بەرشەلۆنە بۆ پۆگبا هەمان سیناریۆی كۆتینیو بەكاردێنێ

:: AM:10:53:09/08/2018 ‌

یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی بڕیاریداوە پەیڕەوی سیاسەتی هەناسەی درێژ دژی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بەركاربێنێ بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ پۆڵ پۆگبای ئەستێرەی فڕەنسی.

یانەی بەرشەلۆنە بەر لە دوو رۆژ بەفەرمی دەستەوارەیەكی پێشكەش بە یانەی مانچستەر یونایتد كردبوو بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ پۆگبا، بەڵام یانە ئینگلیزییەكە داواكەی رەت كردبووەوە.

لای خۆیەوە رۆژنامەی (تەلیگراف)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە بڕیاریانداوە هیوای گرێبەستكردن لەگەڵ پۆگبا لەدەست نەدەن و تا كۆتایی هەوڵی بۆ بدەن.

رۆژنامەكە ئاشكراشی كرد كە بەرپرسانی یانەكە نیازیان هەیە هەمان سیناریۆی یاریزانی بەڕازیلی فیلیپ كۆتینیو بەكاربێنن دوای ئەوەی نەیانتوانی لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی پارساڵ گرێبەستی لەگەڵ بكەن، لە زستاندا گرێبەستەكەیان لەگەڵ یانەی لێڤەرپوولی ئینگلیزی كرد.

بەمەش ئەگەر یانەی بەرشەلۆنە نەتوانێ لەم هاوینەدا گرێبەست لەگەڵ پۆگبا بكات، ئەوا لە زستانی داهاتوودا دووبارە هەوڵەكانیان چڕ دەكەنەوە بۆ رازیكردنی بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد.

یانە كەتەلۆنییەكە بۆی روون بووەتەوە كە پۆگبا ئارەزووی جێهێشتنی یانەی مانچستەر یونایتد و رزگاربوون لە دەستی جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی دەكات، هەروەها خۆشحاڵیشە بە پۆشینی درێسی یانەی بەرشەلۆنە، بۆیە لە گرێبەستەكردن لەگەڵیدا ئارام دەگرن.

جگە لەوەش مینۆ رایۆلای بەڕێوەبەری كارەكانی پۆگبا بۆ گرێبەستكردن هاوكاری یانەی بەرشەلۆنەیە و بەهەموو شێوەیەك هەوڵ دەدات هاوكارەكەی پەیوەندی بە خولی ئیسپانیاوە بكات.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م