ئەڵمانیا و ئیسپانیا لەسەر پرسی پەناخوازان رێككەوتن


ئەو پەناخوازانەی لە ئیسپانیا ناوی خۆیان تۆمار كردووە ئەگەر بگەنە ئەڵمانیا و پۆلیس پێیان بزانێت، ئەوا دەبێت لە ماوەی 48 سەعاتدا بۆ ئیسپانیا بگەڕێنرێنەوە. بڕیارە لەوبارەیەوە لەگەڵ یۆنان و ئیتاڵیاش رێككەوتن بكرێت.

هەردوو حكوومەتی ئەڵمانیا و ئیسپانیا لەسەر ئەوە رێككەوتن رێگری لە جووڵەی پەناخوازان لە ئیسپانیاوە بەرەو ئەڵمانیا بكەن، ئەمە لە لایەن وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیاوە بڵاو كراوەتەوە و لە رۆژی شەمووی هەفتەی داهاتووەوە جێبەجێ دەكرێت.

بەگوێرەی "DW" بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا ئەنجێلا مێركڵ راوێژكاری ئەڵمانیا سەردانی ئیسپانیا بكات و یەكێك لە گرنگترین تەوەرەكانی گفتوگۆی مێركڵ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئیسپانیا پرسی پەناخوازان دەبێت.

هەریەك لە وڵاتانی ئیسپانیا، ئیتاڵیا و یۆنان وەك دەروازەیەك وان بۆ پەناخوازان پێش ئەوەی بگەنە ئەو وڵاتە ئەوروپییانەی ژیانێكی خۆشتریان بۆ فەراهەم دەكەن.

لەم سێ وڵاتە بە دەیان هەزار پەناخواز هەن كە هەر كامێكیان بە شێوەیەك دەیەوێت خۆی دەرباز بكات. پێشتر ئەگەر هەر پەناخوازێك لە ئیسپانیاوە گەیشتبایە ئەڵمانیا، ئەوا ئەڵمانیا بۆی نەبوو بیگەڕێنێتەوە ئیسپانیا، بەڵام بەم رێككەوتنە نوێیە ئەوا پەناخوازان بۆ ئەو وڵاتە دەگەڕێنرێنەوە كە ناوەكەیان تۆمار كراوە.

ئەگەر ئەمە لە ئیتاڵیا و یۆنانیش جێبەجێ بكرێت، ئەوا پەناخوازان لەگەڵ كێشەیەكی گەورە بەرەوڕوو دەبن.




وشە - سلێمان تاشان


AM:10:04:09/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 4647 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌