وانەیەكی نوێ‌ بۆ خوێندن زیاد كرا

:: AM:11:24:09/08/2018 ‌
وانەیەكی نوێ‌ بۆ خوێندنی سەرەتایی تا پۆلی نۆیی بنەڕەتی زیاد دەكرێت و لە سەرجەم قوتابخانەكان لە ساڵی داهاتوو دەخوێنرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم نۆی ئاب، ڕێكخراوی یونسێف لەژێر ناونیشانی "بەڵگەنامەیی كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان" گفتوگۆی كۆتایی كرا لەسەر پەسەندكردن و پێداچوونەوەی ڕەشنووسی كاری بەڵگەنامەیی كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان كە وەك پرۆگرامێكی تایبەتی خوێندن لە پۆلی یەكەمی بنەڕەتییەوە بۆ پۆلی نۆیەمی بنەڕەتی بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەخوێنرێت.

پشتیوان سادق وەزیری پەروەردەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆتایی پرۆگرامەكە گوتی، وەك وەزارەتی پەروەردە ڕەنگە لە ڕووی پرۆگرامەوە بەتایبەت بۆ پرسی كارامەیی و بەها كۆمەڵایەتییەكان كەموكورتیمان هەبووبێت، بەڵام لە ڕووی كردەنییەوە وەزارەتی پەروەردە ڕۆڵێكی گەورەی بینیوە و تیایدا سەركەوتوو بووە. 

وەزیری پەروەردە ئاشكرای كرد وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا ڕاپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و پەسنی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ بڵاوكردنەوەی هزری پێكەوەژیان و كاركردن لەسەر بەها كۆمەڵایەتییەكان لە ناو گەلی كورد و كەمە نەتەوایەتییەكانی كوردستان كردووە، بۆیە ئێستە پێویستە پرۆگرامیش لەو چوارچێوەیەدا هەبێت بۆ ئەوەی سەركەوتووتر بین و كۆبوونەوەی ئەمڕۆشمان لەسەر كارنامە و ڕەشنووسێكە بۆ ئەوەی لە ساڵەكانی خوێندنی ٢٠١٩ و ٢٠٢٠ بتوانرێت لە قۆناغی یەكەمی بنەڕەتییەوە بۆ نۆی بنەڕەتی بخوێنرێت.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی دا، وەزارەتی پەروەردە پێویستە گۆڕان لە پرۆگرامەكانی خۆیدا ئەنجام بدات و ئەنجامیشی داوە، بەتایبەت ئەوەی كە بەڕێوەبەرایەتی پرۆگرامەكان لەگەڵ ئەكادیمیای كوردی هاوكارییەكی باشیان هەیە و ئێستە كار لەسەر زمان و پوختكردنەوەی زمانی پرۆگرامەكان دەكەن، خۆی هەنگاوێكی گەورە و دوور و درێژە. 




وشە - رامیار جەواد