كۆتایی ئەمساڵ تەنگژەی دارایی لە كوردستان نامێنێت

:: PM:12:12:08/08/2018 ‌
ڕۆژنامەیەكی بەریتانی ڕاپۆرتێكی لەسەر كۆمپانیای جەنەل ئینێرجی كردووە كە یەكێكە لە كۆمپانیا وەبەرهێنەكانی نەوت لە هەرێمی كوردستان و دووپاتی لەوە كردووەتەوە، لە كۆتایی ئەمساڵ شایستە دارایییەكانیان لەلایەن حكوومەتی هەرێمەوە دوا ناكەوێت و قەرزەكانیان پێ دەدرێتەوە، ئەمەیش بە ئاماژەیەك دەخوێنریتەوە كە لە كۆتایی ئەمساڵ دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان ڕوو لە باشبوونی تەواو دەكات و كێشەكان دوایییان دێت.

ڕۆژنامەی فاینەنشال تایمزی بەریتانی لە زاری عیسا ئاكاهایمونین بەڕێوەبەری جێبەجێكاری پێشووی كۆمپانیای شێل و ئێستەی جەنەل ئینێرجی گوتوویەتی، تا كۆتایی ئەمساڵ بەرهەمی نەوت لەو كێڵگانەی وەبەرهێنانی تێدا دەكەین بەرز دەبێتەوە، پێشبینی ئەوەیش دەكەین، دۆخی پێدانی شایستە دارایییەكانمان له كۆتایی ئەمساڵ ڕوو لە باشبوون بكات، چاوەڕێ دەكەین بڕی زۆری شایستە دارایییەكان وەربگرین.

ئاماژەی باشبوونی دۆخی دارایی كۆمپانیاكە و دانەوەی شایستە دارایییەكانی لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، پشكی كۆمپانیاكەی لە بۆسەری نێودەوڵەتی بەرز كردووەتەوە.

جەنەل ئینێرجی لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 70 دۆلار، ئەمەیش وای كرد لە شەش مانگی یەكەمی ئەمساڵ قازانجەكانی بگاتە 73.3 ملیۆن دۆلار، ئەمەیش بە بەراورد لەگەڵ ساڵی پێشتر زۆر زیاترە، چونكە ساڵی ڕابردوو لە شەش مانگی یەكەم تەنیا 14.2 ملیۆن دۆلار قازانجی كردبوو

پێدانی شایستە دارایییەكان لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵی ڕابردوو بەو كۆمپانیایە دواكەوت، بەهۆی ئاڵۆزی سیاسی و تەناهی لە ناوچەكە، ئاكاهایمونین لەوبارەوە گوتی، لە مەودوا كۆمپانیاكە بەشێوەی مانگانە شایستە دارایییەكانی لە هەرێمی كوردستان وەرناگرێ، بەڵكو بۆ سیستەمی پێشتری بەر لە تووشبوونی ناوچەكە بە كێشەی تەناهی و سیاسی دەگەڕێتەوە، واتە سێ ساڵ بەر لە ئێستە.

لە ئەنجامی دەركەوتنی ئەو هەواڵانە و جێگیری كۆمپانیاكە لە بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان، نه‌وت له‌ 11 بیره‌ نه‌وتی تر به‌رهه‌م ده‌هێنێت. به‌مه‌یش پشكی له‌ بۆرسه‌ی نێوده‌وڵه‌تی به‌رز بووه‌ته‌وه‌. 

بڵاوبوونەوەی هەواڵی پێدانی شایستە دارایییەكانی كۆمپانیاكانی نەوتی هەرێمی كوردستان لە كاتی خۆی دا، بە بڕوای شارەزایانی ئابووری هەواڵێكی دڵخۆشكەرە و دیارە كۆمپانیاكە زانیاری وردی پێ گەیشتووە لەلایەن كوردستانەوە بێ یان بەغدا، كە دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان باش دەبێ و دەگاتە ئەو ئاستەی بتوانێ لە كاتی خۆیدا شایستەی دارایی كۆمپانیاكان بدات.

هەرێمی كوردستان لە 2014 بە بڕیارێكی كەسیی نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی ئەوكات هەرێمی كوردستان بودجە و مووچەی كارمەندانی لێ بڕا، هاوكات تیرۆریستانیش پەلاماری كوردستانیان دا و نرخی نەوتیش لە بازاڕەكانی دنیا ڕووی لە دابەزین كرد، بەوهۆیەوە تووشی تەنگژەیەكی گەورەی دارایی بوو و نەیتوانی لە كاتی خۆی مووچەی كارمەندان و شایستەی دارایی كۆمپانیاكانی وەبەرهێنان لە كەرتی نەوت و وزەی هەرێمی كوردستان بدات.

هەرچەندە دوای هاتنە سەر حوكمی حەیدەر عەبادی ڕێككەوتن لە نێوان هەولێر و بەغدا كرا و لە یاسای بودجەی 2015ی عێراقیش جێگیر كرا، كە هەرێمی كوردستان 300 هەزار بەرمیل نەوتی كەركووك و 250 هەزار بەرمیل نەوتی خۆی هەناردەی دەرەوە بكات، لە بەرانبەریشدا بەغدا پشكی 17%ی بودجە بە هەرێمی كوردستان دەدا و مانگانە تریلیۆنێك و 200 ملیار دینار ڕەوانەی هەرێمی كوردستان دەكات، بەڵام حكوومەتی عێراق پابەندی ئەو ڕێككەوتنە نەبوو و تا مانگی حوزەیران/یۆنیۆ ڕێككەوتنەكە بەردەوامی هەبوو، دواتر هەرێمی كوردستان ڕاستەوخۆ دەستی بە هەناردەی نەوت كرد.

ئێستە دوای سەرجەم ئەو گرفتانەی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوو ڕوویان دا، هەرێمی كوردستان و بەغدا لەیەكتر نزیك بوونەتەوە و شیعە پێویستی بە كوردە تا حكوومەتی نوێ لە عێراق دابمەزرێنێت، كوردیش مەرجی ئەوەیە بگەڕێتەوە ناوچە داگیركراوەكان و بودجە و مووچە و پشكی پێشمەرگە و كێشە هەڵواسراوەكان چارەسەر بكرێن، بۆیە پێشبینی دەكرێ بەغدا بە مەرجەكان بە تایبەت ناردنی بودجەی هەرێمی كوردستان ڕازی ببێ و دۆخی دارایی هەرێمی كوردستان باش ببێتەوە.

لە دوای ئەوەی بەغدا ڕەزامەندی دەربڕی بە ناردنی 317 ملیار دیناری مانگانە بۆ هەرێمی كوردستان، حكوومەت توانیویەتی لە ڕێی فرۆشتنی نەوتیشەوە داهاتی پێویست بۆ دابینكردنی مووچەی مانگانەی كارمەندەكانی دابین بكات و بە كەمترین سیستەمی پاشەكەوتەوە دابەشی بكات. 
سەرەڕای تێكچوونی دۆخی تەناهیش بەهۆی هاتنی داعش و پەلاماردانی كوردستان، بەڵام لە 2016ەوە كاتێك داعش لە زۆربەی ناوچەكانی باشووری كوردستان لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە تێكشكێنرا، ئەوا كۆمپانیا نێودەوڵەتییەكانیش وردە وردە دەگەڕێنەوە كوردستان و دەستیان بە وەبەرهێنان و پڕۆژەی گەورە و ستراتیجی كردووەتەوە، بەوهۆیەوە هەموو ئاماژەكان هێما بۆ ئەوە دەكەن، دۆخی دارایی و ژیاری لە هەرێمی كوردستان دووبارە بەرز دەبێتەوە و دەگەشێتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د