سەفین كانەبی مووچەكەی خۆی بەخشییە كچە یاریزانێكی دهۆك

:: AM:11:59:08/08/2018 ‌

سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان رایگەیاند كە بڕیاریداوە بەشێك لە مووچەكەی خۆی ببەخشێتە كچە یاریزانێكی دهۆك.

سەفین كانەبی سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان رایگەیاند: دوێنێ لە شاری دهۆك لە سێیەم رۆژی پاڵەوانیەتیی هەڵبژاردەی پارێزگاكانی فوتساڵی كچانی كوردستان لە یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی كچانی دهۆك و هەولێر ئامادەبووم.

هەروەها رایگەیاند: سیپەل شكور كچە یاریزانی هەڵبژاردەی دهۆك بە ئاستێكی یەكجار بەرز دەركەوت و سەرنجی من و سەرجەم ئامادەبووانی یارییەكەی راكێشا.

زیاتر گوتی: ئاستی یاریكردنی سیپەل بووە جێگەی شانازی من و پێویستە هەموومان شانازی بەو كچە یاریزانەی كوردستان بكەین.

سەرۆكی یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان هەروەها رایگەیاند: بەهۆی ئەم ئاستە بەرزەوە بەخۆشحاڵییەوە بڕیارم دا بەشێك لم مووچەیەی لە یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان وەری دەگرم وەك رێزێك بۆ ئەم دیمەنە جوانانەی سیپەل پێشكەشی كرد ببەخشم بەو كچە یاریزانە.

كانەبی هەروەها پێرێ دووشەم هەر لە پاڵەوانیەتیی هەڵبژاردەی پارێزگاكانی فوتساڵی كچانی كوردستاندا بەشێكی تری مووچەكەی لە یەكەتیی تۆپی پێی كوردستان بەخشیبوو بە كچە یاریزانی هەڵبژاردەی كەركووك (دێرین مەحموود) وەك رێزێك بۆ لێهاتوویی ئەم كچە یاریزانە.

  سەرۆکی یەکەتیی تۆپی پێی کوردستان لەگەڵ سیپەل شکور

سەرۆکی یەکەتیی تۆپی پێی کوردستان لەگەڵ دێرین مەحموود





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م