150 سه‌عات له‌گه‌ڵ ژنانی ئێزیدی
فریاد محه‌مه‌د/ ئه‌ڵمانیا
ساڵ 2016 بوو، كاته‌كه نزیك بوو له‌وه‌ی دوو ساڵ به‌سه‌ر كۆمه‌ڵكوژی كوردی ئێزیدی له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌كدارانی ده‌وڵه‌تی تیرۆریستی داعش كه له سێی ئابی ساڵی 2014 ئه‌نجام درا، تێبپه‌ڕێ. به وردبوونه‌وه‌م له گه‌وره‌یی تاوانه‌كه و غیابی میدیای كوردی له ئاست به دیكۆمنێتكردن و خستنه‌ڕووی هه‌موو دیوه شاراوه‌كانی ئه‌و جینۆسایده‌ی به‌سه‌ر كوردی ئێزیدی هاتووه، به هه‌ند وه‌رگرت. ئاخر میدیای كوردی ئه‌وه‌نده بێ ئاگایه، جگه له ئاماده‌كردنی هه‌واڵی به په‌له، نازانێت كار له‌سه‌ر پشتی په‌رده‌ی ئه‌و تاوانه گه‌وره‌یه بكات كه زیاتر له 400 هه‌زار كه‌س به‌هۆیه‌وه ئاواره بوون، شه‌ش هه‌زار هاونیشتمانی ئێزیدی كه‌وتنه بنده‌ستی چه‌په‌ڵی داعش كه پتر له نیوه‌ی ژن و منداڵ بوون. لایه‌كی نیشتمانمان خاپوور كرا، ته‌نیا له‌به‌رئه‌وه‌ی ئێزیدی پێكهاته‌یه‌كی ره‌سه‌نی كوردن.
ئه‌و غیابه‌ی میدیای كورد له‌و تاوانه‌ی داعش به‌سه‌ر كوردی ئێزیدی و ناوچه‌ی شنگال و شنگالییهكانیدا هێنا بیرۆكه‌ی به دیكۆمێنتكردنی تاوانه‌كه‌ی لا گه‌ڵاڵه كردم، به‌ڵام جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌یه‌كی وه‌ها گرنگ و نه‌ته‌وه‌یی و به دیكۆمێنتكردنی تاوانێكی گه‌وره كه له دواییدا نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانیش وه‌ك جینۆساید ناساندی، بێگومان پێویستی به‌وه‌بوو له لایه‌نی لۆجیستییه‌وه پشتیوانی بكرێم. شه‌ره‌فی ئه‌وه‌م پی َبڕا داوا له راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م ئه‌و پشتیوانییه‌م بكات تا پڕۆژه‌كه به ئاكام بگات، خۆشبه‌ختانه له ماوه‌یه‌كی كورتدا به‌ده‌م داواكه‌مه‌وه هات و له‌پێناو سه‌رخستنی كۆی پڕۆژه‌كه بڕیاری دا هه‌موو پشتیوانییه‌كی لۆجستی بكرێم.
ئه‌وه‌بوو له نیسانی ساڵی 2016 ده‌ستبه‌كار بووم، سه‌ره‌تا بۆ دیداری ژنانی رزگاربوو له‌ژێر ده‌ستی داعش بۆ ماوه‌ی 15 رۆژ سه‌ردانی پارێزگه‌ی دهۆك و شاری زاخۆم كرد، له‌و 15 رۆژه‌دا دیدارم له‌گه‌ڵ 50 ژن و كچی رزگاربووی ئێزیدی ساز كرد. كۆی گشتی 150 سه‌عات دیدارم له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدان. هه‌ندێكیان ته‌نیا چه‌ند رۆژێك بوو له بنده‌ستی تیرۆریستان رزگار كرابوون، بۆیه ده‌بوو سه‌ره‌تا كه‌شێكی تایبه‌ت بۆ هه‌ر یه‌كێكیان بڕهخسێم تێیدا بتوانن به ئازادیی و بێ ترس، دوور له دڵه‌ڕاوكێ و كه‌شه تۆقێنه‌ره‌كانی ژیانی ژێرده‌سته‌یی داعش، راستییه‌كانی چیرۆكی تاڵ و ژیانی كوله‌مه‌رگی ئه‌و ماوه‌یه‌ی ژێر ده‌ستی داعش بگێڕێته‌وه.
گێڕانه‌وه‌ی رووداوگه‌لێك، قێزهنترین تاوان، دهسترێژیكردنه سه‌ر ژن و كچی تازه‌پێگه‌یشتوو و منداڵ، بردنی منداڵی شیره‌خۆر له‌به‌ر مه‌مكی دایك، پێم وایه نه‌ك بۆ ئه‌وانه‌ی به چاوی خۆیان تاوانه‌كه‌یان بینیوه، به‌ڵكو بۆ ئێمه‌مانانیش كه ته‌نیا له دووره‌وه گوێبیستی بووین، هێنده ئاسان نه‌بوو ته‌حه‌مولكردنی. بۆیه لێره‌دا به كورتی باسی ئه‌و هۆكار و ساتانه‌ش ده‌كه‌م كه داعش جینۆسایدی به‌رانبه‌ر به كوردی ئێزیدی ئه‌نجام داوه، نموونه‌ی چه‌ند تاوانێك له‌سه‌ر زاری رزگاربووان ده‌گێڕمه‌وه كه هیچ مرۆڤێك باوه‌ڕ ناكات به‌هۆی جیاوازی ئاین و نه‌ته‌وه به‌رانبه‌ر به میله‌تێك ئه‌نجام بدرێت. وه‌ك كه‌مێكیش باسی دۆخی ده‌روونی دوای رزگاربوونی ئێزیدییه‌كان ده‌كه‌م.
به گوته‌ی ژنانی رزگار بوو، چه‌كدارانی داعش له یه‌كه‌م ساتی گرتنیانه‌وه، به ئێزیدییه‌كانیان گوتووه ئێوه ده‌بێ هه‌مووتان بكوژرێن له‌به‌رئه‌وه‌ی مسوڵمان نین، ئێوه عه‌ره‌بیش نین و كوردن، بۆیه له‌به‌ر خۆشه‌ویستییان بۆ ژیان و ترس له كوشتن، به‌شێك له ئێزیدییه‌كان مسوڵمانبوونی خۆیان راده‌گه‌یاند. گۆڕینی ئاین له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن، پێچه‌وانه‌ی هه‌موو به‌هاكانی مرۆڤایه‌تییه.
هۆی دووه‌میش كوردبوونیان بوو، چه‌كدارانی داعش به‌رده‌وام هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن‌یان له هه‌ر ئێزیدییه‌ك كردووه چونكه كورد بوون، ژنانی ئێزیدی دهگێڕِنهوه كه چه‌كدارانی داعش ده‌ڵێن كورد نابێت هه‌بن، له‌به‌ر ئه‌و كوردبوونهیش بووه كه هه‌ر له سه‌ره‌تای گرتنیانه‌وه پیاوه‌كانیان كوشتووه. به‌گوته‌ی ژنه ئێزیدییه‌كان، داعش پێی وابوو به كوشتنی پیاوه‌كانیان ئیتر كورد له ناو ده‌چێت و نه‌وه ناخه‌نه‌وه.
ئه‌سته‌مه مرۆڤ وا به ئاسانی بتوانێت گوێ له تاوانگه‌لێك بگرێت كه چۆن تیرۆرستانی داعش له یه‌كه‌م ساتی گرتندا، به سه‌دان پیاو به به‌رچاوی ژن و منداڵه‌كانیانه‌وه به ده‌ستڕێژی فیشه‌ك شه‌هید ده‌كات، هه‌ر به به‌رچاوی ئه‌وانیشه‌وه ژێرخۆڵیان بخات، تێ ناگه‌م له كوێی مرۆڤایه‌تی هه‌بووه به زۆر ئاین به مرۆڤ بگۆڕن، ئه‌مه خۆی له خۆیدا تاوانه، بیهێنه پێش چاوت گریانی ئه‌و ژنه ئێزیدییانه كێ به‌رگه‌ی ده‌گرێ، ئه‌و چ ساتێكی نه‌فره‌تییه كه منداڵێكی شیره‌خۆره‌ی شه‌ش مانگ له‌ناو باوه‌شی دایكی به زۆر ببه‌یت و به به‌رچاوی ده‌یان ژن و منداڵی تره‌وه سه‌ری ببڕی و بیخه‌یته ناو مه‌نجه‌ڵێك و بیكوڵێنی و دهردخواردی منداڵه‌كانی تری بده‌یت، ئاخر له‌وه تاوانی گه‌وره‌تر چی هه‌یه؟ كچی 10 ساڵان له باوه‌شی دایكی ده‌ربێنی و به زۆر به شووی بده‌ی، منداڵێكی كچی 10 ساڵان هێشتا نازانێت كچێنی چییه، چ جای بزانێ ژن و ژن‌بوون. ئه‌و منداڵه له ژوورێكدا به هه‌موو هێزیی هاوار ده‌كات "دایكا دایكا" دایكه‌كه‌ش سه‌ر بۆ ئاسمان به‌رز ده‌كاته‌وه و پڕ به قوڕگی هاواری "دنیا"ی كچی ده‌كات، دنیایه‌ك هێشتا نازانێ له دنیای دوور له باوه‌شی گه‌رمی دایكی، چ باسه.
راسته وه‌ك كورد به سه‌دان جار گوێبیستی ده‌یان تاوان و چیرۆكی تراجیدی بووینه، به‌ڵام باوه‌ڕ ناكه‌م هیچ كام له ئێمه گوێبیستی ئه‌وه بووبێت، ژنێك مێرد و دوو برا و سێ شووبرا و شه‌ش ئامۆزای به به‌رچاویه‌وه گوله‌باران بكرێن، من هه‌ر بیر ده‌كه‌مه‌وه چۆن ئاسمان شه‌ق نه‌بووه له تاو ناڵه‌ی ئه‌و ژنه، ئای كوردبوون چه‌ند سه‌ختی.
ئه‌و ژنه جیا له له‌ده‌ستدانی پیاوه‌كانی ماڵباته‌كه‌ی، دوو خوشك و چوار منداڵی خۆی و 16 منداڵی برا و خوشكه‌كانی داعش بردوونی و تا ئێسته‌ش چاره‌نووسیان نادیاره. ئه‌و ژنه دوای چوار ساڵ هێشتا له چاوه‌ڕوانی هێنانه‌وه‌ی ته‌رمی پیاو و گه‌ڕانه‌وه خوشك و منداڵه‌كانیدا رۆژ به‌وه‌ی دوای خۆی ده‌سپێرێ، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر یه‌ك به یه‌ك پێیان شاد ببێته‌وه و له باوه‌شیان بگرێته‌وه و بۆنی هاوسه‌ر و برا و شووبرا شه‌هیده‌كانی بكاته‌وه، ژنێك بۆ ئه‌به‌د له چاوه‌ڕوانیدا چاوی له گه‌ڕانه‌وه ئازیزانێتی. ئه‌مه‌یه مرۆڤی كوردی هێشتووه‌ته‌وه، كه له‌وپه‌ڕی ته‌نگانه‌دا هیوا بۆ خۆی دروست ده‌كات. تۆ وه‌ره ئه‌و نه‌هامه‌تییه قووڵه ببینیت و چاوت له گه‌ڕانه‌وه بێت هێشتا، ئه‌م مرۆڤانه شایانی پێبه‌خشینی خه‌ڵاتی نۆبڵن.
چ ئاینێك، چ عوروفێك، كام داونه‌ریت، كام یاسای سه‌ر زه‌وین، رێی داوه ژنێك له ماوه‌ی ته‌نیا شه‌ش مانگدا حه‌وت جار به به‌رچاوی هه‌موو خه‌ڵك و دوور له هه‌موو به‌هایه‌كی مرۆیی مامه‌ڵه‌ی كڕین و فرۆشتنی پێ بكرێت، به‌ڵام پرسیاره‌كه روو له‌و پیاوه عه‌ره‌بانه ده‌كات كه ئه‌وه‌نده كه‌سایه‌تییان لاوازه، كڕیاری ئه‌و ژنه جهرگسووتاوانهن، پیاوی عه‌ره‌ب له‌ژێر ناوی ئایندا، له‌ژێر هه‌ستی شۆڤێنیدا ئه‌وپه‌ڕی لاوازیی و نزمیی عه‌ره‌بیان نیشانی دنیا دا.
هێشتنه‌وه‌ی كچێكی 30 ساڵانی ئێزیدی بۆ ماوه‌ی ساڵێك كه له ته‌مه‌نی چوار ساڵانه‌وه خاوه‌ن پێداویستی تایبه‌ته و له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه ژیان به ئازاره‌وه ده‌گوزه‌رێنێ، چ مانایه‌ك ده‌دات جگه له جه‌هل و پیسیی ئه‌م مێشكه دڕندانه‌یه، تا وا له دایكی ده‌كه‌ن پێ به‌سه‌ر هه‌موو ئازاره‌كانیدا بنێت و بچێته لای چه‌كدارانی داعش و بڵێ منیش بگرن و ئه‌گه‌ر ئه‌وتان كوشت منیش بكوژن، چونكه كچه‌كه‌م په‌ككه‌وته‌یه. هه‌ر تاوانێك له‌و تاوانانه‌ی داعش به‌رانبه‌ر ئێزیدییه‌كان ئه‌نجامی داوه، خۆی له خۆیدا چیرۆكێكی تراجیدییه، هه‌ر یه‌كێك له‌و چیرۆكانه مه‌زڵوومیه‌تی ژنانی ئێزیدی نیشانی هه‌مووان ده‌دات، هاوكات په‌رده له‌سه‌ر رووی راسته‌قینه‌ی داعش و سه‌ران و چه‌كداره‌كانیان ڕاده‌ماڵێ، روویه‌ك كه هیچ خاوه‌ن ویژدانێك ته‌مه‌نای ئه‌و رووه نه‌ك ناكات، به‌ڵكو شه‌رمیش له خۆی ده‌كاته‌وه كه ئه‌م جۆره مرۆڤانه له‌سه‌ر رووی زه‌وی هه‌بن.
جینۆسایدی ئێزیدییان په‌یامگه‌لێك بوو، به‌شێك له‌و په‌یامه بۆ ناوخۆی كورد و سه‌ركردایه‌تیی و حكوومه‌ته‌كه‌ی بووه كه دوای چوار ساڵ هێشتا وه‌ك پێویست ئاوڕِیان له كوردی ئێزیدی نه‌داوه‌ته‌وه، نه‌توانراوه كه‌مێك له ئازاره‌كانیان كه‌م بكه‌ینه‌وه، به لایه‌نی كه‌م تا ئێسته هیچ نه‌بووایه بتوانرایه ئه‌وانه‌ی هێشتا له‌ژێر ده‌ستی داعش ماون و كه‌سوكاریان له چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه‌دان بیانگه‌ڕێننه‌وه، دوای چوار ساڵ هێشتا هیچ هه‌نگاوێكیش بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ده‌ڤه‌ره زیان لێكهوتووهكانی ئێزیدییان نه‌نراوه.
له كوردهواری قسه‌یه‌ك هه‌یه (سه‌ر و ماڵیشم چوو) ئه‌و قسه‌یه ئێسته رێك بۆ كوردی ئێزیدی دروستترینه، ئاخر ئه‌وان هه‌م سه‌ر و هه‌میش ماڵیان چوو، هه‌قه رووی پرسیارمان ئاراسته‌ی دروشم و بانگه‌شه بریقه‌داره‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ناوده‌وڵه‌تی و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان بكه‌ین و بپرسین ئێسته كێ له ئێزیدی زیاتر باجی جیاوازی ئاینی داوه، ئه‌و بێ دهنگییهتان كۆمه‌ڵێك گومانی دروست كردووه و ئێسته دوای چوار ساڵ خه‌ریكه گومانه‌كان راست ده‌ربچن.
به گوێگرتن له ته‌نیا 50 ژنی رزگاربووی ئێزیدی، ره‌نگه به‌شێك له خه‌م و خواسته‌كانیان تێ بگه‌یت، خه‌مێك كه نه پاره‌یه و نه ماڵ، به‌ڵكو ته‌نیا رزگاركردنی ئه‌وانه دۆستانهیانن كه تا ئێسته لای تیرۆریستان و ماڵه عه‌ره‌ب ماونه‌ته‌وه، ئه‌وان ڕۆژ به دیار گه‌ڕانه‌وه‌ی كه‌سوكاریانه‌وه ده‌كه‌نه‌وه، له‌گه‌ڵ ده‌نگی هه‌ر دهرگهلێدانێك خه‌یاڵیان ده‌فڕێ بۆ هاتنه‌وه‌ی مێرد، منداڵ، خوشك و برا، كه‌سوكاره‌كه‌ی.
خه‌می ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی خانووه خاپووركراوهكهی و گه‌ڕانه‌وه بۆ زێدی خۆیشی له‌ولاوه بوه‌ستێ، كه ئه‌مه‌یشیان دوای چوار ساڵ هه‌ر به نادیاری ماوه‌ته‌وه.
دوای ئه‌و ماوه دوور و درێژه به دانیشتنێكی چه‌ند خوله‌كی باش له حاڵی شپرزه‌ی ژن و منداڵانی ئێزیدی ده‌گه‌یت، ئه‌وان نزیكه‌ی چوار ساڵه رزگار كراون، وه‌لێ هێشتا پیاوانی ریشداری داعش و چه‌كه‌كانی ده‌ستیان كاریگه‌ریی به‌سه‌ر ده‌روونیانه‌وه جێ هێشتووه، ئه‌وان له بارێكی ده‌روونی ئه‌وه‌نده خراپدان حكوومه‌تی هه‌رێم له ئاستیدا هێشتا هیچ هه‌نگاوێكی نه‌ناوه، ئاخر چاره‌سه‌ری ده‌روونی بۆ ژن و منداڵانی ئێسته له هه‌موو كاتێك زیاتر پێویسته، بۆ سووككردنی خه‌مه‌كانی ئه‌وان ده‌بێ هه‌موومان به یه‌كه‌وه شان بده‌ینه به‌ر خه‌مه‌كانیان، وه‌لێ دوای چوار ساڵ به گومانم ئه‌و ئه‌ركه‌ی سه‌رشانمان جێبه‌جێ بكه‌ین.
پێویسته بگوترێ پڕۆژه‌ی به دیكۆمێنتكردنی تاوانه‌كانی داعش دژ به كوردی ئێزیدی وه‌ك ئه‌ركێكی نیشتمانی جێبه‌جێم كرد، پڕۆژه‌كه بریتی بوو له سه‌ردانی مه‌یدانی بۆ لای ژن و منداڵانی ئێزیدی كه له كۆی دیداره‌كان "40 چیرۆك"یان به شێوه‌ی رۆژانه له رۆژنامه‌ی خه‌بات بڵاو كرایه‌وه.
دواتر له هه‌ڵوێستێكی ئه‌وپه‌ڕی نیشتمانیدا ده‌زگه‌ی رۆژنامه‌وانی "وشه" له‌سه‌ر ئه‌ركی خۆی، كۆی چیرۆكه‌كانی له كتێبێكدا كه 256 لاپه‌ره بوو، چاپ كرد.
ئه‌و كتێبه كه ئێسته له كتێبخانه‌كانی هه‌رێمی كوردستان چۆنیه‌تیی گرتن، رفاندن و ژیانی مه‌رگه‌ساتی ژێرده‌ستی داعش تا رۆژی رزگاركردنیان ده‌گێڕنه‌وه، هه‌ر یه‌كێك له چیرۆكه‌كانیش فیلمێكی دیكۆمێنتاری لێ به‌رهه‌م دێت. به‌ڵام ده‌مه‌وێ بڵێم گرنگه دامه‌زراوه پێوه‌نداره‌كانی هه‌رێمی كوردستان هێنده‌ی تر له ئاست به دیكۆمێنتكردنی ئه‌و تاوانه‌ی داعش دژ به كوردی ئێزیدی، خه‌مسارد نه‌بن.