئاینی ئیسلام بەندیان كردووە.
سەمەر لە سعوودیە داوای هەڵگرتنی سەرپەرشیاریی پیاوانی بەسەر ژنانەوە كرد، لێدوانی خوشكەكەی، رائف, هەروەها بۆچوونە سیاسییەكانی دەنگدانەوەیەكی گەورەی لە میدیای عەرەبی و جیهانی لێ كەوتەوە.
رائف، هاوسەری پارێزەر وەلید ئەبولخەیرە كە كەسایەتییەكی ئۆپۆزسیۆنی سعوودییە و ئێستە لە گرتووخانەكانی ئەو وڵاتە بەند كراوە، (هیومان رایت وۆچ) لە بارەی سەمەر بەدەوی دەڵێ، بەدەوی هێشتا زانكۆی تەواو نەكردووە بەهۆی دوورخستنەوەی لە قوتابخانە، بۆیە ئێستە لە قۆناغی دووەمی ناوەندی دەخوێنێت.
بەگوێرەی ئەوەی لە بارەی بەدەوی چالاكوانانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاویان كردووەتەوە و هیومان رایت وۆچ پشتڕاستی كردووەتەوە و "BBC"ی بڵاوی كردووەتەوە، ئەو لە دووی ئاب/ئۆگستس لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعوودیە گیراوە و تۆمەتی "سیخوڕیی باڵوێزخانەكانی" دراوەتە پاڵ كە كۆمەكی دارایی لەوان وەردەگرێت.
سەمەر لە تەمەنی 13 ساڵی بە هۆی ئەوەی باوكی توندوتیژی دژ بەكار هێناوە، لە ماڵەوە رای كردووە، تا تەمەنی 26 ساڵی لە خانەی "چاودێری ژنانی توندڕۆ" لە شاری جدەی سعوودیە ژیاوە، پاشان لەوێش هەڵاتووە.
بەگوێرەی سەرچاوەكان، سەمەر ساڵی 2010، سكاڵای دژی باوكی تۆمار كردووە كە ئاڵودەی مادەی هۆشبەرە، ئەو باسی لەوە كردووە كە بێ هۆ و بە بەردەوام توندوتیژی دژ بەكار هێناوە، بەو هۆیەوە باوكی ماوەی حەوت مانگ گیرا و پاشان بەهۆی هەڵمەتی هاوسۆزییەوە سەمەر ئازاد دەكرێت و سەرپەرشتیارییەكەیشی دەگوازرێتەوە بۆ مامی لە جێگەی باوكی.
(وەلید ئەبولخەیر) كە پارێزەری سەمەر بوو، پاشان ساڵی 2011، لەگەڵ خوشكی سەمەر ژیانی هاوسەری پێك هێنا، ئەو هەڵمەتی هاوسۆزییەكەی سەمەری لە رێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانەوە بەڕێوە برد بە بڵاوكردنەوەی رۆشنبیری یاسایی لەبارەی مافی ژنان لە سعوودیە.
پاشان بەدەوی سكاڵایەكی دژی وەزارەتی كاروباری شارەوانی بەرز كردەوە وەك كاندیدێك بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكان ساڵی 2011، رای گەیاند هیچ یاسایەك نییە رێگری لە دەنگی ژن بكات یان رێگری لە كاندیدبوونی بكات.
بەدەوی بەردەوام بوو لە چالاكییەكانی و سەركردایەتیی ژنانی سعوودییەی بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێل ساڵی 2011 كرد، هاوكات یارمەتی ژنانی لە رێوشوێنەكانی پۆلیس و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ حكوومەت دا، هاوكات هەر هەمان ساڵ سكاڵایەكی دژ بە پۆلیسی هاتوچۆی سعوودیە بەرز كردەوە بەهۆی رەتكردنەوەی پێدانی مۆڵەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بۆ ژنان.
لە ئاداری 2012، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەهۆی چالاكییەكانی و بەرگریكردن لە مافەكانی ژنانی سعوودیە خەڵاتی كرد، ئێستەیش هەڵگری رەگەزنامەی ئەمەریكییە.
ئەمەریكا دەڵێ چی؟
هەر پێوەند بە گرتنی سەمەر بەدەوی، بە پێی راپۆرتێكی تری "BBC"، بەرپرسانی ئەمەریكا داوای روونكردنەوەیان لە گرتنی سەمەر كردووە. بەرپرسانی ئەمەریكا جەخت لە هاوپەیمانی نێوانیان لەگەڵ سعوودیە دەكەنەوە و دەڵێن هانی ئەو وڵاتەیش دەدەن لەو رێوشوێنە یاساییانەی دەیگرێتە بەر لە ناوخۆی وڵاتدا و بەرپرسێكی ئەمەریكی دەڵێ، سعوودیە و كەنەدا دوو هاوپەیمانی گرنگی ئەمەریكان.
كەنەدا: بێدەنگ نابین
بەرپرسانی كەنەدا لەبارەی رێكارەكانی عەرەبستانی سعوودیە دووپات لەوە دەكەنەوە كە بەردەوام دەبن لە پشتگیریكردنی مافی ژنان. كریستیا فریلاند، وەزیری دەرەوەی كەنەدا نیگەرانیی وڵاتەكەی لە درەكردنی باڵوێزی وڵاتەكەیان لە سعوودیە نەشاردەوە، ئاماژەی بەوەیش دا كە وڵاتەكەی پاشگەز نابێتەوە لە پشتگیریكردنی مافەكانی ژنان، لەناویاندا مافی ژنان و ئازادی رادەربڕین لە هەموو شوێنێكی دنیا.
زیاتر گوتی، "دوودڵ نابین لە بڵاوكردنەوەی ئەو بەهایە، باوەڕیشمان وایە گفتوگۆ گرنگییەكی تایبەتی هەیە لە پێوەندییە دیپلۆماسییەكان". هاوكات مەنال شەریف چالاكی مافی ژنان لە سعوودیە، سوپاسی كەنەدای كرد لەسەر هەڵوێستەكانی دژ بە دەسەڵاتدارانی عەرەبستانی سعوودیە.
سەمەر تەنیا نییە
جگە لە سەمەر، چەندان چالاكی تری سعوودی لە گرتووخانەكانی ئەو وڵاتە بە تۆمەتی جیاواز بەند كراون. بەگوێرەی راپۆرتێكی كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان كە ئەمڕۆ سێشەم حەوتی ئاب، بڵاو كراوەتەوە، بەلایەنی كەم 15 كەسایەتی كە بەرگریكاری مافەكانی مرۆڤن لە سعوودیە بەند كراون.
بەگوێرەی راپۆرتەكە هەشت لەوانە دوای پێداچوونەوە بە رێكارە یاساییەكان ئازاد كراون، بەڵام چارەنووسی ئەوانی تر هێشتا دیار نییە.
وڵاتانی عەرەبی پشتگیری سعوودیە دەكەن
هەریەك لە ئیماڕات و بەحرێن پشتگیری خۆیان بۆ سعوودیە راگەیاند، ئەنوەر قەرقاش وەزیری دەوڵەتی ئیماڕات بۆ كاروباری دەرەوە لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تویتەر، رای گەیاند، ئیماڕات ناتوانێت لەم پرسەدا بێ هەڵوێست بێت، بۆیە لە پشت سعوودیە دەوەستین و بەرگریش لە سەروەری و یاساكانی ئەو وڵاتە دەكەین لە هەر پرس و تەنگژەیەك، گوتی "قبووڵی ناكەین یاسا و سەروەریمان بكەوێتە ژێر گوشار یان سازشكردن لەسەری".
هاوكات ئاژانسی هەواڵی فەرمی بەحرێن رای گەیاند كە مەنامە پشتگیری تەواو لەو رێكارانە دەكات كە سعوودیە گرتوویەتییە بەر، نیگەرانی خۆیشی لە هەڵوێستی كەنەدا راگەیاند.
ئەوروپا و كەنەدا پشت لە سعوودیە دەكەن
جگە لە كەنەدا كە پێوەندییەكانی لەگەڵ سعوودیە بەهۆی بەدەنگهاتنی لەسەر پێشێلكارییەكانی ئەو وڵاتە بەرانبەر بە مافەكانی مرۆڤ تێكچووە، پێشتر چەندان وڵاتی ئەوروپی لەسەر هەمان پرس بایكۆتی عەرەبستانی سعوودیەیان كردووە لە پێفرۆشتنی چەك.
بە پێی راپۆرتێكی رۆژنامەی "عەرەب" لە تەنگژەی لبنان بە گرتنی سەعد حەریری سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە لەلایەن عەرەبستانی سعوودیە، زیگمار گابرێل وەزیری دەرەوەی پێشتری ئەڵمانیا، نیگەرانی وڵاتەكەی لەسەر ئەو هەڵوێستەی سعوودیە پێشان دا.
ناڕەزایەتییەكانی ئەڵمانیا كە گابرێل پێی وابوو خزمەت بە سەقامگیریی ناوچەكە ناكات، دەسەڵاتدارانی سعوودیە بەرانبەر بەو ناڕەزایەتییە پەرچەكرداری نواند و باڵوێزی خۆی لە ئەڵمانیا كشاندەوە و باڵوێزی ئەڵمانیایشی لە سعوودیە رەوانەی ئەڵمانیا كردەوە و پێی راگەیاند كە زانیارییەكانی وەزیری دەرەوەتان هەڵەیە.
لە راپۆرتێكی تری "BBC" لەبارەی گرێبەستی چەكی كەنەدا و عەرەبستانی سعوودی، كۆمپانیای (جەنەڕاڵ داینامیكس گرووپ)ی زەبەلاحی ئەمەریكی كە لە كەنەدایە، ساڵی 2014 گرێبەستێكی 15 ملیار دۆلاری لەگەڵ سعوودیە واژوو كردووە بۆ پێفرۆشتنی ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕ.
چاودێرانی سیاسی و سەربازی چاوەڕێ پەرچەكرداری زیاتر لە كەنەدا دەكەن تا دەگات بە هەڵوەشاندنەوە یان سڕكردنی ئەو گرێبەستە كە گەورەترین گرێبەستی فرۆشتنی چەكە لە مێژووی كەنەدا كە بە گوێرەی گرێبەستەكە، كۆمپانیاكە دەبێت هەزار ئۆتۆمبێلی گولەنەبڕ بۆ سعوودیە دروست بكات كە 100 دانەیان تایبەتمەندی هێرشبردنی هەیە.
ئەمە لە كاتێكدایە سەرەتای ئەمساڵ ئەڵمانیا بڕیاری راگرتنی فرۆشتنی چەكی بە عەرەبستانی سعوودیە راگەیاند بەهۆی ئەو پێشێلكارییانەی سعوودیە لە یەمەن دەیكات كە یەكێك لە دیارترین گرێبەستەكان كڕینی كەشتی سەربازی ئەڵمانی بوو بە بەهای زیاتر لە دوو ملیار دۆلار لە ساڵی 2013.
پێش ئەڵمانیایش، سوید لە ساڵی 2015ەوە بڕیاری رەتكردنەوەی گرێبەستی چەكی لەگەڵ سعوودیە راگەیاند بەهۆی پێشێلكاری دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە بەرانبەر بە مافەكانی مرۆڤ.
هاوكات سەرەتای مانگی تەمووزی رابردوویش بەلجیكا، بڕیاری دا چیتر چەك هەناردەی عەرەبستانی سعوودیە نەكات بەخۆی خراپیی دۆخی مافی ژنان لەو وڵاتە كە نوێترین گرێبەستی سعوودی بۆ كڕینی چەكی بەلجیكی بەهاكەی 150 ملیۆن یۆرۆ بوو.
لای خۆیەوە حكوومەتی نەرویجیش لە سەرەتای ئەمساڵ بڕیاری راگرتنی هەناردەی چەكی بۆ سعوودیە دابوو بەهۆی جەنگی دژ بە یەمەن. ئەمە لە كاتێكدایە پەرلەمانی ئەوروپی لە كۆتای ساڵی رابردوو بە فەرمی داوای لە وڵاتانی ئەوروپی كرد چەك بە سعوودیە نەفرۆشن لە ترسی بەكارهێنانی لە شەڕی دژ بە یەمەن.