هەولێر بۆ یارییەكەی ئەمڕۆ ئامادەیە

:: AM:11:36:08/08/2018 ‌

ئەمڕۆ چوارشەم یانەی هەولێر لە یەكەم یاریی خۆیدا لە قۆناغی كۆتایی خولی پلە یەكی عێراق لەنێو یاریگەی فڕەنسۆ هەریری رووبەڕووی یانەی سلێخ دەبێتەوە.

دوێنێ سێشەم لە هۆڵی كۆنگرەكانی یانەی هەولێر كۆنگرەی رۆژنامەوانی بۆ هەر شەش یانەی بەشداربووی گرووپی یەكەمی خولی پلە یەكی عێراق بەڕێوەچوو.

یانەی هەولێر لە یەكەم تاقیكردنەوەیدا لە گرووپی یەكەم ئەمڕۆ چوارشەم سەعات 7ی ئێوارە لە یاریگەی فڕەنسۆ هەریری مێوانداری یانەی سلێخ دەكات.

شوان ئەنوەر یاریدەری راهێنەری یانەی هەولێر لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رایگەیاند: تیپەكەمان ئامادەكاری باشی بۆ سەرجەم یارییەكانی خولی پلە یەكی عێراق كردووە و ئەمڕۆش بۆ سەركەوتن و بەدەستهێنانی 3 خاڵ یاری دەكەین.

شوان داوای لە جەماوەری یانەی هەولێر كرد بێنە نێو یاریگەی فڕەنسۆ هەریری بۆ هاندانی تیپەكەیان، چونكە بە پاڵپشتیكردنی ئەوان لە بەدەستهێنانی ئامانجەكەیان كە سەركەوتنە نزیكتر دەبنەوە.

لەبەرامبەریشدا رەشید سوڵتان راهێنەری یانەی سلێخ سەرەتا سوپاسی یانەی هەولێری كرد كە بەشێوەیەكی جوان پێشوازی لە پاڵەوانیەتییەكەدا كردووە، جەختیشی كردەوە كە ئامانجی سەرەكییان لە یارییەكەدا سەركەوتن و بەدەستهێنای 3 خاڵی یارییەكەیە بەرامبەر یانەی هەولێر.

رەشید راشیگەیاند كە لە قۆناغی یەكەمی خولی پلە یەكی عێراقدا لە كۆمەڵەی بەغدا 26 یارییان ئەنجامداوە و بۆیە تیپەكەیان بۆ یارییەكە بەتەواوی ئامادەیە.

لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا بڕیاردرا لە یارییەكەی ئەمڕۆدا یانەی هەولێر بە درێسی سەرەكی خۆی بە رەنگی زەرد یاری بكات، یانەی سلێخیش بە درێسی رەنگی سوور یاری دەكات.

چوارشەمی هەفتەی رابردوو لە شاری بەغدا كۆنگرەی هونەری قۆناغی كۆتایی خولی پلە یەكی عێراق بۆ وەرزی نوێ (2018-2019) بەڕێوەچووبوو بە بەشداری 12 یانە.

هەر 12 یانەكە بەسەر دوو كۆمەڵە دابەشبوون و یانەی هەولێریش لە كۆمەڵەی یەكەمدا یاری دەكات، بڕیاریشە سەرجەم یارییەكانی كۆمەڵەی یەكەم لە یاریگەكانی شاری هەولێر (فڕەنسۆ هەریری، هەندرێن و ئارارات) ئەنجام بدرێن.

یارییەكانی قۆناغی كۆتایی خولی پلە یەكی عێراق بەشێوەی خول و بەیەك قۆناغی بەڕێوە دەچێت و یەكەمی هەر كۆمەڵەیەكیش راستەوخۆ لە وەرزی داهاتوودا لە خولی نایابی عێراق یاری دەكات.

كۆمەڵەكانی خولی پلە یەكی عێراقیش بەمشێوەی خوارەوە دابەشبوون:-

کۆمەڵەی یەکەم: ھەولێر، سلێخ، میسان، مووسڵ، قاسم، دفاع المدنی.

کۆمەڵەی دووەم: کەرخ، سەناعە، برایتی، ناسریە، عەفک، رومادی.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م