زانیاری لەسەر ناردنی 317 ملیار لە بەغداوە بۆ كوردستان

بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق ڕای گەیاند، بەغدا پێش جەژنی قوربان 317 ملیار دیناری هەرێمی كوردستان ڕەوانە دەكات و مووچەی سەرجەم فەرمانبەران پێش جەژن دابەش دەكرێت.

ئەمڕۆ سێشەم حەوتی ئاب/ ئۆگستس، فازل نەبی بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە كاتی جەژندا حكوومەت مووچە پێش دەخات، بۆیە بڕیارە  پێش جەژن بەغدا 317 ملیار دیناری هەرێمی كوردستان ڕەوانە بكات بۆ ئەوەی مووچەی فەرمانبەران دابەش بكرێت.

ڕوونیشی كردەوە، هەركاتێك حكوومەتی عێراق پارەی ڕەوانە كرد، راستەوخۆ دەست بە دابەشكردنی مووچەی تەواوی فەرمانبەران دەكرێت.

لەبارەی بەردەوامی ناردنی ئەو پارەیە لە لایەن بەغداوە، بریكاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ناردنی ئەوبەشە پارەیە بۆ هەرێمی كوردستان تا پێكهێنانی حكوومەتی نوێ بەردەوام دەبێت و دواتر بەپێی حكوومەتەكە ئەو ڕێككەوتنە دەگۆڕێت.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بڕیارە تا 15ی ئەم مانگە مووچەی زۆرێك لە فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان بدرێت و بەپێی بڕیاریش پێش جەژن مووچەی تەواوی  وەزارەتەكان دابەش دەکرێ.

317 ملیار دینار وەك ڕێككەوتنی سەرەتایی لە نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا بڕیاری لەسەر دراوە و مانگانە بۆ مووچەی فەرمانبەران ڕەوانە دەركرێ‌ و بەو پارەیە و داهاتی ناوخۆ، حكوومەت مووچەی فەرمانبەرانی دابین دەكات.

هەولێر/ بڵند ئیبراهیم



وشە - سه‌رخێڵ هاشم


PM:06:48:07/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 4978 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌