یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بڕیاریداوە سبەی هەینی چارەنووسی ئەستێرە كڕواتییەكەی لوكا مۆدریچ كە لەلایەن یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵییەوە داواكراوە، یەكلایی بكاتەوە.
بڕیاربوو ئەمڕۆ پێنجشەم فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید و مۆدریچ سەبارەت بە پرسی جێهێشتنی یانەكە و رۆیشتن بۆ یانەی ئینتەر میلان كۆببنەوە، بەڵام كۆبوونەوەكە بۆ سبەی هەینی دواخرا.
ماڵپەڕی (سكای سپۆڕت)ی ئیتاڵی ئاشكرای كرد: دواخستنی كۆبوونەوەكە بەهۆی دەرەنگ گەڕانەوەی پێرێز بووە لەگەڵ شاندی یانەی ریال مەدرید لە وڵاتی ئەمەریكا لە چوارچێوەی بەشداریكردنیان لە پاڵەوانیەتیی جامی پاڵەوانانی ناودەوڵەتی.
سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە سبەی هەینی پێرێز و مۆدریچ دوو قۆڵی و راستەوخۆ دادەنیشن و پرسی رۆیشتن و مانەوە یەكلایی دەكەنەوە.