هەولێر یەكەم سەركەوتنی لە خولی پلە یەكی عێراق بەدەستهێنا

:: AM:08:59:09/08/2018 ‌

یانەی ھەولێر توانی لە یەکەم یاری خۆیدا لە خولی پلە یەکی عێراق بۆ تۆپی پێی لە یانەی سەلێخ بباتەوە.

لە یارییەكەدا كە ئێوارەی دوێنێ چوارشەم لەنێو یاریگەی فڕەنسۆ هەریری بەڕێوەچوو، یاریزانانی ھەولێر لە سەرتاوە ھەوڵێ بەدەستھێنانی سێ خاڵی یارییەکەیان دەدا، بەڵام پەلەکردن ھۆکار بوو لە تۆمارنەکردنی گۆڵ و بەمەش گێمی یەکەم بە یەکسانبوونی ھەردوو یانە بەبێ گۆڵ تەواو بوو.

لە گێمی دووەمیشدا یاریزانانی یانەی هەولێر لە هەوڵەكانیان بۆ تۆماركردنی گۆڵ بەردەوام بوون تا لە خولەکی 64 یاریزان (شوان مامۆ) توانی گۆڵی یەکەم و سەرکەوتن بۆ یانەی ھەولێر تۆمار بکات دوای سوود وەرگرتن لە ھەڵەیەكی گۆلپارێزی یانەی سەلێخ.

دواتر سەباح عەبد ناوبژیوان فیکەی تەواوبوونی یارییەکەی لێدا بەسەرکەوتنی یانەی ھەولێر بە ئەنجامی گۆلێکی خاوێن و بەدەستهێنانی یەكەم 3 خاڵ لە خولی پلە یەكی عێراق.

لە دوای یارییەکە لە کۆنگریەکی رۆژنامەوانیدا د. تەھا قادر راھێنەری یانەی ھەولێر رایگەیاند: یانەی ھەولێر ماوەیەکی زۆرە لە یاریکردنی فەرمی دابراوە و جگە لەوەش لە ھەموو پاڵەوانیەتییەک یەکەم یاری قورسە، بەڵام لە گێمی دووەم باشتر یاریمان کرد و بە دڵنیاییشەوە لە یارییەکانی داھاتوو باشتریش دەبین.

لە درێژەی قسەکانیدا تەھا رایگەیاند: وەک یانەی هەولێر ماوەی 19 ساڵە لە یاریکردنی خولی پلە یەکی عێراق دوورین، ئەمەش کاریگەری لەسەر یاریزانان لە یارییەکەدا ھەبوو، بێگومان دوای ئەنجامدانی چەند گۆرانکارییەک ئاستی یانەکەمان باشتر بوو و یارییەکانی ئەم پاڵەوانیەتییەش پێویستی بەژمارەیەکی زۆری یاریزانان ھەیە.

دواتر کۆسرەت بایز یاریزانی یانەی ھەولێر رایگەیاند: راستە ئاستمان وەکو پێویست نەبوو، بەڵام لە یەکەم یاری ئەنجام گرنگە و لەمەشدا توانیمان سەرکەوتوو بین.

"لە رووی جەستەییەوە بەرادەیەکی زۆر لە ئاستی خۆمان رازین و لایەنی تەکنیکیش راھێنەر بریار لەسەر دەدات" كۆسرەت وای گوت.

لای خۆشییەوە رشید سوڵتان راھێنەری یانەی سەلێخ رایگەیاند: لە رووی ھونەرییەوە لە ئاستی یاریزانەكانم رازیم و رکابەرێکی بەھێزی یانەی ھەولێر بوون و ئێمە بەلایەنی کەم لە یارییەکەدا شایستەی خالێک بووین.

یاریزانی یانەی سەلێخ عەلی موحسنیش گوتی: یارییەکی بەھێزمان پێشکەش کرد، دەکرا خالێک بەدەست بھێنین، بەڵام کەم ئەزموونی یاریزانان و لەدەستدانی ھەلی ئاسان ھۆکاری دۆرانی یانەکەمان بوو.

ئەنجامی یارییەکانی تری دوێنێی خولی پلە یكی عێراق بەمشێوەی خوارەوە بوو:-

دیفاع مەدەنی 1-0 قاسم

میسان 0-0 مووسڵ

جێی باسە یارییەكانی خولی پلە یەكی عێراق بە بەشداری 12 یانە بەشێوەی خول و بەیەك قۆناغ بەڕێوە دەچێت و یەكەمی هەر كۆمەڵەیەكیش راستەوخۆ لە وەرزی داهاتوودا لە خولی نایابی عێراق یاری دەكات.

كۆمەڵەكانی خولی پلە یەكی عێراقیش بەمشێوەی خوارەوە دابەشبوون:-

کۆمەڵەی یەکەم: ھەولێر، سلێخ، میسان، مووسڵ، قاسم، دفاع المدنی.

کۆمەڵەی دووەم: کەرخ، سەناعە، برایتی، ناسریە، عەفک، رومادی.





وشە - ئامانج ئه‌كره‌م