بەرشەلۆنە باشترین دوو ئەستێرەی بە پۆگبا دەگۆڕێتەوە

:: AM:09:24:08/08/2018 ‌

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد، یانەی بەرشەلۆنە پێداگیری لە گرێبەستكردن لەگەڵ پۆڵ پۆگبای ئەستێرەی فڕەنسی دەكات و بۆ ئەمەش باشترین دوو ئەستێرەی تیپەكەی بۆ گۆڕینەوە خستۆتە بەردەمی یانەی مانچستەر یونایتد.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە ئەو دوو ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە بۆ گۆڕینەوەی پۆگبا دیاری كردووە برێتین لە ئیڤان راكیتیچ و عوسمان دێمبێلێ.

بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە پێیانوایە ئەم دەستەوارەیە دەبێتە هۆی رازیكردنی جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتد بۆ دەستبەرداربوون لە پۆگبا بەر لە تەواوبوونی ماوەی گواستنەوەی هاوینەی یاریزانانی خولی نایابی ئینگلیزی كە سەعات 12ی شەو سبەی پێنجەم تەواو دەبێت.

ئەمە لە كاتێكدایە كە یانەی بەرشەلۆنە چەند رۆژێك پێش ئێستا دوو یاریزانی تری خستبووە بەردەمی بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ پۆگبا كە ئەوانیش برێتی بوون لە یاری مینای بەرگریكاری كۆڵۆمبی و ئەندرێ گۆمێزی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی پورتوگالی لەگەڵ 44 ملیۆن پاوەن، بەڵام مۆرینۆ داواكەیانی رەت كردبووەوە.

لای خۆشییەوە بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد لەسەر داوای مۆرینۆ تا ئێستا پێداگیری لە مانەوەی پۆگبا لە ریزی یانەكەیان دەكەن و چەندان جاریش جەختیان كردۆتەوە ئەستێرە فڕەنسییەكەیان بەهیچ شێوەیەك بۆ فرۆشتن نییە.
 




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م