ئایا ئابووری توركیا دادەڕمێت؟


نرخی لیرەی توركیا بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی بۆ نزمترین ئاستی دابەزیوە و سەرۆكی گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیاش هۆكارەكە بۆ سیاسەتی تاكڕەوی ئەردۆغان دەگێڕێتەوە و دەڵێت ،ئەگەر ئەمە سیاسەتە درێژەی هەبێت، ئەوا ئابووری توركیا دادەڕمێت.

كەمال كلیچدار ئۆغڵو رێبەری پارتی كۆماریخوازی توركیا دابەزینی رۆژ لە دوای رۆژی نرخی لیرە بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی خستە پاڵ سیاسەتی تاكڕۆیانەی ئەردۆغان و گوتی، ئەگەر ئەمە بەردەوام بێت، ئەوا ئابووری توركیا تووشی داڕمان دەبێت. ئەو روونی كردەوە زۆربەی پڕۆژە گەورەكانی وەك دروستكردنی فڕۆكەخانە، پرد، نەخۆشخانە لەسەر بنەمای دۆلار بنیات دەنرێن و جێبەجێكارانی ئەو پڕۆژانەش كە مەبەستی ئەردۆغانە خۆیان بە نیشتمانپەروەر و دڵسۆزی وڵات دەناسێنن.

بەگوێرەی "ئیرنا"  سەرۆكی پارتی جەهەپە رەخنەی لەوە گرتووە ئەگەر ئەوانەی هۆكاری دابەزینی نرخی لیرەی توركیان نیشتمانپەروەر بن، ئەی ئەوانەی نیشتمانپەروەر نین چ كەسانێكن. ئەو گوتی "ئێستە توركیا لە لایەن پارتی دەسەڵاتدار بەڕێوە نابرێت بەڵكو خەریكە وێران دەكرێت."

پێویستە بگوترێت نرخی لیرەی توركیا بەرانبەر دۆلاری ئەمەریكی گەیشتووەتە نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی و لیرە دوای ئەوە زیاتر رووی لە دابەزین كرد كە ئەمەریكا سزای خستە سەر دوو وەزیری توركیا بەهۆی ئەوەی كە قەشەیەكی ئەمەریكییان بێ تاوان گرتووە.

توركیا بۆیە كەسایەتییەكی ئاینی ئەمەریكای دەستبەسەر كردووە بۆ ئەوەی گوشار بخاتە سەر ئەمەریكا لەوەی فەتحوڵا گولەن رادەستی توركیا بكات.

ئەردۆغان، فەتحوڵا گولەن رێبەری بزووتنەوەی خزمەت بە ئەنجامدەری كودەتاكەی دوو ساڵ لەمەوبەر هەژمار دەكات.

ئابووری توركیا رێك لەو كاتەوە رووی لە پاشەكشە كردووە كە ئەردۆغان سیاسەتی تاكڕەوانەی گرتەبەر و بۆ نیشاندانی خۆی وەك كەسێكی ناسیۆنالیستی تورك و نیشتمانپەروەر، كۆمەڵیك شەڕی بۆ توركیا دەست پێ كردووە كە سەرجەمیان راستە پێگەی ئەردۆغانیان لە ناو توركیا بەرز كردووەتەوە، بەڵام وڵاتیان بەرەو دواوە گەڕاندووەتەوە.

توركیا لە سەرەتای سەدەی نوێی زاینی بوو بە وڵاتێكی بەهێزی ئابووری و بۆ نزیكەی 15 ساڵ ئابوورییەكەی لە گەشەسەندندا بووە و رەوتی گەشەسەندنی ئابوورییەكەی سنووری 8%ی تێپەڕاند. لە ساڵانی 2004 تا 2008 بە بایەخەوە باس لە گەشەی توركیا كرا و گوترا وڵاتێكی نوێی گەشەسەندووی ئابووری لەدایكبووە كە خەریكە بە خێرایی پێش زۆر لە وڵاتانی تر دەكەوێتەوە.

سەقامگیریی ناوخۆیی لە توركیا و پێوەندی پتەوی ئەو وڵاتە لەگەڵ وڵاتانی تر و پەرەپێدانی دیموكراسی هۆكاری سەرەكی لە گەشەسەندنی توركیا بوو، بەڵام نزیكەی چوار ساڵە توركیا لە هەندێك لە بنەماكانی دیموكراسی دوور كەوتووەتەوە و پێوەندییە ئابوورییەكانیشی لەگەڵ وڵاتانی تر لاواز بووە.

هەناردەی توركیا لە ساڵی 2016 بەراورد بە ساڵی 2015 بە رێژەی نزیكەی 1% و قەبارەی هاوردەش بە رێژەی 4.2% دابەزیوە. قەبارەی هەناردەی توركیا بەگوێرەی دەزگای ئاماری ئەو وڵاتە لە ساڵی 2015 دا 143 ملیار و 839 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام ئەو قەبارەیە لە ساڵی 2015دا 142 ملیار و 606 ملیۆن دۆلار بووە. وەك لە TRT بڵاو كراوەتەوە خۆ لە ساڵی 2017 بەراورد بە ساڵی 2016 سەرەڕای ئەوەی هەناردە هەڵكشاوە، بەڵام رێژەی هەڵكشانی هاوردە زیاتر بووە.
 
بە گشتی كورتهێنانی بازرگانی بیانی لە 63 ملیار و 395 ملیۆن دۆلار بۆ 55 ملیار و 996 ملیۆن دۆلار كەمی كردووە. ئەڵمانیا، رووسیا، عێراق و ئێران لەو وڵاتانە بوون كە زۆرترین قەبارەی بازرگانی توركیایان داگیر كردبوو.

زۆرترین پێوەندی بازرگانی توركیا لەگەڵ ئەڵمانیایە، بەڵام سستبوونی پێوەندییە سیاسییەكانی نێوان ئەڵمانیا و توركیا هۆكار بووە لەوە توركیا لە پرسی هەناردەكارییەكانی بۆ ئەوروپا تووشی هەندێك كێشە ببێتەوە. لە سێ ساڵی رابردوودا توركیا لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی ئەوروپی تووشی كێشە بووە و جاران كە باس لە بە ئەندامبوونی توركیا لە یەكێتی ئەوروپا دەكرا، ئێستە ئەو دۆسیەیە بە تەواوی داخراوە و ئەوروپا وەك هەر وڵاتێكی تری رۆژهەڵاتی ناوەراست سەیری توركیا دەكات.

ئەمەریكا كە بە هاوپەیمانی سەرەكی توركیا لە ناوچەكە هەژمار دەكرێت زیاتر لە هەر كاتێك پێوەندییە سیاسییەكانی لەگەڵ توركیا ئاڵۆز بووە و ماوەیەكە پێوەندییە سیاسییەكان پەلی هاویشتووەتە سەر پێوەندییە ئابورییەكان، بۆیە لیرەی توركیا بەردەوام دادەبەزێت.

ئەوەی تا رادەیەكی زۆر توركیای لە داڕمانی زیاتری ئابووری پاراستووە، پێگەی ستراتیجیی ئەو وڵاتە بووە و وڵاتە ئەوروپییەكان ساڵانە بە ملیاران یۆرۆ یارمەتی توركیا دەدەن تەنیا لە پێناو ئەوەی دەرگای رۆیشتنی ئاوارەكان بەرووی ئەوروپا نەكاتەوە. بە هۆی جەنگی ناوخۆیی سووریا و پرسی تیرۆر و ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە بە ملیۆنان ئاوارە روویان لە توركیا كردووە.




وشە - سلێمان تاشان


PM:01:11:08/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 101 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌