ستافی نوێی یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان هەڵبژێردران

لەمیانەی دوو ڕۆژی كۆنگرەی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، ئێوارەی دوێنێ ستافی نوێی یەكێتییەكە لەلایەن ئەندامانی كۆنگرە لە هەڵبژاردنێكی بێگەرد و شەفاف هەڵبژێردران.

دلێر محەمەد یەكێك لە ئەندامانی ستافی نوێی هەڵبژاردنی كۆنگرەی پێشمەرگەی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە چوارچێوەی كۆنگرەی پێشمەرگە و لەمیانەی هەڵبژاردنێكی پاك و شەفافدا، ستافی نوێی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان هاتە هەڵبژاردن.

زیاتر گوتی، ئەندامانی كۆنگرە ئازادانە و بەشێوەیەكی تەواو دیموكراسییانە دەنگی خۆیان بۆ كاندیدانی ستافی نوێی یەكێتییەكە دا و نۆ كەس هاتنە هەڵبژاردن، ماوەتەوە سكرتێری یەكێتییەكە دیاریی بكرێ و برەو بە خەباتی ڕێكخراوەكە بدەینەوە. 

ئاماژەی دا، یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان دەتوانێ ڕۆڵێكی باش بگێڕێت، چونكە ڕێكخراوێكی گرنگە و پێوەندی و ڕایەڵەی بەهێزی لەگەڵ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی دنیا لە بواری لاوان و گەنجان هەیە و ئەندامی فیدراسیۆنی گەنجانی جیهانە و لەگەڵ چەندان ڕێكخراوی گەنجانی وڵاتانی ئەوروپا پێوەندی تۆكمەی هەیە و ئامانجی سەرەكیش خزمەتكردنی تەواوی گەنجانی كوردستانە.

جێی باسە ئێوارەی دوێنێ ستافی نوێی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان هاتە هەڵبژاردن، هەریەك لە دلێر محەمەد، كەژان محەمەد، نورهات وەیسی، مەیسەر عوبێد، دەریا سدیق، هەژار سروور، نەوزاد سابیر، ڕێبوار ئەنوەر، ئازاد محەمەد، بە دەنگی ئەندامانی كۆنگرە توانییان زۆرینەی دەنگەكان بەدەست بهێنن و متمانەیان پێ بەخشراو و وەك ستافی نوێی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان پەسەند كران.

یەكێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1953 بە فەرمانی مەلا مستەفا بارزانی دامەزراوە و لە ڕۆژی حەوتی ئەم مانگە هەشتەمین كۆنگرەی خۆی بە بەشداری 260 ئەندام و بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی، لە ژێر ناوی "پێشمەرگە" ساز كرد.



وشە - باز ئه‌حمه‌د


AM:10:36:09/08/2018




ئه‌م بابه‌ته 329 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌