ئه‌مڕۆ حزبى سیۆسالیستى كوردستان یادى 42 ساڵى دامه‌زراندنى كرده‌وه، ئه‌و حزبه‌ى كه به درێژایى ئه‌م مێژوو وێڕاى خه‌باتى كوردایه‌تى، وه‌ستان له ته‌ك مه‌ینه‌تییه‌كانى كورد، هاوشێوه‌ى حزبه سه‌ره‌كییه‌كانى تر رووبه‌ڕووى یه‌كگرتن و ئینشقاق و شه‌ڕى ناوخۆ و چه‌ندان دیارده‌ى تر .
ئه‌مڕۆ 8/8/ 2018 ساڵیادى دامه‌زراندنى حزبى سۆسیالیستى كوردستان ده‌كرێته‌وه، هه‌ر به‌م بۆنه‌یه‌وه مه‌كته‌بى سیاسى سۆسیالیست به‌یاننامه‌یه‌كى بڵاو كردووه‌ته‌وه، تێیدا هاتووه"له رۆژانی ره‌شی نائومێدی و سه‌خترین قۆناغی مامه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ خه‌فه‌كردنی ده‌نگی كورد و به پیلان قڕكردنی گه‌له‌كه‌مان، وه‌ك وه‌رچه‌رخانێكی گرنگ له مێژووی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان، حزبى سۆسیالیست دامه‌زراوه".
هه‌روه‌ها له به‌یاننامه‌كه هاتووه، "حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان وه‌ك پێویستییه‌كی مێژوویی له‌دوای په‌یماننامه‌ی شومی جه‌زائیر هاته مه‌یدانی چۆڵی خه‌بات و له‌دوای 42 ساڵ وا به سه‌ربه‌رزییه‌وه لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی هه‌ڵده‌داته‌وه و له هه‌ر وێستگه‌یه‌كیدا هه‌زاران شه‌هید و نه‌به‌ردی و داستانی مقاوه‌مه‌ی جه‌سوورانه یاد ده‌كاته‌وه".
هه‌رچه‌نده ئه‌م دوو بڕگه‌یه‌ى سه‌ره‌وه ئه‌مڕۆ له ماڵپه‌رى فه‌رمى حزبه‌كه بڵاو كراوه‌ته‌وه و مافى حزبه‌كه‌یه ستایشى مێژووى خۆى بكات، به‌ڵام جگه له‌و به‌یاننامه‌یه‌ش، ئه‌وانه‌ى باسیان له مێژووى حزبه‌كانى كوردستان و خه‌باتى كوردایه‌تى كردووه، ناتوانن خۆیان له رۆڵى ئه‌م حزبه به‌دوور بگرن.
حزبى سۆسیالیست هه‌رچه‌نده ئێسته له په‌رله‌مان تاكه كورسییه‌كى هه‌یه، به‌ڵام وه‌ك پارتى و یه‌كێتى خاوه‌ن مێژوویییه‌كه و هاوشێوه‌ى ئه‌وانیش به‌شدار بووه له خه‌باتى شاخ و شار و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا وه‌ك ئه‌وان نه‌یتوانیوه خۆى له هه‌ندێك دیارده به دوور بگرێت كه ژیانى حزبایه‌تى كوردى باو بووه، وه‌ك ئینشقاق و شه‌ڕى ناوخۆ و دیارده‌كانى تر كه زۆربه‌ى حزبه‌كان لێى په‌شیمانن.
له كتێبى "ره‌وته سیاسیه‌كانى كوردستانى عێراق" كه له‌لایه‌ن سه‌ڵاح خه‌رسانه‌وه نووسراوه، دواى مێژووى پارتى و یه‌كێتى باسى له مێژووى حزبى سۆسیالیست كراوه، كه له قۆناغه‌كانى مێژووى خۆیدا چه‌ندان جار ناوى گۆڕاوه، له‌وانه بزووتنه‌وه‌ى سۆسیالیستى دیمو‌كراتى كوردستان، حزبى سۆسیالیستى یه‌كگرتووى كوردستان، دواجاریش حزبى سۆسیالیستى كوردستان.
هه‌رچه‌نده بیرۆكه‌ى دامه‌زراندنى ئه‌م حزبه له دواى ئادارى 1975 گه‌لاڵه بووه، به‌ڵام له 8/ 8ى ساڵى 1976 به فه‌رمى راگه‌یانراوه.
ده‌سته‌ى دامه‌زراندنى ئه‌و حزبه‌ش بریتى بوون له ساڵح یوسفى، عه‌لى عه‌سكه‌رى، دكتۆر خالید سه‌عید، مولازم تایه‌ر، عومه‌ر ده‌بابه، سه‌عدى گچگه، ره‌سووڵ مامه‌ند، عه‌لى هه‌ژار، كاردۆ گه‌لاڵى و مه‌لا ناسیح.
له كتێبى ره‌وته سیاسییه‌كانى كوردستان هاتووه، وا بڕیار بوو له 1/1/1976 دامه‌زراندنى بزووتنه‌وه‌ى سۆسیالیست رابگه‌یه‌نێ، به‌ڵام به‌هۆى چاپكردنى به‌یاننامه‌كه‌وه راگه‌یاندنى بزووتنه‌وه‌كه دوا خرا. ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌ر داوایان له كه‌ریم حیسامى نووسه‌ر و رۆشنبیرى كورد كردووه، به‌ره‌و به‌یرووت بچێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌یاننامه‌ى یه‌كه‌مى حزب چاپ بكات، ئه‌ویش ئه‌م كاره ده‌كات و له 8/8/1976 له به‌یرووت و دیمه‌شق و به‌غدا بڵاو ده‌بێته‌وه.
كۆنفراسى بزووتنه‌وه‌ى سۆسیالیست دواى تێكچوونى پێوه‌ندییه‌كه‌ى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى له 22/3/1979 ئه‌نجام درا، یه‌كه‌م كۆنگره‌شى له مانگى پێنجى 1981 بوو، له گوندى دۆڵه‌توو. دواتر ئه‌م حزبه له خه‌باتى خۆى به‌رده‌وام ده‌بێت و دواى راپه‌رینیش یه‌كێك له‌و حزبانه بوو كه ده‌یویست كێبه‌ركێ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنى رابه‌رى هه‌رێم بكات، ئه‌مه‌ش له یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردنى هه‌رێمى كوردستان بوو. به‌ڵام هه‌ڵبژاردنى رابه‌ر ئه‌نجام نه‌درا، كاندیدى سۆسیالیست ئه‌وكات دكتۆر مه‌حموود عوسمان بوو.
ئه‌وه‌ى تێبینى ده‌كرێت ئه‌و حزبه له ته‌مه‌نى خۆیدا له هه‌موو قۆناغه‌كانى مێژووى كوردستانى باشوور به‌شدار بووه، دواجاریش رابه‌ره‌كه‌ى كه حه‌مه‌ى حاجى مه‌حمووده له شه‌ڕى دژ به داعش به‌شداربوو، ته‌نانه‌ت كوڕه‌كه‌شى له‌و جه‌نگه‌دا كرده قوربانى و شه‌هید بوو.