دوای سزاكانی سەر ئێران عێراق دەبێتە گۆڕەپانی ململانێی هەواڵگری؟

:: PM:08:44:08/08/2018 ‌

رۆژنامەیەكی لەندەنی ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە حكوومەتی عێراق داوای لە واشنتن كردبوو كە لەكاتی سەپاندنی سزا نوێیەكانی ئەمەریكا بەسەر ئێران، كە كەوتووەتە جێبەجێكردن، عێراق لە جێبەدجێكردنیان بەدەر بكرێت و ئاماژەیش دەكات كە رەنگە عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێی هەواڵگری لە نێوان ئێران و نەیارەكانی.

رۆژنامەی "عەرەب"ی لەندەنی لە دیپلۆماتكارێكی عێراقی گواستووەتەوە كە ماوەی چەند رۆژێكە حكوومەتی عێراق هەوڵ دەدات بڕیارێكی بەدەركردن لە واشنتن وەربگرێت لە جێبەجێكردنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و عێراق پێی وایە كە پێویستە ئەمەریكا رەچاوی دۆخی هەستیاری بكات كە كەوتووەتە ژێر پاڵەپەستۆی خۆپێشاندانی جەماوەری كە گەیشتووەتە ئاستی داوای رووخاندنی رژێمی سیاسی لە عێراق.

زیاتر گوتی، بەڵام داواكەی عێراق گوێی بۆ نەگیراوە و واشنتن بۆ هاوپەیمانەكانی لە عێراق و لەپێشەوەیان حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی روون كردووەتەوە بە گرنگی بەشداری هەمووان لە جێبەجێكردنی سزاكان و بەشێوەیەكی توند بۆ مسۆگەریی كاریگەری بە پەلەیان. بەڵام بەغدا دووبارە داوای لە واشنتن كردووە كە یارمەتی بدات بۆ بەدەستهێنانی كارەبا و سووتەمەنی لە ئێران بە شێوەیەكی كاتی، بەڵام بۆ ئەوەیش تا ئێستە وەڵام نەدراوەتەوە. 

سەرچاوەكە ئاشكرای كرد كە وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی نا فەرمی لە هاوتا ئەمەریكاییەكەی پێ گەیشتووە بەوەی ئەمەریكا بەنیازە هەمان سزاكانی بەسەر ئێرانیان دەسەپێنێت، بەسەر ئەو وڵاتانەیشی بسەپێنێت كە یارمەتی ئێران دەدەن، لەوانەیش عێراق.

رۆژنامەكە لە چەند سیاسەتوانێكی عێراق دەگوازێتەوە كە پێویستی عێراق بە كارەبا و سووتەمەنی بە پێویستی ئێران بە دۆلاری ئەمەریكایی بەراورد ناكرێت، هەروەها پێشتر عێراق وەك باخچەیەكی پشتەوە و پاشكۆی ئێران بووە بۆ دەستكەوتنی پێویستییەكانی لە دراوی بیانی بەكاری هێناوە لەوانەیش دۆلاری ئەمەریكایی، بەڵام رەنگە ئێستە ببێتە تاكە دەربازی بۆ دەستكەوتنی دۆلار. 

راپۆرتەكە روونی دەكاتەوە كە لە دوای جێبەجێبوونی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران، هیچ لە بانكەكانی عێراق توانای رەوانەكردنی دۆلاریان بۆ ئێران یان وەرگرتنی تمەن نییە، ئەوەیش مانای ئەوەیە قاچاغ تاكە رێگەیە بۆ گەیاندنی دراوی بیانی بۆ ئێران.

رۆژنامەكە لە كۆتادا و لە چاودێران دەگوازێتەوە و دەڵێت، رەنگە بەو هۆیەوە عێراق ببێتە گۆڕەپانێك بۆ ململانێی هەواڵگری لە نێوان ئێران و نەیارانی، ململانێیەك لەبارەی بە قاچاغبردنی دراو و مادە قەدەغەكراوەكان بۆ ئێران، وەك زێڕ و ئەلەمنیۆم و ئاسن و رەژوو و كەلوپەلی تەكنۆلۆجی كە گەڕی یەكەمی سزاكان دەیانگرێتەوە.

لای خۆیەوە ئەسیل نوجێفی سەركردە لە هاوپەیمانی بڕیار (سوننە) وریایی لە دروستبوونی ئاڵۆزی و پشێوی سیاسی و ئابووری لە عێراق دا بەهۆی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و دووپاتی كردەوە كە پێویستە عێراق لایەنێكی هاوسەنگ و بێلایەن بێت و بەلای هیچ لە دوو تەوەرەكە لار نەبێتەوە. 

نوجێفی زیاتر گوتی، بەو هۆیەی ئێران لەناو عێراق دەستڕۆیشتووە، بۆیە دابڕینی تەواو لەگەڵ ئێران كێشەی گەورە دروست دەكات و بەرژەوەندیی عێراقیش لە بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا و ئێران گرنگترە.

روونی كردەوە، هەر خراپ بەڕێوەبردنێكی سیاسی لەلایەن عێراقەوە، پشێوی گەورە لە وڵات دروست دەكات نەوەك تەنیا لەسەر ئاستی ئابوورییەوە، بەڵكو لەسەر هەموو ئاستەكان و ئەوەیش لێی دەترسین و وریایی لەبارەوە دەدەین، بەتایبەتی هەریەك لە ئەمەریكا و ئێران لایەنگر و دەسترۆیشتوویان لە عێراق هەیە و ئەوان بەناوی عێراقییەكانەوە جموجۆڵ دەكەن.  

روونی كردەوە، پێویستە عێراق بەو شێوەیە رەفتار بكات كە بەرژەوەندییەكانی بپارێزێت و راستەوخۆ بەپیر داواكانی ئەمەریكا بێ وەرگرتنی مسۆگەری و گرێنتی نەچێت، بە هەمان شێوەیش لەگەڵ ئێران، بۆیە ئەو بابەتە زۆر سەختە. نوجێفی روونی كردەوە، رۆیشتن بەدوای هەریەك لەو دوو لایەنە زیان بە عێراق دەگەیەنێت، بۆیە پێویستە عێراق هاوسەنگی رابگرێت، بۆ ئەوەی رێگە لە هەر پشێویەك بگرێت.

بەشێك لە چاوەدێران وا سەیری خۆپێشاندانەكانی دوایی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەكەن كە دەستی ئێرانی لەپشتە و دەیەوێت پەیام بگەیەنێتە ئەمەریكا و عێراقییەكان لە ئەگەری توندكردنی سزاكان بۆ سەری و بەشداریكردنی عێراق تیایاندا، بە تایبەتی كاتێك جیا لەو پێوەندییە تایفیەی هەردوو حكوومەتی عێراق و ئێران بەیەكەوە دەبەستێتەوە و زۆرینەی پارت و گرووپەكانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێرانن و ئەو پاڵپشتیان دەكات، عێراق بۆ دەستكەوتنی كارەبا و سووتەمەنی و ئاو پشت بە ئێران دەبەستێت. بەو مانایەی ئێران چەندان كارتی پاڵەپەستۆی لەدژی عێراق بەدەستە كە دەتوانێت لە هەر ساتێك بیانجوڵێنێت و دۆخی لەرزۆكی زیاتر بشێوێنێت ئەگەر بۆ شكاندنی سزاكان یارمەتی نەدات.  






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل