"خراومه‌ته لیستی ره‌شی فڕۆكه‌خانه‌كانی عێراق و كوردستان"
به‌شار تاها هونه‌رمه‌ندی بواری "مێكئهپ" له به‌غدا له دایك بووه و له دهۆك گه‌وره بووه و ئێسته له پایته‌ختی ئه‌ڵمانیا ده‌ژی. ئه‌و له دیمانه‌یه‌كی "وشه"دا وێڕای هه‌ژماركردنی مێكئهپ به به‌شێكی گرنگی هونه‌ری وێنه‌كێشان، باس له قورسی ژیانی خۆی ده‌كات كه چۆن توانی به‌سه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كدا زاڵ بێت و هه‌ندێك شتی نوێ بێنێته كایه‌وه.
له‌به‌رچی هونه‌ری مێكئهپت هه‌ڵبژارد و ئه‌م هونه‌ره له كوردستان چۆن ده‌بینی؟
كاتێك منداڵ بووم زۆر حه‌زم له هونه‌ری وێنه‌كێشان بوو، هه‌موو كاتێك حه‌زم ده‌كرد وێنه له‌سه‌ر تابلۆ بكێشم، مێكئهپیش وه‌ك وێنه‌كێشان وایه كاتێك شێوه‌ی ئه‌و كه‌سه ده‌گۆڕی یان وێنه‌یه‌كی تر له‌سه‌ر ده‌موچاوی ده‌كێشی.
هونه‌ری مێكئهپ له كوردستان زۆر ئه‌سته‌مه و به‌ربه‌ستی زۆری هه‌یه تا كه‌سێك ببێت به هونه‌رمه‌ندی مێكئهپ، پێم وایه ئه‌م كاره له كوردستان له هه‌موو جێیه‌ك قورستره، ته‌نانه‌ت له به‌غداش كه وه‌ك جاران رۆشنبیر نین. له كوردستان له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆرتر ناوچه‌یه‌كی عه‌شایه‌رییه، هه‌موو كاتێك كێشه‌ی ئه‌و شتانه‌م هه‌بووه و تایبه‌تمه‌ندیی پیاو و ژن زۆر جیا كراوه‌ته‌وه، بۆیه قبووڵی ئه‌م هونه‌ره ناكرێت.
كێن ئه‌وانه‌ی بوونه‌ته به‌ربه‌ست به‌رانبه‌ر پیشه و هونه‌ره‌كه‌ت؟
هه‌ر كارێك كه مرۆڤ له ژیانی خۆیدا بیكات خۆشی و ناخۆشی هه‌یه. كاتێك من له كوردستان بووم زۆر به‌ربه‌ستم هه‌بوو، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا توانیم له ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا سه‌ركه‌وتنێكی باش به‌ده‌ست بێنم. بۆ ماوه‌ی پێنچ ساڵ له كه‌ناڵێكی بادینی كارم كرد به‌ناوی "ڤین تیڤی" و له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه‌كانی سومه‌رییه، عێراقیه، بی بی سی و جه‌زیره"ش كارم كردووه، له رووداو بۆ ماوه‌ی چوار ساڵ به‌رپرسی به‌شی مێكئهپی كه‌ناڵ بووم له كه‌سه گرنگه‌كانی ئه‌و كه‌ناڵه بووم هه‌ر له ساتی دامه‌زراندنییه‌وه، واته من هه‌موو سیاسییه‌كانی كوردستان‌م بۆ كه‌ناڵه‌كه مێكئهپ كردووه.
به راستی زۆر سه‌ختیم بینیوه، به‌ڵام ئه‌وه شتێكی ئاسایییه له ژیاندا، كاتێك حه‌ز بكه‌ی كارێكی باش و جیاواز بكه‌ی، قورسی له‌گه‌ڵدا ده‌بێت. من توانیم سه‌ركه‌وتوو بم و گۆڕانكاری له‌ناو كۆمه‌ڵگه‌ی كوردیدا بكه‌م، كاتێك هاتمه كوردستان توانیم جوانكارییه‌كی تایبه‌ت به ژن له‌ناو سه‌نته‌ری شاری دهۆك بكه‌مه‌وه، ئه‌و كاته كه‌س هه‌ر نه‌یده‌زانی مێكئهپ ئارتیست چییه، من توانیم ئه‌و شته له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه بگونجێنم.
كورد چۆن سه‌یری هونه‌رمه‌ندی مێكئهپ ده‌كات؟
زۆرینه نازانن هونه‌ری مێكئهپ چییه. هه‌ر له‌به‌رئه‌وه من گرنگی ناده‌م به‌وه‌ی ئه‌وان چۆن ته‌ماشای من ده‌كه‌ن. كاتێك له كوردستان روێشتم ئیتر بڕیاری خۆم دا بۆ كورد ئیش نه‌كه‌م و كاری من بۆ ئه‌وان نه‌بێت. به‌ڵكو ته‌نیا بۆ خۆم و ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه كار بكه‌م كه تێیدا ده‌ژیم. من گرێدراوی هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك نیم، كاری من بۆ هه‌موو گه‌لانه.
بۆچی كوردستانت به‌جێهێشت، بڕیارت داوه جارێكی تر بگه‌ڕێیته‌وه؟
زۆر جار باسی ئه‌وه‌م كردووه كه جێهێشتنی كوردستان به ده‌ستی من نه‌بووه و هیچ كاتێكیش هزری ئه‌وه‌م نه‌كردووه كوردستان جێ بێڵم، چونكه ژیانم له كوردستان زۆر خۆش بوو، زۆر ئارام بووم و گه‌شتی هه‌موو وڵاتێكم ده‌كرد، به‌ڵام قه‌ت له بیرمدا نه‌بووه جارێك كوردستان به یه‌كجاری به‌جێ بهێڵم و له ئه‌وروپا بژیم، بڕیاره‌كه له من و زۆر كه‌سیش گه‌وره‌تر بوو، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره له به‌رژه‌وه‌ندی مندا بوو، چونكه ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕیاره له‌و كاته‌دا نه‌بووایه، ئێسته من له ژیاندا نه‌مابووم.
به داخه‌وه ناتوانم هیچ جارێكی تر كوردستان ببینم نه‌ك ته‌نیا كوردستان، به‌ڵكو زۆر له وڵاتانی تریش من خراومه‌ته "بلاك لیست"ـه‌وه، له‌وانه‌ش فڕۆكه‌خانه‌كانی عێراق و كوردستان و زۆر له وڵاتانی تر. ناتوانم له‌سه‌ر ئه‌وه قسه بكه‌م كه بۆچی چوومه‌ته ناو لیستی ره‌شی هه‌ندێك له وڵاتان، چونكه بابه‌ته‌كه به‌وه گرێ دراوه كه ناتوانی باس له‌و بابه‌تانه له كوردستان بكه‌ی .
تۆ زیاتر گرنگی به كام ره‌گه‌ز ده‌ده‌ی نێر یان مێ؟
من بۆ رۆژنامه‌یه‌كی كوردی قسه ده‌كه‌م و نووسینه‌كه بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی ده‌بێت، هه‌ر له‌به‌رئه‌وه زۆر قورسه كه‌سێكی كورد له بابه‌تی من تێ بگات. من باسی بكه‌م یان نا ئه‌وان هه‌ر تێناگه‌ن و گرنگی پێ ناده‌ن. بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی جارێ زووه باس له بابه‌تی ره‌گه‌زبازی بكات. به‌ڵام هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێ به ئاسانی له ئینستاگرامی من له‌وه تێبگات كه من زۆرتر گرنگی به كام ره‌گه‌ز ده‌ده‌م و حه‌زم له كامیانه و زۆر راستگۆم له‌مباره‌یه‌وه.
ئێسته خه‌ریكی چیت و چۆن رۆژه‌كانی خۆت له ئه‌وروپا تێپه‌ڕ ده‌كه‌ی؟
له‌گه‌ڵ كۆمپانیایه‌كی ئه‌مه‌ریكی گرێبه‌ستێكم واژوو كردووه كه كاریان دروستكردنی فیلمه‌كانه له هۆلیوود، له‌م رۆژانه‌دا ده‌ست به تۆماركردنی فیلمێكی نوێ ده‌كه‌ین له به‌رلین و فلۆریدا و ستۆدیۆكانی هۆلیوود و من مێكئهپ ئارتیستی ئه‌وان ده‌بم. جگه له‌وه هه‌ندێك دۆكیۆمێنتم هه‌یه بۆ كه‌ناڵه ئه‌ڵمانییه‌كان و حه‌ز ده‌كه‌م ڤیدیۆ كلیپێك به زمانی ئێنگلیزی تۆمار بكه‌م، چونكه جگه له هونه‌ری مێكئهپ من گورانیش ده‌ڵێم و به‌منزیكانه كاری نوێم ده‌بێت كه گورانییه‌كی ئینگلیزییه.
جیاوازی له نێوان كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی و ئه‌وروپی له چیدا ده‌بینی؟
له زۆر رووه‌وه جیاوازی له نێوان هه‌ردوو كۆمه‌ڵگه‌دا هه‌یه، به‌داخه‌وه ناتوانین به‌راوردی ئه‌و جیاوازییه گه‌وره‌یه بكه‌ین، نه‌ك ته‌نیا كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپا جیاوازه، بگره له‌گه‌ڵ زۆر له وڵاتانی عه‌ره‌بیش جیاوازه. سه‌یری لبنان بكه عه‌ره‌به‌كانی لبنان زۆر كراوه‌تر و مێشك فراوانترن به به‌راورد له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان، ئینجا بێی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپی به‌راوردی بكه‌ی، به هه‌زاران ساڵ و زیاتریش كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌وروپی له هی كوردی پێشكه‌وتووتره .
مێكئهپ ژن جوان ده‌كات یان بۆ خۆی جوانه؟ ئایا پیاو پێویستی به مێكئهپ هه‌یه؟
من خۆم كه مێكئهپ ئارتیستم زۆر حه‌ز به به‌كارهێنانی مێكئهپ ناكه‌م. كاری میكیاج ئه‌وه‌یه شتی ناڕێك له سه‌ر ده‌م و چاو بشارییهوه. من كاتێك له كوردستان بووم ده‌مبینی ژنان كه ده‌چوونه بازاڕیش مێكئهپی زۆریان ده‌كرد، من له‌گه‌ڵ ئه‌و شته نیم و ده‌ڵێم ژن بۆ خۆی جوانه و پێویستی به مێكئهپ نییه، به‌ڵام كاتێك ده‌موچاوی عه‌یبێكی تێدایه، له‌وكاته‌دا ده‌توانێت ته‌نیا بۆ شاردنه‌وه‌ی ئه‌و ناڕێكییه به كه‌می مێكئهپ به‌كار بێنێت.
پیاو پێویستی به مێكئهپ نییه، جارێكی تریش باسی ئه‌و شته‌م كرد له ئینستاگرامی خۆم، ته‌نیا ئه‌و پیاوانه‌ی به‌رانبه‌ر كامێرا ده‌وه‌ستن پێویستیان به مێكئهپ هه‌یه، ئه‌ویش له به‌ر رووناكی و كامێرا.
خه‌ونه گه‌وره‌كه‌ت چی بووه ئایا پێی گه‌یشتووی؟
من هه‌ر له منداڵییه‌وه خه‌ونم ئه‌وه‌بوو له وڵاتێك بژیم گرنگی به من و كاری من بدات و بگه‌مه فه‌رشی سووری هۆلیوود و هه‌موو كه‌سێك بمبینێت، ئێسته وای ده‌بینم ورده ورده خه‌ریكه ده‌گه‌مه ئه‌و خه‌ونه‌م، هه‌رچه‌نده زۆر جار له‌و باوه‌ڕه‌دا بووم به‌و خه‌ونه ناگه‌م، به‌ڵام به‌ختم هه‌بووه و ئێسته لێی نزیك كه‌وتوومه‌ته‌وه.